دوای ئەوەی لە هەردوو سنوری سەوز و زەرد توندووتیژی و پێشێلکاری بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران و ڕۆژنامەوانان ئەنجامدرا، سەنتەری میترۆ و مامۆستایانیش ڕایدەگەیەنن، ئەوەی لە چالاکیەکانی مامۆستایانی ناڕازیدا ڕوویدا پێشێلکاری زەقی مافی مرۆڤە، بۆیە بێدەنگ نابن و ناوەند و ڕێکخراوە جیهانیەکانی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
لە دوای 36 کاتژمێر لە پەناگیری و چادر هەڵدان لەسەر شەقامی سەرەکی عەربەت سلێمانی و ڕێگری کردن لە تێپەڕینی ئەو بارهەڵگرانەی کە دەوترێت نەوتی هەرێم دەگوازنەوە بۆ دەروازەی باشماخ بە مەبەستی گەیاندنی بە وڵاتی ئێران، شەوی ڕابردوو لە نزیک چادرگەی مامۆستایان گرژی دروست بوو، دوای گەشتنی هێزە ئەمنیەکان مامۆستایان دەڵێن توندووتیژی بەرامبەر مامۆستایان و بەشێکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە.
ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەوەی بینیمان ئەو گەشبینیەی ئێمەی سڕیەوە سەبارەت بە ئازادی راگەیاندن و پێی وتین کرانەوەی فەزای مەدەنی درۆیەکی شاخدارە، چونکە کاتێک دەسەڵات بەرژەوەندەکانی دەکەوێتە مەترسیەوە بە تایبەت بەرژەوەندیە ماددیەکانی پەنا بۆ سیناریۆ و توندوتیژی دەبات، دوێنێ شەو پێشێلکاری مافی مرۆڤ کرا."
وتیشی،" لە دێگەڵەوە تا عەربەت تۆماری پێشێلکاریەکانمان کردووە، بێگومان پەیوەندیمان لەگەڵ دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق و دەرەوە هەیە ودەیگەیەنینە ئەو ناوەندانە و بە هەند وەری دەگرن."
ڕێکخەرەکەی میترۆ جەختیشی لەوە کردەوە،" ئەم پرسە کاریگەیی لەسەر سیاسەت و پەیوەندیەکانی هەرێم بە دەرەوە و سومعەی هەرێم و مافی مرۆڤەوە دەبێت، وە ئەگەر بەرپرسان ڕێگری بکەن لە چالاکی مەدەنی ئاشتی خوازانە دەبێت چاوەڕوان بکەیت خەڵک بە دوای بەدیلی تردا بگەرێت کە قۆناغی توندووتیژیە، چونکە دەسەڵات فەزای ئازاد دادەخات."
وێڕای ئەوەی مامۆستایان و دەزگا میدیایەکان جەخت لە ئەنجامدانی تووندووتیژی بەرامبەریان دەکەنەوە ودەیان ڤیدیۆی هێرشکاریان بەرامبەریان بڵاو کردەوە، بەڵام دەزگای ئاسایشی هەرێم شەوی ڕابردوو لە ڕوونکردەوەیەکدا ڕەتی کردەوە کە ئەوان توندووتیژیان بەرامبەریان ئەنجامدابێت.
لە ڕوونکردنەوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە،" لە ئەنجامی ڕێگری مامۆستایان لە تێپەربوونی بارهەڵگرەکانیان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان مامۆستایان و شۆفێری بارهەڵگرەکاندا ڕوویدا، دەزگای ئاسایشی هەرێم وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەک گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێکاری یاسایی گرتەبەر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و لە ئێستادا هيچ كەس دەستگيرنەكراوه و هاوڵاتییە بريندارەكان لە نەخوشخانه نەماون."
مامۆستایان وێڕای ڕەتکردنەوەی وتەکانی دەزگای ئاسایش، دەڵێن سورن لەسەر هەڵوێستیان بەشێوەی مەدەنی و تا گەشتن بە داواکاریەکانیان بەردەوام دەبن و میکانیزمی جیاواز دەگرنە بەر.
عوسمان گوڵپی یەکێک لە مامۆستایانی ناڕازی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هێزی ئەمنی هەموو توانای خۆی بە توندوتیژەیەوە بەکارهێنا بۆ کردنەوەی ڕێگای تەنکەرە نەوتەکان، لە کاتێکدا ئەوەی کردوومانە تەنها رێگری بووە لە تەنکەرە نەوتەکان کە نەوتی کوردستان دەبەن بۆ ئێران و داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی بەرپرسان، ئەمە وایکردبوو کە دەسەڵات داران نیگەران بن، چونکە ئازارمان گەیاندبوو بە گیرفانیان."
وتیشی،" ئەوەی بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران کرا بەتەواوەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و بێڕێزیکردن بوو بەرامبەرمان، ئیدانەی روونکردنەوەکەی ئاسایش دەکەین، چونکە پێمان وایە ڕاستەیەکی بۆ خەڵک نەخستۆتە ڕوو، بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان لە بەرپرسیارێتی بەدوور گرتووە کە بەراستی پاراستی ئەمنیەتی ئێمەیان لە ئەستۆدا بوو، بەڵام بەداخەوە توندوتیژیان بەرامبەر کردین، ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتی مەدەنی خۆمان."
هەرچەندە بە پێی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ، تەنها ڕۆژی 9ی مانگ 55 پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و و دەزگا میدیایەکان لە دێگەڵە تۆمارکراون، لە ناحیەی عەربەتیش 29 پێشیلکاری بەرامبەر بە 13 ڕۆژنامەوان تۆمارکراون، بەڵام سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەڵێت، شیوازیی پێشێلکاریەکان مامەڵەی دروستی لەگەڵدا نەکراوە و تا ئێستاش هیچ کەس داوای یاسایی تۆمار نەکردووە.
کاروان ئەنوەر، سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تۆمارکردنی پێشێلکاری لە هەر ڕووداوێکدا دەبێت بە کەیس بێت نەک کەسەکە خۆی بڵێت پێشێلکاریم بەرامبەر کراوە، ئەگەر بە ڕاستی زوڵمی لێبکرێت دەبێت بێت داوا تۆمار بکرێت بۆی، ئەوە پێشێلکاری نییە بلێ من دوام کەوتوون بمگرن دەیانەوێت بمانکوژن، دەبێت لایەنی دووەم دەرکەوێت بەوە دەبیت کە سکاڵا تۆمار بکرێت."
وتیشی،" لە کاتێکدا یاسای کاری ڕۆژنامەوانی و بەدەستهێنانی زانیاریمان هەیە، پێویستە بە پێی ڕێکارەکانی دادگاو ئەو یاسایانەی هەمانە باس لە پێشێلکاری بکرێت، ئەگەر نا بۆ نموونە من لە دوێنێوە بانگەوازم کردووە کێ پێشێلکاری بەرامبەر کراوە من داوای بۆ تۆمار بکەم بەڵام کەس نەهاتووە تا ئەم دەقەیە، تا ئێستا یەک دەزگا هاتووە داوای کەل و پەلە ڕۆژنامەوانیەکانی دەکاتەوەو هێج کەسێک داوای داوای یاسایی لە لای ئێمە تۆمار نەکردووە."
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپۆرتی سنوور کەریم