هەریەک لە حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ڕاکان جبوری، سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی دوای بەشداریکردنی ڕکابەرە عەرەب و تورکمانەکانیان لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک و بەتەنها مانەوەیان وەکو لایەنی ناڕازی لە گۆڕەپانەکەدا، خۆیان گەیاندە تورکیا.
ڕۆژی سێشەممە، 4 ی مانگی 3 ی 2025، حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی و راکان جبوری، سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی و پارێزگاری پێشووی کەرکوک سەردانی تورکیایان کردو لەلایەن هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکرا.
سەردانی ئەو دوو بەرپرسە باڵا تورکمانی و عەرەبییەی کەرکوک بۆ تورکیا لەکاتێکدایە، رکابەرەکانیان لە نێو عەرەب و تورکمان کە بەنزیکایەتی ئێران دادەنرێن، بەشداری حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان کردووەو دەیانەوێت سەرجەم پۆستەکان بە بێ ئەوان بۆ خۆیان بەرن.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆکی پارتی ئامانجی عەرەبی و سەرکردەی دیاری عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پرۆژەی تورکی و ئێرانی لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە، بەرەی تورکمانی و راکان جبوری لەسەر بەرە تورکییەکە هەژمارد دەکرێن."
دەشڵێت،"راکان جبوری و حەسەن تۆران بۆ گفتووگۆکردن لەبارەی دۆخی کەرکوک رۆیشتوونەتە تورکیا."
شەوی 10 ی مانگی 8 ی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە پاڵپشتی تورکمانە شیعەکان، بە بێ پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.
پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کە خاوەنی 7 کورسین لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا، ڕێوشوێنەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە نایاسایی ناودەبەن و چەندین سکاڵایان تۆمارکردووە، بەشداری حکومەتی خۆجێی کەرکوکیشیان نەکردووە.
عەرەبەکانی کەرکوک بۆ سەر سێ بەرەی سەرەکی دابەشبوون، بەرەی محەمەد تمیمی وەزیری پلان دانانی عێراق و کەسایەتی نزیک لە محەمەد حەلبوسی، بەرەی وەسفی عاسی پەرلەمانتاری عێراق و نزیک لەموسەنا سامەرائی، بەرەی راکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک و نزیک لە خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە.
راکان جبوری سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی و پارێزگاری پێشووی کەرکوک خاوەنی سێ کورسی ئەنجومەنی پارێزگایە لە کۆی 6 کورسییەکەی عەرەبی سونە، بەڵام بەشداری حکومەتی خۆجێی کەرکوکی نەکردووەو وەکو لایەنێکی ناڕازی لە دەرەوەی حکومەت ماوەتەوە.
هەریەک لە محەمەد تمیمی وەزیری پلان دانانی عێراق و وەسفی عاسی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ڕێککەوتوون، سەرجەم ئەو پۆستانەیان بۆ خۆیان بردووە کە بەر عەرەبی سونە کەوتوون، ئەمەش راکان جبوری نیگەران کردووە.
ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت،"بوونی جیاوازی لە نێو دۆخی سیاسی عێراق حاڵەتێکی سروشتییە، ڕەنگە راکان جبوری ببێتە ئۆپۆزسیۆن لە نێو حکومەتی خۆجێی کەرکوک و ئەمەش زۆر گرنگە."
هاوشێوەی عەرەب، تورکمانەکانیش لە ئێستادا بۆ سەر سێ بەرە دابەشبوون، بەرەی تورکمانە شیعەکان، بەرەی ئەرشەد ساڵحی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها بەرەی حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو.
تورکمان خاوەنی 2 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران و 2 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە، دوو کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران یەکیان هی تورکمانی شیعەو ئەویتریان هی ئەرشەد سالحیە، بەڵام بەرەی حەسەن تۆران هیچ پەرلەمانتارێکی نییە.
لەکاتێکدا تورکمانی شیعە هیچ ئەندامێکی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەرنەچووە، بۆیە دوو کورسییەکەی تورکمان لە نێو ئەنجومەنی پارێزگا یەکیان نزیکە لە حەسەن تۆران و ئەویتریان سەربە ئەرشەد ساڵحییە.
تورکمانە شیعەکان خۆیان یەکلایی کردووەتەوەو پاڵپشتی حکومەتی خۆجێی کەرکوکن، بەڵام حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی پێکهێنانی حکومەتی کەرکوک بە نایاسایی ناودەبات، ئەرشەد ساڵحیش سەرقاڵی دانوستانەو دەیەوێت ئەو پۆستانە لە حکومەتی کەرکوک وەربگرێت کە پشکی تورکمانن.
نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێدەچێت ئەرشەد ساڵحی بەشداری حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکات، بەڵام بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی تا ئێستا لە دەرەوەی حکومەت ماونەتەوە."
زۆربەی دانیشتوانی ناحیەی تازە خورماتوو و قەزای داقوق لەگەڵ گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک تورکمانی شیعەن، لەکاتێکدا زۆربەی تورکمانە سونەکان نیشتەجێی ناوەندی شاری کەرکوکن.
تورکمانە شیعەکان نزیکن لە هێزە شیعەکانی عێراقەوەو دابەشبوون بەسەر ئەو هێزانەدا، بەڵام تورکمانە سونەکان بەسەر باڵی حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەکەدا دابەشبوون کە ئێستا ناکۆکن و رکابەری یەکتری دەکەن.
لایەنگیری تورکمانە شیعەکان بۆ هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێران لەکاتێکدایە، بەرەی تورکمانی بە سەرۆکایەتی حەسەن تۆران بەنزیکایەتی تورکیا دادەنرێت و بەرەی ئەرشەد ساڵحیش وێڕای دوورکەوتنەوە لەتورکیا، دەیەوێت بەرەی تورکمانی لاواز بکات و ببێتە جێگرەوەی.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کەرکوک کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لایەنە عەرەبییەکانی رکابەری راکان جبوری دۆخەکەیان قۆستووەتەوەو لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون، هەموو پۆستەکانی پشکی عەرەبی سونەیان بردووەو دەیانەوێت جبوری لاواز بکەن."
سەرچاوەکە کە بەرپرسێکی عەرەبی سونەیە دەشڵێت،"ئەرشەد ساڵحی پەرلەمانتاری عێراق و سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی دەیەوێت هەمان سیناریۆی عەرەب دووبارە بکاتەوە، پۆستەکانی پشکی تورکمان وەربگرێت و رکابەرەکەی کە حەسەن تۆرانە بە تەواوەتی پەراوێز بخات."
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر