Accessibility links

سەرچاوەیەک: تا هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی تورکیا دەبێت مافی هیوا بۆ ئۆجەلان پەسەند بکات


سەرچاوەیەکی نزیک لە دەستپێشخەریەکەی ئۆجەلان ڕایدەگەیەنێت، دوای کۆبوونەوەی شاندەکەی ئیمڕاڵی لەگەڵ ئۆجەلان بۆ ماوەی چوار کاتژمێر، پەیامەکەی ئۆجەلان بەشێوەی ڤیدیۆیی تۆمارکراوە، بەڵام بە هۆکاری لەبەرچاوگرتنی دۆخی ڕای گشتی لە تورکیا بڵاو نەکراوەتەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی بەوە کرد، پێدەچێت پەیامەکە بکەوێتە نەورۆز و تەنانەت ئۆجەلان پەیامی تریشی هەبێت لەو یادەدا.

سەرچاوە ئاگادارەکە کە داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆبوونەوەی شاندەکە و ئۆجەلان چوار کاتژمێری خەیاندووە، دواتر پەیامەکەی ئۆجەلان لە ڕێگەی سێ کامێراوە تۆمارکراوە، بەڵام بە هۆکاری تێکنەچوونی دۆخی تورکیا و لەبەرچاوگرتنی ڕەوشەکە بڕیاردرا لە ئێستادا تەنها پەیامەکە بخوێندرێتەوە و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ئۆجەلان کە لە ڤیدیۆکەوە وەرگیراوە."

وتیشی،" وا بڕیارە پەیامەکەی ئۆجەلان بخرێتە نەورۆز و لە فێستیڤاڵی نەورۆزدا بڵاوبکرێتەوە، هاوکات پێدەچێت پەیامی نوێشی هەبێت."

دەنگی ئەمەریکا زانیارییەکانی لە چەند سەرچاوەی ترەوە پشتڕاست کردووەتەوە.

دوێنێ 27ی مانگی دووی 2025 پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری 26 ساڵە زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەلایەن شاندی ئیمڕاڵیەوە بڵاوکرایەوە، لە پەیامەکەدا ئۆجەلان داوای کرد، پەکەکە کە چەک دابنێت و لەدوای بەستنی کۆنگرە خۆی هەڵبوەشینێتەوە، لە بەرامبەر چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەی یاسایی و سیاسی و دیموکراسی لە تورکیادا.

هەرچەندە لە سەرەتادا وا بڵاوکرایەوە پەیامەکە بەشێوەی ڤیدیۆیی دەبێت، بەرپرسانی باڵای پەکەکەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەیان بەوەدا، ئەگەر پەیامەکەی ئۆجەلان ڤیدۆیی نەبێت قبوڵی ناکەن، بەڵام پەیامەکە بە زمانی کوردی لەلایەن ئەحمەد تورک و بە زمانی تورکیش لەلایەن پەروین بوڵدانەوە خوێندرایەوە.

پەیامەکەی ئۆجەلان کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆییش بەدوای خۆیدا هێنا، ئەگەر چی لەسەر ئاستی جیهان پێشوازی لە دەستپێشخەریەکەی بۆ ئاشتی و چەک دادانی پەکەکە کرا، بەڵام بەشێکی بەرچاوی لە چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نیگەران کردووە، بەو پێیەی هێشتا دیار نییە تورکیا وەڵامی بۆ ڕێبەرەکەی پەکەکە چی دەبێت و ئایا گەرەنتی دەستەبەرکردنی مافی کورد لە تورکیا بەرجەستە دەبێت یاخود نا؟

تا ئێستاش پەکەکە هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەبارەی دەستپێشخەریەکەوە نەخستۆتە ڕوو.

بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکە ڕایگەیاند" بە پێی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئیمڕاڵیش دەبێت تا هەفتەیەکی تر پەرلەمانی تورکیا مافی هیوا بۆ ئۆجەلان پەسەند بکات، ئەگەر نەیکات دەبێتە پێشێلکاری پەیامەکە، بەڵام نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەکە."

مافی هیوا، بریتییە لە یاسایەک یان مافێک کە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەرچووە، بە پێی یاساکە هەر بەندکراوێک ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ زیندانی بکرێت، دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی ئەوەی هەیە دووبارە پێداچوونەوە بە بڕیاری سزاکەیدا بکرێت یان ئازاد بکرێت بە ئازاد بوونی مەرجدار.

لەماددەی 3دا ئاماژە بەوەکراوە، کە نابێت هیچ کەسێک سزایەک یان ئەشکەنجەیەک بدرێت، کە ببێتە هۆی لە شکۆدانی مرۆیی کەسەکە، بەو پێیەش کە ئامانج لە سزادان بریتییە لە چاکسازیی لە کەسایەتی تاوانبار یان بتوانێت بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە، بۆیە زیندانیی مافی ئەوەی هەیە کە هیوای هەبێت و دوای تەواوکردنی 20 ساڵەکە ئازاد بکرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:45 0:00

XS
SM
MD
LG