Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت کورد یاریکەری سەرەکی بێت لە هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ مانەوە لە دەستەڵات


لە دوای پەیامەکەی ئۆجەلان، پێشبینی دەکرێت "پرۆسەی ئاشتی" لە تورکیا هاوشانی هەوڵەکانی گۆڕانکاری لە دەستوری وڵاتەکەدا بۆ هێشتنەوەی ئەردۆغان لە دەستەڵات بەڕێوە بچن.

چاودێرانی تورک دەڵێن دووبارە هێنانەوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد پرۆسەیەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو هەوڵێکی سەرۆککۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری کورد لە داڕشتنەوەی دەستور بە شێوەیەک بتوانێت لەسەر دەستەڵات بمێنێتەوە.

چاودێران دەشڵێن کورد بە وریاییەوە دەتوانێت ئەم یارییە بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی مافی زیاتر لە تورکیا و چەسپاندنی دیموکراسی لە وڵاتەکەدا.

سولەیمان ئۆزەرەن، مامۆستا لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " پرۆسەکە بۆ ئەردۆغان بریتییە لە هەنگاوێکی سیاسی خەمڵێنراو بۆ ئەوەی گەرەنتی هەموارکردنەوەی دەستوور بکرێت. پێموایە ئەگەر ئەو ئامانجەی نەیەتە دی، پرۆسەکە بەردەوام نابێت... ئەردۆغان بە کەڵک وەرگرتن لە ئۆجەلان دەیەوێت دەنگی کورد بەدەست بهێنێت."

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە پەیامێکدا داوای لە ئەندامانی حزبەکەی کرد چەکەکانیان دابنێن و پارتەکە هەڵبوەشێننەوە.

بانگەوازەکەی ئۆجەلان لەلایەن تیمێکی دەم پارتی خوێندرایەوە.
بانگەوازەکەی ئۆجەلان لەلایەن تیمێکی دەم پارتی خوێندرایەوە.

دوو ڕۆژ دوای پەیامەکە، پەکەکە پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاند بەو مەرجەی ئۆجەلان بتوانێت لە ژینگەیەکی ئازاددا بژیت و چالاکی بکات و هەلومەرجی سیاسی و دیموکراسی پێویست بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی دروستبکرێت.

گۆنول تۆڵ، توێژەری باڵا لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بنکەکەی لە واشنتنە، گومانی خۆی لە پرۆسەکە ڕاگەیاند و بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئۆجەلان دەیەوێت کۆتایی بە هەبوونی پەکەکە بهێنێت لە کاتێکدا کە دەستەڵاتی تورکیا هەرگیز هێندەی ئێستا ئۆتۆکرات نەبووە."

وتیشی، "دەتوانم سیناریۆیەک ببینم کە تێیدا دەم پارتی لەگەڵ ئەردۆغان دابنیشێت و پێی بڵێت 'دەزانین تۆ دەتەوێت دەستوور هەمواربکەیتەوە و ئێمەش دەتوانین یارمەتیت بدەین، بەڵام لە بەرامبەردا دەبێت بەڵێنمان پێبدەیت پێناسەیەکی نوێی هاووڵاتیبوون لە دەستور دابنێیت.' ئەردۆغان دەتوانێت ئەمە بکات چونکە لە ئێستادا بە ڕادەیەک دەسەڵاتی مەرکەزی کردووە کە کەس ناتوانێت پێی بڵێت نەخێر. دەتوانێت ئەو کارە بکات و ئەوەش لە ڕوانگەی کوردەوە دەکرێ گەمەیەک بێت."

ئەردۆغانی تەمەن 71 ساڵ نزیکەی 22 ساڵە حکومڕانی تورکیا دەکات. سێ خولی سەرۆکوەزیران و دوو خولی سەرۆککۆماری تەواوکردووە و ئێستا لە خولی سێیەمی سەرۆککۆماردایە.

هەرچەندە هەتا ئێستا ئەردۆغان بە ئاشکرا ویستی خۆی بۆ مانەوە لە پۆستەکەی دەرنەبڕیوە، بەڵام چەند هەنگاوێکی پارتەکەی و هاوپەیمانەکانی دەرگایان کردووەتەوە لەبەردەم ئەگەری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2028 یان هێشتنەوەی لە دەستەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

سەرەتای مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی بە ئاشکرا داوای هەموارکردنەوەی دەستوری تورکیای کرد بۆ هێشتنەوەی ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار لە خولی داهاتوودا.

لە ساڵی 2015 هەتا ئێستا سەرۆککۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرست مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی، هاوپەیمانییەکی بەهێزی سیاسییان پێکهێناوە.
لە ساڵی 2015 هەتا ئێستا سەرۆککۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرست مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی، هاوپەیمانییەکی بەهێزی سیاسییان پێکهێناوە.

باخچەلی لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانیدا ڕۆژی 5ی یازدەی 2024 ڕایگەیاند، "ئەگەر گورزێکی قورس لە دێوەزمەی هەڵاوسان بدرێت، ئەگەر تورکیا بگاتە لوتکەی سەقامگیری سیاسی و ئابووری، ئایا هەڵبژاردنێکی سروشتی و دروست نابێت بۆ سەرۆکەکەمان بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە جارێکی دیکە هەڵبژێردرێت؟"

سەرەتای ئەمساڵ وتەبێژی ئاکەپە عومەر چەلیک لە ژێر پاساوی "خواستی خەڵک" ڕایگەیاند دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان لە ئەجێندای حزبەکەیاندایە.

هەروەها ئەردۆغان ڕۆژی 7ی دووی 2025 بەڵێنی دا بە بونیادنانی "تورکیای نوێ" لە دوای هەڵبژاردنی 2028. لێدوانەکەی ئەردۆغان لەناو تورکیا وەک خواستی ئەو بۆ مانەوە لە دەستەڵات لێکدرایەوە.

لە دوایین پێشهاتی تایبەت بەم پرسە، پێنجشەممەی ڕابردوو بناڵی یڵدرم سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا داوای کردنەوەی دەرگای هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانی کرد و ڕایگەیاند، "کۆماری تورکیا دەبێت بەهێز بمێنێتەوە، ئێمە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە...سەقامگیری و متمانە و لە هەمووی گرنگتر سەرکردەیەکی بەهێز پێویستە. لەبەر ئەم هۆکارە، پێویستە ڕێگا بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بکرێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکاتەوە، دەستووری نوێش دەبێت ئەمە دەستەبەر بکات."

چاودێرانی تورکیا دەڵێن ئەردۆغان بۆ گۆڕانکاری لە دەستوری تورکیا پێویستی بە پشتگری کوردە. ئاماژەش دەکەن لەم یاریەی ئەردۆغان کورد هەلێکی لە بەردەستە، بەڵام ئەم هەلە بەبێ مەترسی نییە و دەبێت کورد بە چوارچێوەی یاسایی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە هەوڵی قۆستنەوەی بدات.

گۆنول تۆڵ لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تەنانەت ئەگەر دەم پارتی هەتا ساڵی 2028 پشتگیری پرۆسەکە بکات و ئەگەر ئەردۆغان ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، دڵنیا نیم لەوەی کە ئایا ئەمە پرۆسەی ئاشتی مسۆگەر دەکات یان نا، چونکە کاتێک تۆ مامەڵە لەگەڵ فەرمانڕەوایەکی ئۆتۆکراتدا دەکەیت لە ژینگەیەکدا کە چوارچێوەیەکی یاسایی دامەزراوەیی نییە، دەبێت ئامادە بیت کە شتەکان بە ئارەزووی فەرمانڕەواکە ڕووبدەن، وەک ئەوەی لە ساڵی 2015 بینیمان.

ساڵی 2013 پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکرد دوای ئەوەی پەکەکە بە فرمانی ئۆجەلان لە ناوچەکانی سنوری دەستەڵاتی تورکیا کشایەوە. بەڵام پرۆسەکە لە ناوڕاستی ساڵی 2015 شکستی هێنا و بەهۆیەوە هەزاران سیاسەتمەدار و چالاکوان و هاوڵاتی کورد دەستگیرکران، لە نیوانیان سەڵاحەدین دەمیرتاش.

گۆنول تۆڵ دەڵێت هۆکاری شکستی پرۆسەکە بریتی لەوەی کورد پشتگیری دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانی لە هەڵبژاردنی 2015 ڕەتکردەوە.

گۆنول تۆڵ بە دەنگی ئەمەریکای وت، "کاتێک سەڵاحەدین دەمیرتاش وتی، 'ئێمە ڕێگە نادەین ئەردۆغان ببێتەوە بە سەرۆک،' ئەردۆغان بە ئاسانی کۆتایی پێهێنا و وتی، 'من هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەم پرۆسەیە نییە. ئەو وانەیەی لەو ئەزموونە فێربووین ئەوەیە کە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی نەبێت، ئەگەر پەرلەمان بەشدار نەبێت، ئەگەر پشتگیری تەواوی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی نەبێت، ئەگەر داواکارییە دیموکراسیەکان چارەسەر نەکرێن، دەکرێت ئەم پرۆسەیە کۆتایی بێت هەروەک چۆن دەستیپێکرد."

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە مانگی یازدەی ساڵی 2016 بە بیانوی پشتگیری تیرۆر دەستگیرکرا. بەڵام توێژەر سولەیمان ئۆزەرەن دەڵێت هۆکارەکەی ئەوە بوو ئەردۆغان دەمیرتاشی بە مەترسی بۆ سەر دەستەڵاتەکەی دەبینێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە مانگی یازدەی ساڵی 2016 بە بیانوی پشتگیری تیرۆر دەستگیرکرا. بەڵام توێژەر سولەیمان ئۆزەرەن دەڵێت هۆکارەکەی ئەوە بوو ئەردۆغان دەمیرتاشی بە مەترسی بۆ سەر دەستەڵاتەکەی دەبینێت.

دەم پارتی هەتا ئێستا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە پشتگیری لە داڕشتنەوەی دەستور بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان دەرنەبڕیوە.

پەرلەمانتاری دەم پارتی گولیستان کیلیچ کۆچیگیت ڕۆژی هەینی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "مەرجەکانی پاڵپشتیمان لە چاکسازی دەستوور، وەک پێشتر وتم دەستوورێکی یەکسان و ئازاد و گشتگیر و فرەییە. ئەگەر پرۆسەی دروستکردنی دەستوور هەبێت بەشێوەیەک کە هەموو کۆمەڵگە و هەموو لایەنە سیاسییەکان لەخۆ بگرێت، ئەوا ئێمە بەشێک دەبین لە پرۆسەکە. بەڵام نابینە بەشێک لە ئەجێندای کەسی هیچ کەسێک".

ڕۆژیک دوای پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی، ئەردۆغان هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند بە ئاماژەکردن بەوەی گوایە تورکیا چووەتە قۆناغێکی نوێی "بێ تیرۆر."

ئەردۆغان وتی، "ئێمە دەرفەتمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی هەنگاوێکی مێژوویی بنێن لەسەر ڕێگای ئامانجی ڕووخاندنی دیواری تیرۆر...لە نزیکەوە لە ڕێگەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمانەوە بەدواداچوون دەکەین کە ئایا ئەو پرۆسەیەی کە دەستی پێکردووە لەلایەن هەموو توخمەکانەوە جێبەجێ کراوە یان نا. ئێمە ئەوپەڕی وریایی لە بەرامبەر هەر وروژاندنێک کە لەم پرۆسەیەدا سەرهەڵبدات نیشان دەدەین و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر."

سولەیمان ئۆزەرەن، مامۆستا لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن، پێی وایە ئەردۆغان ئەمجارە نایەوێت ڕاستەوخۆ خۆی وەک خاوەنی پرۆسەکە نیشانبدات، بەڵکو لە ڕێگەی دەوڵەت باخچەلییەوە پرۆسەکەی ڕاگەیاندووە "بۆ پاراستنی خۆی لە ئەگەری شکستی پرۆسەکە."

سولەیمان ئۆزەرەن بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی و نەخشەڕێگایەکی جددی پاڵپشتیکراو بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەبێت، واتە حکومەت و پەرلەمان دەبێت یاسای نوێ دەربکەن یان یاساکانی ئێستا هەموار بکەنەوە بۆ ئەوەی دووبارە پرۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو دەستپێبکاتەوە. ئەگینا ئەمە تەنها جۆرێکە لە هەنگاوێکی دەروونی و تاکتیکی ئەردۆغان و پارتە سیاسیەکەی."

سولەیمان ئۆزەرەن پێیوایە لە پرۆسەکەدا ئەگەری ئازادکردنی ئۆجەلان هەیە، بەڵام دەکەوێتە دوا قۆناغی سەرکەوتنی پرۆسەکە.

کاردانەوەی خەڵکی بەرامبەر بە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:48 0:00

ئاماژەیدا سەرخستنی پرۆسەکە سێ بەربەستی سەرەکی هەیە کە بریتین لە: یەکەم، شکستی دەم پارتی لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەهۆی دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە دروستبووە؛ دووەم، بەرتەسکبوونەوەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە تورکیا، لە نێوانیان بەردەوامی دەستگیرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد و لابردنی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان؛ سێیەم، هەڵوێستی حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە خۆبەڕێوەبەری کوردەکانی ڕۆژئاوا.

سولەیمان ئۆزەرەن ڕایگەیاند، "من زۆرهیوادارم، بەڵام پێموایە هەنگاوێکی دیموکراسی کە تەنها و تەنها گەلی کورد بگرێتەوە، یارمەتیدەر نابێت. پێموایە تورکیا لە هەموو ئاستێکدا پێویستی بە دیموکراسیکردنی تەواو هەیە."

دەشڵێت، "کورد بە گشتی لە دە ساڵی ڕابردوودا لە سیاسەتی تورکیادا پاشاساز بووە, نەک تەنها لە ئەستەنبوڵ لە کاتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان...هەر هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی ئەمڕۆ و لە داهاتوویەکی نزیکدا پەیوەستە بە دوو کەسەوە کە بریتین لە ئەردۆغان و ئۆجالان."

XS
SM
MD
LG