Accessibility links

ئەمەریکا : پەیامەکەی ئۆجەلان پێشهاتەیەکی گەورەیە


ئەمەریکا دەڵێت بانگەوازەکەی ڕێبەری پەکەکە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی چەکداری "پێشهاتەیەکی گەورەیە" کە دەشێت لە بەرژەوەندی هەوڵەکانی دژ بە داعشیش بێت.

برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دەڵێت ڕایگەیاند "هیوادارین یارمەتیدەر بێت بۆ ئارامکردنەوەی هاوپەیمانە تورکییەکانمان سەبارەت بە هاوبەشەکانی دژە داعشی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا".

گوتیشی " لەو بڕوایەداین ئەمە دەبێتە مایەی ئاشتی بۆ ئەو ناوچە پڕ لە کێشەیە."

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدیش، کە هاوپەیمانی ئەمەریکان لە شەڕی دژ بە داعشدا، ڕۆژی پێنجشەممە گوتی " بڕوام وایە ئاگربەستی نێوان پەکەکە و تورکیا و دەستەبەرکردنی ئاشتی، کاریگەری لەسەر ناوچەکەمان دەبێت".

ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی بڵاو کردەوە و تیایدا داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی ڕابردوودا.

ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گوتی پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان یان پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن شاندی دەم پارت بڵاو کرایەوە بە پەکەکەی ڕاگەیاند "کۆنگرەی خۆتان بکەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".

گوتیشی " ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن.

XS
SM
MD
LG