Accessibility links

پوتن پیرۆزبایی لە ترامپ دەکات و دەڵێت ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئۆکرانیا و چەکی ئەتۆمی


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کرد چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی ترامپ لە واشنتن دەست بە کاربێت، وتی کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆکردندا لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی ئەمەریکادا لەسەر ئۆکرانیا و چەکی ئەتۆمی.

پوتن کە وتوویەتی ئاشتییەکی هەمیشەیی دەوێت لە ئۆکرانیادا وەک لە ئاگربەستێکی کورت، لێدوانەکەی لە ماوەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیادا بوو کە لە کەناڵی دەوڵەت پەخش دەکرا.

پوتن وتی " لێدوان دەبیستین لەلایەن سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و ئەندامانی تیمەکەیەوە سەبارەت بە ئارەزوویان بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیادا."

وتیشی " لێدوانیش دەبیستین سەبارەت بە پێویستییەکان بۆ ئەنجامدانی هەرچییەک بێت بۆ ڕێگریکردن لە جەنگی جیهانی سێیەم. ئێمە بێگومان پێشوازی لەم هەڵوێستە دەکەین و پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەمەریکا دەکەین لەسەر وەرگرتنی پۆستەکەی."

پوتن کە هەموو کاتێک ڕۆژانی هەینی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیای ئەنجام داوە نەک ڕۆژانی دووشەممە، وتی ڕووسیا کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆکردندا لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکە سەبارەت بە " پرسە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکان "، لەوانە چەکی ئەتۆمی و ئاسایش و جەنگەکەی ئۆکرانیا.

ترامپ بەڵێنیداوە بە خێرایی کۆتایی بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بهێنێت.

پوتن وتیشی " سەبارەت بە چارەسەرێکیش بۆ دۆخەکەی ناو ئۆکرانیا، حەز دەکەم جەخت لەوە بکەمەوە کە ئامانجەکە نابێت ئاگربەستێکی کورت بێت، جۆرێک نەبێت لە وەستان کە ڕێگە بە خۆڕێکخستنەوە و پڕچەککردنەوەی هێزەکان بدات، بەڵکو ئاشتییەکی هەمیشەیی بێت کە لە ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییە ڕەواکانی سەرجەم خەڵکەکە و خەڵکانی ناوچەکەوە سەرچاوەی گرتبێت."

وتیشی مۆسکۆ ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی و پرسە ئاسایشییە بەرفراوانەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG