چالاکوانێکی ئێزدی: دەمانەوێت لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە و ناوچەکانی تر هەڵوێستمان یەکبخەین

چالاکوانێکی بواری ئێزدی ڕایدەگەیەنێت، دەیانەوێت لە ڕێگەی گفتووگۆ و دانوستانەوە دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە یەکتری نزیک بکەنەوە، کە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوونەتەوە بە مەبەستی یەکخستنی هەڵوێستەکانیان.

میرزا دنایی، چالاکوانی بواری ئێزدی و خاوەنی خەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ ئازادی ئاینی کە لە ساڵی 2024 لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە پێیدراوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەگەڵ چالاکوانانی هەڵەبجە و چالاکوانانی ئەو ناوچانە گفتووگۆمان کردووە کە دووچاری کۆمەڵکوژی بوونەتەوە. چالاکوانانی هەڵەبجە سەردانی شەنگالیان کرد و ئێمەش سەردانی هەڵەبجە دەکەین، بە ناشتنی نەمام هاوسۆزی بۆ یەکتری دەردەبڕین."

دەشڵێت،"دەمانەوێت لە ڕێگەی چالاکوانانەوە خەڵک لەیەکتری تێبگەن و بە ئازارەکانی یەکتری ئاشنابن. هەرچەندە لە چوارچێوەی جوگرافیای عێراقدا پێکەوە دەژین بەڵام لە ڕووی بیرکردنەوەوە دوورین، ڕەنگە پێویستمان بە دەستپێشخەری هەبێت."

دنایی کە لە ساڵی 2019 خەڵاتی ئۆروای بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیش وەرگرتووە ڕوونیکردەوە، گرفتی گەورەی کەسوکاری قوربانیان ئەوەیە زۆر ئاگایان لە کارەساتەکانی یەکتری نییە، بۆیە دەیانەوێت هەماهەنگی بکەن و سود لە ئازارەکانی یەکتری وەربگرن.

کارەساتی ئەنفالی گەرمیان و بارزانییەکان و ناوچەکانی تر، هەروەها کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988، لەگەڵ کوشت و بڕکردنی کوردانی فەیلی لەسەر دەستی رژێمی بەعس و کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان لەسەردەستی داعش لە ساڵی 2014، دیارترین ئەو ڕووداوانەن کە بەسەرگەلی کورددا هێنراون.

هەوڵی چالاکوانانی ئەو ناوچانەی دووچاری کۆمەڵکوژی بوون بۆ هەماهەنگی و یەکخستنی هەڵوێستەکانیان لەکاتێکدایە، لە ڕابردوودا چالاکوانانی ئەو ناوچانە بەجیا کاریان لەسەر دۆسیەکانیان کردووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاوسۆزی یەکتری بوون.

ئەحمەد مەجید، چالاکوانی بواری ئەنفال، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکخستنی هەڵوێستی چالاکوانانی ئەو ناوچانەی جینۆسایدکراون زۆر گرنگە، دەبێتە هۆکاری فشار دروستکردنی زیاتر لەسەر بەغداو یەکهەڵوێستیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی."

هەرچەندە کوردانی ناوچە جیاجیاکان لەچەند سەردەمێکی جیاواز و لەسەر دەستی رژێم و گروپی جیاجیا کوشت و بڕکراون، بەڵام هۆکاری کوشت و بڕکردنیان بۆ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی دەگێڕدرێتەوە.

رەجەب کاکەیی، چالاکوانی کاکەیی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دووری شەنگال و هەڵەبجەو گەرمیان لەیەکترییەوە، هەروەها جیاوازی شێوەزارو ململانێی سیاسی هۆکاربووە بۆ ئەوەی قوربانیانی جینۆساید لەیەکترییەوە دووربن."

هەروەها وتیشی،"لەکاتی کومەڵکوژکردنی ناوچە جیاجیاکان خەڵک شپرزو توڕەبوون، ئێستا دۆخەکە هێوربووەتەوەو چالاکوانان پەیوەندی دروست دەکەن بۆ کاری هاوبەش و هاوهەڵوێستی."

هەوڵی چالاکوانانی ناوچە جینۆسایدکراوەکان بۆ لەیەکترنزیکبوونەوە لەکاتێکدایە، پێشتر جیاوازی ئاینی و مەسەلەی ناوچەگەرێتی بۆ لەیەکتر دوورخستنەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەلایەن رژێمی بەعس و گروپە توندڕەوەکان زەقکراوەتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر