چاودێرانی سیاسی: پەیامەکەی ئۆجەلان پێویستی قۆناغەکەیە و پێویستە تورکیاش وەڵامدەرەوەی پەیامەکە بێت

شاندی ئیمراڵی لە دەمی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان

ئەگەر چی پەیامەکەی ئۆجەلان، ئاراستەی کۆمەڵگەی کردووە بە دوو بەشەوە لە نێوان "پێویستی و گوماندا"، بەڵام چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێیان وایە، دەستپێشخەریەکەی ڕێبەرەکەی پەکەکە پێویستی ئەم قۆناغەیە و پەیامێکی بەرپرسیارانەیە کە دەرئەنجامی گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکەیە، بەڵام بە مەرجێک تورکیا پابەند بێت و کێشەکانی کورد بە ئاشتی لەو وڵاتەدا چارەسەر بکات.

ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە 27ی مانگی دوو، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) کە ماوەی 26 ساڵە لە زینداندایە، لە ڕێگەی شاندی ئیمڕاڵیەوە پەیامی خۆی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەیدا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد کە کۆنگرەی خۆی ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت و خەباتی سیاسی و یاسایی خۆی دەستپێبکات، بە مەرجێک کێشەی کورد لە تورکیا بە ڕێگەی ئاشتی و پەرلەمانی چارەسەر ببێت.

لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامەکەدا، ڕای کۆمەڵگە بەگشتی دابەش بوونی پێوە دیار بوو، ئەگەر چی بەشێک لە هاووڵاتیان نیگەرانن لە پرسی چەک دانانی پەکەکە، بەڵام بە ڕای چاودێرانی سیاسی پەیامەکە بەرپرسیارانە و پێویستی ئەم قۆناغەیە بۆ ئاشتی.

عەلی کەریمی - نوسەر و لێکۆڵەر

عەلی کەریمی، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە گشتی ناوچەکە لە ژانی لە دایک بونێکی نوێدایە، بەڵام دەبێت هەموو ئەوانەی بە پەیامەکە ڕازین و ناڕازیشن بزانن کە ئاشتی بە یەک لایەنە پێکنایەت، واتا ئۆجەلان ئەرکی خۆی بەجێهێناوە، پێویستە تورکیاش هەنگاوی پێویستی هەبێت. پێویستە پەکەکەش بچێتەوە خەباتی سیاسی و دیموکراسیەوە. باوەڕ ناکەم کەسێکی عاقڵ دژی پەیامەکەی ئۆجەلان بێت، چونکە هەمیشە ئاشتی باشترە لە شەڕ."

وتیشی،" ئەوانەی نیگەرانن باوەڕ ناکەم لەسەر بنەمای لۆژیک بێت، بەڵكو لەسەر بنەمای سۆزداری و یان پۆپۆلیستی دژن، ئەوانەی لە کۆندا داوایان دەکرد پەکەکە قەندیل چۆڵ بکات و بگەڕێتەوە باکور، ئێستاش بەم قۆناغە هەر نیگەرانن، کەواتە ئەمە دوو فاقیە، پەیامی ئاشتی سەدە پێویستی قۆناغەکەیە، بە نموونەی ئۆکرەینا و غەزە کە لە هەوڵی ئاشتین."

هەرچەندە تا ئێستا پەکەکە هەڵوێستی فەرمی خۆی لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە بڵاو نەکردۆتەوە، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای ئەو پارتە ئاماژەیان بەوەدا، ئەگەر پەیامەکەی ئۆجەلان ڤیدۆیی نەبێت "قبوڵی ناکەین."

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لەمیانی بڵاوبوونەوەی پەیامەکەدا وێنەی ئۆجەلان کە پێشتر لە کاتی سەردانی شاندەکەی ئیمڕاڵیدا گیرابوو بڵاوکرایەوە، بەڵام پەیامەکە لەلایەن ئەندامانی شاندەکەوە خوێندرایەوە، لەلایەن هەریەک لە ئەحمەد تورک بە زمانی کوردی و پەروین بوڵدانەوە بە تورکی خوێندرایەوە، بەڵام تا ئێستا قبوڵکردنی پەیامەکە یاخود نا لەلایەن پەکەکەوە نادیارە.

پەیامەکە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ناو هاوڵاتیاندا دروستکردووە، وێرای پێشوازی لێی، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتیان نیگەرانن و گومان دەخەنە سەر پرۆسەکە.

حاکم شێخ لەتیف

حاکم شێخ لەتیف، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیس بووک دەڵێت،" دەبێت ئەم بانگەوازە ڕەت بکرێتەوە، جێی گومانە بانگەوازی خۆی بێت، چونکە مرۆڤی دیل ئیرادەی سەربەخۆی نییە."

لەسەر ئاستی بالای سیاسی و حکومەتدا لە هەرێم دەسپێشخەریەکەی ئۆجەلان کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و هەریەکە لە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی پەیامی خۆیان خۆیان بڵاو کردەوە و پێشوازی و پشتگیریان بۆ دەستپێشخەریەکە ڕاگەیاند.

لەتیف فاتیح فەرەج، چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەرکەسێک بڵێت ئاشبەتاڵە یاخود خۆ بەدەستەوەدانە ئەوە ڕاست نییە، چونکە هیچ هەنگاوێک بۆ ئاشتی خۆ بەدەستەوەدان نییە، چونکە پەکەکە لە کاتێکدا دامەزرا زەمینەی خەباتی سیاسی و دیموکراسی نەبوو، ئەگەر تورکیا هەنگاو بۆ کرانەوە بە ڕووی دیموکراسیدا بنێت، هیچ هۆکارێک نامێنێت بۆ ئەوەی لە چەکداری بەردەوام بێت."

وتیشی،" بە پێچەوانەوە ئەگەر تورکیا هەنگاو نەنێت، نە پەکەکە چەک دادەنێت، نە گەریلاکان لە چیاکان دێنە خوارەوە ، بۆ هاوڵاتیانی هەرێمیش پێویستە پەلە نەکەن لە نەیاری بۆ پەیامەکە و چاوەڕێی هەنگاوی پەکەکە و باکوری کوردستان بکەن بزانین چی دەکەن، ئەو کات هەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن."