بەجینۆساید ناساندنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی كوردستان دەبێتە داواكاری ئیدارە و قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە

دەركردنی یاسایەک بۆ بەجینۆساید ناساندنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی كوردستان و ڕێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی تاوانی جینۆساید لە عێراق، یەكێک لە داواكاریەكانی ئیدارەی هەڵەبجە و كەسوكاری قوربانیانە كە ئاڕاستەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، ڕێكخراوەكانی بواری جینوساید و مافی مرۆڤ کراوە.

پێشتر دەنگی ئەمەریكا لە ڕێگەی ڕاپۆرتێكی رۆژنامەوانیەوە لایەنە نەرێنیەكانی نەبوونی یاساكەی ڕوونكردبوویەوە و لیژنەی باڵای ساڵیادەكەش بە گرنگیەوە لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەكەیان ڕوانیبوو.

ئەمڕۆ سێشەمە 11ی مانگی 3 ی 2025 لە مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە، 37 كەسایەتی و كەسوكاری قوربانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە سەرجەم پێكهاتەكان پەیامێكیان بە هەرسێ زمانی، كوردی وعەرەبی و ئینگلیزی خوێندەوە دوایان كرد قەرەبووی زیانلێكەوتوانی هەڵەبجە بكرێتەوە و ڕێگری لە تاوانی جینۆساید لە ڕێگەی دەركردنی یاسایەكەوە بكرێت.

ئاهەنگ فەخرەدین كچی یەكێک لە قوربانیەكانی كیمیارانی هەڵەبجە پەیامەكەی خوێندەوە ڕایگەیاند، "داوادەكەین پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی كوردستان، با یەكەم كاریان پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بە جینوساید ناساندنی تاوانی كیمیبارانی هەڵەبجەبێت كە تا ئێستا هەڵەبجەی بە جینۆساید نەناساندووە.هاوكات بودجەی تایبەت بە چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیاوی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابینبكرێت و ژمارەی دانیشتوان نەكرێتە پێوەی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانی هەڵەبجە."

ئاهەنگ فەخرەدین وتیشی،" داوا لە هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان دەكەین ڕۆژی 16ی 3 ی 2025 هەموان لەگەڵمانبن تا بە تەبایی لە بەرامبەر ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی گەلەكەمان بووەتەوە یادی هەڵەبجە بكەینەوە."

ڕۆژی 4ی مانگی 3 ی 2025، ڕاپۆرتێک لە دەنگی ئەمەریكا بەناونیشانی "دوای شەش خولی هەڵبژاردن هێشتا کیمیابارانی هەڵەبجە لە پەرلەمانی کوردستان بە جینۆساید نەناسێنراوە" بڵاوكرایەوە، ئەندامانی لیژنەی باڵای 37 مین ساڵیادی كیمیبارانكردنی هەڵەبجە ڕاپۆرتەكەیان بە هەند وەرگرتووە و یەكێكە لەداواكاریەكانی خەڵكی هەڵەبجە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئاراس عابید ئەندامی لیژنەی باڵای 37 مین ساڵیادی كیمیبارانكردنی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" ئەو ڕاپۆرتانەی لە دەنگی ئەمەریكا ئەنجام دەدرێن، دەنگدانەوەی تایبەتی دەبێت، لەناو كەناڵەكان بەگشتی و خەڵكی كوردستان، بۆیە ئەو ڕاپۆرتە بە خاڵێكی گرنگ لەلایەن لیژنەی باڵاوە باسكراوە و جەختیشی لێدەكەینەوە كە دەبێت كاری یەكەمی پەرلەمان بە جینۆساید ناساندنی هەڵەبجەبێت لە پەرلەمانی كوردستان."

دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە 1ی مانگی 3 ی ساڵی 2010 كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، لەسەر ئاستی پەرلەمانی چەند وڵاتێكی دیكەش وەک نەمسا بە جینوساید ناسێنراوە.

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت "لە ناوەڕۆكی چەند یاسایەكی پەرلەمانی كوردستان باس لە هەڵەبجە كراوە، بەڵام هیچ یاسایەكی تایبەت بەجینۆسایدی هەڵەبجە دەرنەچووە."

كاوە عەلی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" پرۆژە یاسایەک بۆ بەجینۆساید ناساندنی هەڵەبجە و قەرەبووكردنەوەی خەڵكەكەی ئامادەكراوە، هەموو هەوڵەكانی فراكسیۆنەكان لەم خولەی پەرلەمان، پاڵپشتی دەبێت بۆ دەرچوونی یاسایەكی تایبەت بە جینۆسایدی هەڵەبجە و دیاریكردنی قەرەبووی قوربانیان."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان وتیشی، " نەبوونی پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بە جینۆسایدی هەڵەبجە كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر كەیسەكانی هەڵەبجە لە دۆسیەی منداڵە وونبووەكان و قەرەبوكردنەوەی خەڵكی هەڵەبجە. لە ڕوانگە نێودەوڵەتیەكەشەوە، ئەگەر پڕۆژە یاسایەكی لەم جۆرە هەبێت پشتیوانی دەبێت لە كەیسەكە."

لە کۆتایی ڕۆژەکانی جەنگ عێڕاق - ئێران، لە ڕۆژی16 ی مانگی 3 ی 1988 ،بەفەرمانی سەدام حسێن سەرۆکی ئەوکاتی عیراق و بەسەرپەرشتی عەلی حەسەن مەجید كە ناسراوە بە عەلی كیمیاوی هەڵەبجە بە چەكی كیمیاوی بۆردومانكراو بە گوێرەی ئامارەكان 5 هەزار هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و نزیكەی 10 هەزار هاوڵاتیش برینداربوون.

Your browser doesn’t support HTML5

فەرحان هەرورامانی