بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ماوەی 43 ساڵە بزووتنەوەی چەکداری لە نێو کوردی تورکیا سەریهەڵداوە، بەڵام نەیتوانیووە ئامانجەکانی خۆی بەدەست بهێنێت، وەکچۆن تورکیاش نەیتوانیووە بزووتنەوە چەکدارییەکان لەناو ببات، بۆیە باشترین چارەسەر قۆستنەوەی دەرفەتی گفتووگۆو ڕێککەوتنە لەلایەن هەردوولاوە.
فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کوردو تورکیا گەشتوونەتە ئەو بڕوایەی ناتوانن یەکتری بسڕنەوە، بۆیە ئێستا دەرفەتی هێنانە کایەی ئاشتییەک کەزۆر گەورە نییە ڕەخساوەو ڕەنگە لە داهاتوودا گەشە بکات، بە جۆرێک هەردوولا پێی ڕازی بن."
ڕۆژی 27 ی مانگی دووی 2025، پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەلایەن شاندی دەم پارتییەوە خوێندرایەوە، کە تێیدا داوای چەک دانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردبوو.
دوو ڕۆژ دوای پەیامەکە، پەکەکە پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاند بەو مەرجەی ئۆجەلان لە ژینگەیەکی ئازاددا بژی و هەلومەرجی سیاسی و دیموکراسی پێویستیش بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی بڕەخسێنرێت.
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، لەبارەی ئەگەری سەرگرتن و شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پەکەکە ئامادەیی خۆی بۆ بەستنی کۆنگرەو خۆ هەڵوەشاندنەوە نیشانداوە، مەسەلەکە دەوەستێتەوە سەر جدییەتی ئیرادەی تورکیا."
دەشڵێت،"گەر پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، دەبێت سەرکردەو کادیرەکانی دەست بە خەباتی سیاسی بکەن لە ژێر ناوی جیاوازتردا،بەڵام گەر تورکیا بیەوێت هیچیان بۆ نەکات و گرفت دروست بکات، ئەوا پرۆسەی ئاشتی سەرناگرێت."
سەرباری ئەوەی کەشی گفتووگۆو دانوستان لە نێوان کورد و تورکیا ڕەخساوە، بەڵام هێشتا متمانەی تەواو لە نێوانیان بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی دروست نەبووە، چاوەڕوان دەکرێت هەنگاوە سیاسیەکانی داهاتوو بەرچاوی هەردوولا زیاتر ڕوونبکاتەوە.
کۆمیتەی رێڤەبەری پەکەکە پابەندبوونی خۆی بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەربڕیووە، بەڵام پێشبینی ئەوەش دەکرێت بەشێک لە هێزەکانی پەکەکە ئامادەی چەک دانان و بە جێهێشتنی قەندیل نەبن لە حاڵەتی ڕێککەوتنیشدا.
فەرید ئەسەسەرد دەڵێت،"ڕەنگە گروپ هەبێت لەناو پەکەکەو چەک دانان ڕەتبکاتەوە، بەڵام وا دیارە زۆرینە لەگەڵ ڕێککەوتن بن و نائومێد بووبن لە شەڕی 43 ساڵە."
لەکاتێکدا ئۆجەلان داوای خۆ هەڵوەشاندنەوەو چەک دانانی لە هێزەکانی پەکەکە کردووە، بەڵام هێشتا چارەنوسی ئەو چەکدارانەی زیاتر لە چوار دەیەیە بە شاخەوەن بە فەرمی ڕێککەوتنی لەبارەوە نەکراوە.
چاودێران بەدووری دەزانن بەرپرسان و سەرکردەکانی پەکەکە لە ئەگەری سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی دا بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، ڕەنگە تورکیاش لەگەڵ ئەوەدا بێت بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە.
فەرید ئەسەسەرد وتی،"دەوڵەتی تورکیا دەتوانێت کێشەی چەکدارانی پەکەکە بە لێبوردنی گشتی چارەسەر بکات، وەکچۆن کاتی خۆی لە جەزائیر یاسایەک بۆ گروپە چەکدارەکان دەرکراو ناوی لێنرا یاسایی بەزەیی، پاشان گروپەکان گەڕانەوە."
نەبوونی هێزێکی نێودەوڵەتی وەکو نێوەنگیرو لایەنی سێهەم لە پرۆسەی ئاشتی نێوان کوردو تورکیا بە لایەنی لاوازی پرۆسەکە دەبینرێت، بەڵام بەدوور دەزانرێت تورکیا بەمە ڕازی بێت بەو پێیەی مەسەلەکە وەکوپرسێکی نێوخۆیی تەماشا دەکات.
مەحمود عوسمان دەڵێت،"لە حاڵەتی سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی نابێت تورکیا لێکۆڵینەوە لە ڕابردووی سەرکردەو چەکداری پەکەکە بکات، دەبێت لێبوردنی گشتیان بۆ دەربکات و بواریان پێبدات خەباتی سیاسی بکەن."
هەرچەندە ئۆجەلان پەیامەکەی ئاراستەی هێزەکانی پەکەکە کرد بۆ چەک دانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری لەسەر دۆخی کوردستانی سوریاش دەبێت.
بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی پێیوایە، گەر پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیاو پەکەکە سەربگرێت، ڕەنگە مامەڵەی تورکیا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیش گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
فەرید ئەسەسەرد دەڵێت،"گەر ئاشتی لە تورکیا بێتە ئاراوە، دەبێت مامەڵەی تورکیا لەگەڵ هەسەدە نەرم بێت، ئەوکات ئەنکەرە دەتوانێت ڕۆڵیشی هەبێت لە لەیەکترنزیککردنەوەی دیمەشق و کوردی سوریا."
لەکاتێکدا حکومەتی سوریا سەرقاڵی پێکهێنانی لیژنەو ئامادەکارییە بۆ نوسینەوەی دەستوری وڵات، بەڵام هێشتا هەماهەنگی و گفتووگۆی پێویست لە نێوان کورد و دیمەشق ئەنجام نەدراوە و هۆکاری ئەمەش بۆ ڕێگرییەکانی تورکیا دەگێڕدرێتەوە.
هەرچەندە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گومانەوە لە مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق دەڕوانن، بە تایبەت ئەو هێزانەی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست پێشتر بەشێک بوون لە هێزە توندڕەوەکان، بەڵام کورد لە سوریا ئامادەیی دەربڕیووە بۆ هەماهەنگی و گفتووگۆ لەگەڵیان.
دکتۆر مەحمود عوسمان دەڵێت،"گرفتی تورکیا ئەوەیە هێزە کوردییەکانی سوریا بە بەشێک لە پەکەکە ناودەبات و وەکو نەیار مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، لەکاتێکدا دۆخەکە بەوجۆرە نییە. تورکیا ڕێگرە لە گفتووگۆی نێوان کورد و دیمەشق، چونکە تورکیا باڵادەستە بەسەر سوریادا."
دەشڵێت،"گەر تورکیا بیەوێت لەگەڵ پەکەکە ئاشتی بکات و گرفت بۆ ڕۆژاوای کوردستان دروست نەکات، ئەوا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری باشی لەسەر پارچەکانی تری کوردستان دەبێت."
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر