عاسم جیهاد: هەرێم دانوستانی لەگەڵ عێراق بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بەجێهێشتووە لە کاتێکدا عێراق زانیاری لەسەر گرێبەستەکانیان نییە

بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گرفت لەبەردەم دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەهۆی بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاری لەلایەن ئەو کۆمپانیا بیانییانەی سەرکارن لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم.

عاسم جیهاد، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمپانیا بیانییەکان گەرەنتی زیاتریان دەوێت بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویان، دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕۆڵی هەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نەک مەسەلەکان هەمووی بۆ کۆمپانیاکان جێبهێڵێت."

دەشڵێت،"وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مەسەلەکانی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بە جێهێشتووە تا لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێکبکەون، لەکاتێکدایە دەبووایە پێشتر خۆی گرفتەکانی چارەسەر کردبا، چونکە حکومەتی ناوەندی زانیاری لەبارەی گرێبەست و شایستەی کۆمپانیاکان نییە."

لە مانگی دووی ساڵی 2025، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بەڵام ڕێکنەکەوتنی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکان تا ئێستا ڕێگرە لەبەردەم ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم.

محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابوریناسانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمپانیا نەوتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هێشتا لەسەر ئەوە ڕێکنەکەوتوون کێ شایستەی دارایی کۆمپانیاکان و کەی و بە چی میکانیزمێکی تەکنیکی بدات."

ڕۆژی 25 ی مانگی 3 ی ساڵی 2023، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە ڕاگیرا، دوای ئەوەی عێراق سکاڵاکەی لە دادگای ناوبژیوانی پاریس لە تورکیا بردەوە.

عاسم جیهاد دەڵێت،"ئێستا دانوستان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئارادایە، کۆمپانیاکان داوای شایستە داراییەکانی پێشترو داهاتوویان دەکەن."

دەشڵێت،"گرێبەستی نەوتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان کێشەی یاسایی و داراییان هەیە، گرێبەستەکانی هەرێم گرێبەستی شەراکەتن لەکاتێکدا ئەوانەی عێراق گرێبەستی خزمەتگوزارین."

جەختیشیکردەوە،"کێشەی نەوتی هەرێم لەسەردەمی حکومەتەکانی پێشووتریش بەردەوامی هەبووەو کێشەکان چارەسەر نەکراون و کەڵەکە بوون، حکومەتێک کێشەکانی ڕادەستی حکومەتی دوای خۆی کردووە، بۆیە حکومەتی عێراق ناتوانێت بەرپرسیارێتی گرفتەکان هەڵبگرێت."

لەکاتێکدا لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا، بەڵام هێشتا کۆمپانیاکان شایستە داراییەکانی کۆتایی ساڵی 2022 و سەرەتای ساڵی 2023 یان وەرنەگرتووە، ئەمەش بووەتە یەکێکە لە کێشەکان.

محەمەد حسێن دەڵێت،"هەرێم کۆتایی ساڵی 2022 و سەرەتای ساڵی 2023 نەوتی لە کۆمپانیاکان وەرگرتووەو پارەی پێنەداون، کۆمپانیاکان داوای ئەو پارەیە دەکەن، کەچی عێراق و هەرێم بەرپرسیارێتی پێدانەوەی ئەو پارە دەخەنە ئەستۆی یەکتری."

دەشڵێت،"یەکێک لە داواکاری کۆمپانیاکان پێدانی پارەیە پێش ئەوەی نەوت بەرهەم بهێنن و ئامادەی بکەن بۆ ناردنە دەرەوە، لەکاتێکدا عێراق دەڵێت نەوت بەرهەم بهێنن و کۆتایی مانگ ئینڤۆیسمان سەبارەت بە کێڵگەو بڕی نەوت بۆ بنێرن، پاشان لە ماوەی 30 بۆ 60 ڕۆژدا پارەتان پێدەدەین، بەڵام کۆمپانیاکان پارەی پێشوەختیان دەوێت."

ناکۆکی نێوان عێراق و کۆمپانیا بیانییەکان بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لەکاتێکدایە، بەڕای چاودێرانی وزە گەر ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکرێتەوە، ئەوا لە ڕووی ئابووری و هێزی سیاسییەوە بۆ هەرێم بە سودە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر