مونیرە عەبدولعەزیز: ئەو پۆستە باڵایانەی ژنان بەڕێوەی دەبەن گەندەڵیان تێدا نییە یان هەر زۆر کەمە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ژنان توانایەکی زۆرباشیان بۆ بەڕێوە بردن هەیە، بەڵام بەربەستی زۆریان لەپێشە و ڕێگە نادرێت بێنە پێشەوە و بەشداربن لە ناوەندەکانی بڕیاردا، دەشڵێت،" ئەگەر تێبینی بکەین ئەو ژنانەی کە پۆستی باڵایان بەدەستەوە بووە دڵسۆزتر بوونە بۆ کارەکەیان و ڕێژەی گەندەڵی لە وەزارەتەکانیان نەبووە یان هەر زۆر کەم بووە."

مونیرە عەبدولعەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە وەکو میلەتی کورد هەم وەکو دین و هەم وەکو کلتور هیچ ڕێگریەک نییە لەپێش ئەوەی ئافرەتان بگەن بە پۆستی باڵا و هەموو زەمینەیەکی لەبارمان هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەوە حزبەکانن کە ئافرەت بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و بۆ دەنگ کۆکردنەوە و بەکار دەهێنن."

وتیشی،" کەچی لەکاتی وەرگرتنی پۆستە باڵاکاندا ئافرەتانی ناو حزبەکانی خۆیان فەرامۆش دەکەن و ڕۆڵی تەواویان پێنادەن، خۆی وەرگرتنی پۆستە باڵاکان لەناو حزبەکاندا هەتاوەکو بۆ پیاوانیش ململانێی سیاسی و مونافەسەیەکی گەرمی دەوێت تاوەکو بتوانین ئەو پۆستانە بەکاربهێنن، ژنانیش تاقەتی ئەو ململانێ و ئەو مونافەسە و شتانەی نییە لەبەر ئەوەیە ئەمەش وایکردووە ژنان بەجێ بمێنن."

سەرباری ئەوەی ڕێژەیەکی باش لە ژنان لە ئێستادا بەشداری کارە سیاسیەکانی حزبەکانی دەکەن، بەڵام لە ناوەندی بڕیاری حزبەکاندا بەڕێژەیەکی زۆر کەم هەن یاخود هەر بوونیان نییە، چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنانیش هۆکارە سەرەکیەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ " عەقڵیەتی پیاو سالاری".

ئاڤان جاف، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەربەستەکانی بەردەم ژنان بۆ گەیشتنیان بە ناوەندی بڕیاری سیاسی و ئابوری و هەموو ئەو لایەنانەی کە مافێکی سەرەتایی خۆیانە کە بتوانن بگەن بەو ئاستە و گوزارشتی لێبکەن هۆکاری سەرەکی ئەو عەقڵیەتە پیاو سالاریەیە کە ناوەندەکانی بڕیاری قۆرغ و مۆنۆ پۆل کردووە بۆ خۆیی، هەر ئەمانەش ڕێگا نادەن کە ژنان بێنە پێشەوە کە لە خۆیان زۆر بەتواناتربێت، چونکە دەزانن ئەتوانن کاریگەری گەورە دروست بکەن."

وتیشی،" لەلایەکی تر ئەو پەیڕە و پرۆگرامانەی کە پارتە سیاسیەکان پەیڕەوی دەکەن لە ئۆرگانەکانیان، چونکە پێکهێنەری هەموو جومگەکانی حکومەت حزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانن، بۆیە تەماشا دەکەین گەر بێت و چەند ڕێژەیەکی هەبێت دیسانەوە بەربەستی زۆر زۆر گەورەیان بۆ دروست دەکەن و کێشەیان بۆ دروست دەکەن، کاتێک دەبینن ژنێک لەناوەندی بڕیاری سیاسیدا دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەری هەبێت."

ئەو چالاکوانەی بواری مافەکانی ژنان باس لەوەشدەکات، زۆر جار ڕێژەی ژنان کە حزبەکان دەیانناوە لە ژێر کاریگەری ئاژەنسە نێودەوڵەتیەکان بووە، هەروەها هەندێکیشان کە ئەندامن لە هەندێک پارتی سیاسی ئەوروپی یاخود ڕۆژئاوایی لەبەر ئەوە ئەیانەویت ئەوەی کە دەیبنین کە پۆستیان پی بدەن، دەشڵێت،" لەبنەڕەتدا حزبەکان بڕوایان بە ئەوە نییە ژنان بچنە ناوەندی بڕیارەکان کە سیاسی و ئابوری و حکومەتە، هەر ئەو خاڵە یەکێکە لە خاڵە سەرەکیەکان، هەروەها بەشێکی تری پەیوەندی بەوەوە هەیە ژنانێکی زۆر بەهێز هەن هەر خۆیان نایانەوێت بچنە نێو پارتە سیاسیەکانەوە لەبەر ئەوەی کە خۆیان پێگەیشتوون و تێگەیشتوون و لە ئاست بڕوانامەی بەرزدان و خۆیان دەتوانن لەناوەندی تری ئەکادیمی ڕۆڵ ببینن."

لە دەستوری عێراق لە مادەی 14دا هاتووە، هەموو عێراقییەکان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، بەبێ جیاکاری بە هانەکانی ڕەگەز و نەتەوە و ڕەنگ و دین و مەزهەب و بیروباوەڕ، یان باری ئابووری و کۆمەڵایەتی.

لە مادەی 16شدا بەڕوونی دان بەیەکسانی چاکنسەکان بۆ هەموو عێراقییەکان دەنێت و ئەرکی دەستەبەرکردنی ئەو چانسانەشی خستووەتە ئەستۆی دەوڵەت.

لە مادەی 20یشدا هاتووە هەموو هاوڵاتیان، پیاوان و ژنان، مافی بەشداری لە کاروباری گشتی و مافە سیاسییەکان، بەشداریکردن لە دەنگدان و خۆپاڵاوتنیان هەیە.

سەرباری ئەم مادانەی کە لە دەستوری عێراقدا هاتووە، بەڵام بەشێک لە ژنە سیاسیەکانی کوردستان دەڵێن حزبە سیاسیەکان پێشلی دەستوریان کردووە.

دەریا حەسن، پارێزەری ڕاوێژکار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پێویستە ئەو یاسایانەی لەپەرلەمان دەردەچن و دەستور کە هەیە هەمووان پێیەوە پابەند بن، گەر پابەندیش هەبوو ئەوە مافی ژنان پێشێل ناکرێت، بەڵام پێشلکردنی دەستور و یاسا وایکردووە ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا کەمترین پشکیان بەربکەوێت و بەربەستی گەورەیان بۆ دروست بکرێت."

وتیشی،" پێویستە لەم کابینە نوێیەی حکومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا ژنان پێگە و دەسەڵاتیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن خزمەت بکەن."

مونیرە عەبدولعەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان سەربارەت بە ڕۆڵی ژنان لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هێشتا پێکنەهاتووە ڕایگەیاند،" ئەوە دەکەوێتە سەر ئاستی حزبەکان کە چەندی ژنان دەهێننە پێشەوە و پۆستی باڵایان پێدەدەن، ئەوەی کە تائێستا دراوە لە کابینەکانی پێشووتردا هەر شتێکی ڕەمزی بووە وەزارەتێکی لاوەکی بووە."

وتیشی،" ژن توانایەکی زۆر باشیان هەیە هەروەکو پیاوان لە ئاستی زانستی و تواناوە هەتاوەکو دەستپاکی و دڵسۆزیش بۆ کارەکەیان، ژنان دەتوانن ئەو پۆستانە بەڕێکو پێکی بەبێ گەندەڵی ببەن بەڕێوە، تاوەکو ئێستاشی لەسەر بێت و گەر تەماشا بکەین ئەو پۆستانەی کە بەدەستی ژنانەوە بووە گەندەڵی زۆر کەمتری تێدا بووە یان هەر نەبووە."

سەباری ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کار بە سیستەمی کۆتای ژنان دەکرێت، بەڵام بەشێک لە ژنە سیاسیەکان و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان ڕەخنەی ئەوە لە حزبە سیاسیەکان دەگرن لەوەی سیستەمەکە تەنها بۆ جوانکردنی ڕووکەشی حزب و حکومەت بەکاردێت، بۆیە داوا دەکەن چیدیکە ئەو یاریە نەکرێت و ژنانیش وەکو پیاوان لە ناوەندەکانی بڕیاردا ڕۆڵیان هەبێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دیار جەمال