وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە دەڵێت پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک بەو ئاراستەیە دەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند " ڕاپۆرتەکانم لەسەر بەیاننامەکەی ئۆجەلان بینیوە. ئەمەریکا کە پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی دەزانێت، جا هەر هەنگاوێک بۆ چەکدانان و نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە پێشوازی لێدەکرێت."
ڕۆژی پێنجشەممەش برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند هیوادارین پەیامەکە "یارمەتیدەر بێت بۆ ئارامکردنەوەی هاوپەیمانە تورکییەکانمان سەبارەت بە هاوبەشەکانی دژە داعشی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا".
ئەو پەیامەکەی بە گرنگ زانی بۆ ئاشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە سوریا کە چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشەی تورکیا بوونەتەوە و تورکیا هێزە کوردییەکانی کە هاوپەیمانی ئەمەریکان لە شەڕی دژ بە داعشدا بە بەشێک لە پەکەکە دادەنێت.
هیوز گوتیشی " لەو بڕوایەداین ئەمە دەبێتە مایەی ئاشتی بۆ ئەو ناوچە پڕ لە کێشەیە."
ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گوتی پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان یان پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن شاندی دەم پارت بڵاو کرایەوە بە پەکەکەی ڕاگەیاند "کۆنگرەی خۆتان بکەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".
گوتیشی " ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن."