ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی بڵاو کردەوە و تیایدا داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی ڕابردوودا.
ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گوتی پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان یان پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن شاندی دەم پارت بڵاو کرایەوە بە پەکەکەی ڕاگەیاند "کۆنگرەی خۆتان بکەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".
گوتیشی " ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن.
رێزگرتن لە ناسنامە، ئازادیی دەربڕین، رێکخستنی دیموکراتی و بنیاتنانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بۆ هەر گرووپێک بەپێی بنەماکانی تایبەتی خۆی، تەنها بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و بواری سیاسی دیموکراسی جێبەجێ دەبێت."
گوتیشی "هیچ رێگەیەکی دیکە جگە لە دیموکراسی نییە بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی نوێ و جێبەجێکردنی و ناشبێت. رێگەی بنەڕەتی، رێککەوتنی دیموکراسیانەیە.
هەروەها پێویستە زمانێک پەرە پێ بدرێت کە لە ماوەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا لەگەڵ واقیع بگونجێت. "
ڕاگەیاندنەکە ئۆجەلان بەشێکە لە هەوڵێکی نوێ بۆ ئاشتی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا، کە لە مانگی دەی ڕابردوو لەلایەن دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی هاوپەیمانی ئاکەپە دەستیپێکرد. ئەو سیاسەتمەدارە ڕاستڕەوە توندڕەوە پێشنیاری کرد کە ئەگەر پەکەکە دەستبەرداری توندوتیژی بن و هەڵبوەشێنەوە، دەکرێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت.
عەبدوڵا ئۆجەلانی تەمەن 75 ساڵ، دوای ئەوەی بە تاوانی خیانەت سزا درا، لە ساڵی 1999ەوە لە دورگەی ئیمرالی لە دەرەوەی ئەستەنبوڵ زیندانی کراوە. سەرەڕای زیندانیکردنی، بەڵام بەردەوامە لە کاریگەرییەکی بەرچاو بەسەر پەکەکەدا. شرۆڤەکاران دەڵێن، چاوەڕوان دەکرێت سەرکردایەتی گروپەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان گوێ لە هەر بانگەوازێک بگرێت کە ئۆجەلان دەیکات، هەرچەندە هەندێک لایەنی ناو گروپەکە دەتوانن بەرەنگاری ببنەوە.