دوای شەش خولی هەڵبژاردن هێشتا کیمیابارانی هەڵەبجە لە پەرلەمانی کوردستان بە  جینۆساید نەناسێنراوە

لەکاتێکدا پەرلەمانی کوردستان ماوەی شەش خولە بەردەوامە لە وەرگرتن و دەرکردنی پڕۆژەیاساکان، هەتا ئێستا هیچ پڕۆژەیاسایەکی بۆ بە جینۆساید ناساندنی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە پەسەند نەکردووە، ئەوەش کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر بە دادگاگەیاندنی کۆمپانیا و کەسایەتیە هاوکارەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس کە ئێستا سکاڵایان لە وڵاتانی دەرەوە لە سەر تۆمارکراوە.

لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " 5 کەسایەتی و کۆمپانیا وەک بەشدارو هاوکاری ڕژێمی بەعس سکاڵایان لەلایەن زیاتر لە 4 هەزار وارسی قوربانیانەوە لەسەر تۆمارکراوە، بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکان لە وڵاتەکانی خۆیان ، پێویستمان بە بەڵگەی یاسایی هەیە، کە ئاماژە بەوە بدات جینۆساید لە هەڵەبجە ئەنجام دراوە، تا ئێستا یاسایەک بۆ ماف و ئیمتیازی قوربانیەکان و سزایی تۆمەتبارەکان دەرنەچووە، ئەمە گرفتی گەورەی لەبەردەم کارەکانی ئێمە دروست کردووە."

لوقمان عەبدولقادر وتیشی، "پڕۆژە یاسایەک لەلایەن دەستەیەک لە پارێزەرانی نێودەوڵەتی و ژوری ڕاوێژکارانی پارێزەرانی خانەنشین ئامادەکراوە و لە پەرلەمانی کوردستانە، هیوادارین لەم خولەدا پەسەندی بکات، تا ببێتە پاڵپشتیەکی بەهێز بۆ کەیسەکانی بە دادگا گەیاندنی کۆمپانیا و کەسایەتیە بەشداربوانی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە."

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992 دامەزراوە و تا ئێستا شەش خولی هەڵبژاردنی بەڕێوە بردووە و 100 کورسی پەرلەمانی لە خۆدەگرێت.

بەشێک لە کەسوکاری شەهیدان دەڵێن، پەسەند نەکردنی پڕۆژەیاسای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی هەڵەبجە، پەیوەندی دارە بە بونی ژمارەیەک بەرپرس و کەسایەتی کە پێشتر لە ناو حکومەتی بەعس بوون و لە لیستی داواکراونن و ئێستا بەرپرسیاریەتیان لە ناو هێزە کوردیەکان هەیە.

ئاراس عابد کە نزیکەی 12 کەس لە خانەوادەکەی لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە گیانیان لەدەستداوە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" یەکێک لەو دۆسیاسانەی کەبۆ ڕوخانی سەدام حسێن بەکارهێنرا، تاوانی کیمبارانکردنی هەڵەبجەبوو، کە من شەش خولە چاوەڕێی پەرلەمان دەکەم، هیچ فراکسیۆن و حيزبێک نەیتوانیوە پڕۆژەیەکی لەو جۆرە پێشکەش بکات."

ئاراس عابد وتیشی،" بەعسیەکی زۆر لە کوردستان هەیە و بەشێک لە کەسایەتی ئێستای ناو حیزبەکان تێوەگلاون لە هاوکاری ڕژێمی بەعس، ئەگەر پڕۆژەیاسایەکی لەو جۆرە پەسەند بکرێت مەترسی دەبێت لەسەریان، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بە جینۆسایدی ناساندووە بەڵام پەرلەمانی کوردستان هێشتا بە جینۆسایدی نەناساندووە."

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە 1ی مانگی 3 ی ساڵی 2010 کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، لەسەر ئاستی پەرلەمانی چەند ووڵاتێکی دیکەش وەک نەمسا بە جینوساید ناسێنراوە.

لە هەرێمی کوردستان 258 ڕاوێژکاری سەردەمی بەعس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پرۆسەی ئەنفالی ساڵی 1988 لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە داواکراون، بەڵام هیچکام لەو ڕاوێژکارانە خۆیان ڕادەستی دادگا نەکردووە و دادگایی نەکراون.

لە 15ی مانگی دووی ساڵی 2005 عێراق پاش دوو هەفتە لە بەئەندام بوونی لە دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی تاوانەکانی جینۆساید و واژۆکردنی پەیماننامەی ڕۆما، بۆ قەدەغەکردنی تاوانانەکانی جینۆساید، بێ هیچ هۆکارێک کشاوەتەوە، ئەمەش مەترسی لە ئەنجامدانەوەی تاوانەکانی جینۆساید لە عێراق دروست کردووە.

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت لە ناوەڕۆکی چەند یاسایەکی پەرلەمانی کوردستان باس لە هەڵەبجە کراوە، بەڵام هیچ یاسایەکی تایبەت بە هەڵەبجە و کیمیبارانکردنی هەڵەبجە دەرنەچووە.

کاوە عەلی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پرۆژە یاسایەک بۆ بەجینۆساید ناساندنی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەی ئامادەکراوە، هەموو هەوڵەکانی فراکسیۆنەکان لەم خولە پاڵپشتی دەبێت بۆ دەرچوونی یاسایەکی تایبەت بە جینۆسایدی هەڵەبجە و دیاریکردنی قەرەبووی قوربانیان."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان وتی، " نەبوونی پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە جینۆسایدی هەڵەبجە کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر کەیسەکانی هەڵەبجە لە دۆسیەی منداڵە وونبووەکان و قەرەبوکردنەوەی خەڵکی هەڵەبجە، لە ڕوانگە نێودەوڵەتیەکەشەوە، ئەگەر پڕۆژە یاسایەکی لەم جۆرە هەبێت پشتیوانی دەبێت لە کیسەکە.

لە کۆتایی ڕۆژەکانی جەنگ عێڕاق - ئێران، لە ڕۆژی16 ی مانگی 3 ی 1988 ،بەفەرمانی سەدام حوسین سەرۆکی ئەوکاتی عیراق و بەسەرپەرشتی عەلی حەسە مەجید کە ناسراوە بە عەلی کیمیاوی هەڵەبجە بە چەکی کیمیاوی بۆردومانکراو بە گوێرەی ئامارەکان 5 هەزار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 10 هەزار هاووڵاتیش برینداربوون

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی