لەدوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان"پەکەکە" سوپای تورکیا شەش جار بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە و ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەخوێندنەوەی چاودێرانی سەربازیش بەردەوامی بۆردومانەکان کاریگەری نەرێنیان لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت لە تورکیا.
کامەران عوسمان، بەرپرسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێوارەی دوێنی 27ی مانگی دووی 2025، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە کە بانگەوازی ئاشتی ڕاگەیاند و پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد، لەهەمان ڕۆژدا سوپای تورکیا شەش جار بۆردومانی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستانی کرد."
وتیشی،" دووجار بۆردومانی خنێرە و خواکوڕک لەسیدەکان، هەروەها بۆردومانی چیای مەتینا لە گوندی گوهەرزێ و کانی بەڵاڤە و بناری چیای گارە کرد، لەهەمانکاتدا درەنگانێکی شەوی ڕابردوو بۆردومانی نێوان گوندەکانی گوهەرزێ و کانی کرد و یەکێک لە بۆردومانەکان لەو ئان و ساتەدا بوو کە پەیامەکەی ئۆجەلان ڕاستەوخۆ بڵاودەکرایەوە ئەویش بۆ سەر چیای مەتینا بوو."
بەرپرسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای ئەوەشی ڕاگەیاند،" بەشێک لەبۆردومانەکان بۆ سەر بنکە و بارەگانی چەکدارانی پەکەکە بووە لە چیای گارە و لەو کاتەشدا هیچ جۆرە چالاکیەک بەڕێوە نەچووە، هەروەها دانیشتوانی گوندە سنوریەکان گومانیان لە بۆردمانەکان هەیە کە مەوادێک بەکارهێنرابێت و زیانی زۆر لە ژینگە بدات، لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەمان دەست پێکردووە."
ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە 27ی مانگی دووی 2025، پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی ڕابردوودا.
ئۆجەلان ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گوتی پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان یان پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن شاندی دەم پارت بڵاو کرایەوە بە پەکەکەی ڕاگەیاند "کۆنگرەی خۆتان بکەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".
گوتیشی " ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن.
رێزگرتن لە ناسنامە، ئازادیی دەربڕین، رێکخستنی دیموکراتی و بنیاتنانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بۆ هەر گرووپێک بەپێی بنەماکانی تایبەتی خۆی، تەنها بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و بواری سیاسی دیموکراسی جێبەجێ دەبێت."
گوتیشی "هیچ رێگەیەکی دیکە جگە لە دیموکراسی نییە بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی نوێ و جێبەجێکردنی و ناشبێت. رێگەی بنەڕەتی، رێککەوتنی دیموکراسیانەیە.
هەروەها پێویستە زمانێک پەرە پێ بدرێت کە لە ماوەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا لەگەڵ واقیع بگونجێت. "
لە دوای پەیامەکەی ئۆجەلان، ئەمەریکاش دەڵێت بانگەوازەکەی ڕێبەری پەکەکە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی چەکداری "پێشهاتەیەکی گەورەیە" کە دەشێت لە بەرژەوەندی هەوڵەکانی دژ بە داعشیش بێت.
برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی دەڵێت ڕایگەیاند "هیوادارین یارمەتیدەر بێت بۆ ئارامکردنەوەی هاوپەیمانە تورکییەکانمان سەبارەت بە هاوبەشەکانی دژە داعشی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا".
گوتیشی " لەو بڕوایەداین ئەمە دەبێتە مایەی ئاشتی بۆ ئەو ناوچە پڕ لە کێشەیە."
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدیش، کە هاوپەیمانی ئەمەریکان لە شەڕی دژ بە داعشدا، ڕۆژی پێنجشەممە گوتی " بڕوام وایە ئاگربەستی نێوان پەکەکە و تورکیا و دەستەبەرکردنی ئاشتی، کاریگەری لەسەر ناوچەکەمان دەبێت".
محەممەد ئوچوم، ڕاوێژکاری باڵا و جێگری سەرۆکی دەستەی کاروبارە یاساییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند '' ئاخۆ تا چەند پابەندی بانگەوازەکە دەبن، ئەمە ئیدی کێشەیەکی کردارییە. هەر کێیەک پابەندی نەبێت، دەبێت بەرگەی ئەنجامەکەی بگرێت''.
ڕاوێژکاری ئەردۆغان ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەوەی لە بانگەوازەکەدا هاتووە ڕوونە کە کێشەی ناسنامە نەماوە، نکۆڵیکردن کۆتاییهاتووە، شتێک نییە بە ناوی دوو نەتەوە، دوو زمان، داواکاریی بۆ ئۆتۆنۆمی نییە.
محەمەد ئوچوم، وتیشی،" لە بانگەوازەکەدا جەختکراوەتەوە، پرسی نێوخۆی کورد لە تورکیا لە چوارچێوەی ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن باسدەکرا، چارەسەرکراوە، بابەتەکە دیموکراسییە، بابەتەکە یەکبوونە لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە، بابەتەکە گەشەپێدانی دیموکراسییە''.
لیوا محەمەد سابیر هەمەوەندی ، چاودێری سەربازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەڕەیی من ئەو دانوستانەی کە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەڵان دەکرێت دانوستانێکی زۆر لاوازە، دانوستانێکە لەڕاستیدا ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت، چونکە هیچ گەرەنتیەک نیە بۆ سەرکەوتنی ئەو دانوستانە و پێدەچێت فشارێکی نێو دەوڵەتی لەسەر ئۆجەلان و پەیام بگەیەنێت."
وتیشی،" بەردەوامی بۆردومانەکان لەدوای پەیامەکەی ئۆجەلان کاریگەری هەیە لەسەر پرۆسەی ئاشتی، بەو پێیەی دانوستانەکە هێشتا نەچوووەتە بواری جێ بەجێکردنەوە و تەنها قسەیە، پێدەچێت بۆردومانەکان فشارێک بێت بۆ
سەر پەکەکە بۆ سەر ئەو هێزە چەکدارانەی پەکەکە کە لەو ناوچانەدان و بڵێن ئەگەر ئێوە مل کەچ نەبن بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان ئێمە بەردەوام دەبین بەرامبەرتان."
ئەو چاوێرە سەربازیە باسی لەوەشکرد پێویست بوو تورکیا لەم ئان و ساتەدا بێدەنگی هەڵبژاردایە و چاوەڕوانی کاردانەوەکانی پەکەکە و چەکدارەکانی بوایە نەک ڕاستەوخۆ لەهێرشەکانی بەردەوام بێت، دەشڵێت،" بەخوێندنەوەی من تورکیا نیەت پاک نیە بەرامبەر بە پەیامەکەی ئۆجەلان و ئەیوایە دان بە خۆیدا بگرێت، تەنانەت گەر هێرشیش بکرێتە سەری بێدەنگی هەڵبژێرێت نەک کاردانەوەی هەبێت، تا بڵێت من ئامادەم و ئێوەش ئامادەی ئاشتی بن."
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپۆرتی دیار جەمال