وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری قسەکانی محەمەدی حاجی مەحموود لەسەر وەرگرتنی پارە لە حکومەتی هەرێم ڕەت دەکاتەوە

محەمەد حەکیم وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی دادگەری هەرێمی کوردستان

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری ڕایدەگەیەنێت، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنیان لەلایەن محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی پارە لە حکومەتی هەرێم، چاوەڕێی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیانن، تا بزانن هەڵوێستیان چی دەبێت، هەرچەندە بە پێویستی نازانن وەڵامی بدەنەوە. دەشڵێت،" هەرێمی کوردستان گیر و گرفتی زۆر لەوە گەورەتری هەیە کەکاکە حەمە باسی لێوە دەکات، بەڵام ئەوەی زۆر قسە بکات هەڵەش دەکات. کاکە حەمە هەموو شەو لەسەر تەلەفزیۆنە و قسە دەکات."

محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کاکە حەمە هەموو شەوێک قسە ئەکا ئێمە یەک جار ڕەدمان دایەوە، بۆ ئەوە قسە دەکات خەڵک باسی بکات و دائم بە کاکە حەمەوە مەشغوڵ بێت، کوردستان گیرو گرفتی زۆر لەوە گەورەتری هەیە کە کاکە حەمە ئاماژەی پێداوە، وتوومانە ئەوانە ڕاست نین، ئەوە ئێمە و حکومەتی هەرێم و کابینەی نۆ بزانە فلس وەردەگرین؟" کاکە حەمە مانگی جارێک دووبارەی دەکاتەوە، قسەکانی سواون ئەوەندە دووبارەی دەکاتەوە، زۆر قسە دەکات ئەوەشی زۆر قسە بکات هەڵەش دەکات. ئێمە ئیشمان نییە وەڵامی بدەینەوە؟"

وتیشی،"چاوەڕێی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسین پەلەمان نییە، ئەوە بڕیاری مەکتەبی سیاسیە چی دەکەن سەبارەت بە قسەکانی."

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی سەحەری ئێرانی محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەریەک لە کۆمەڵ و یەکگرتوو مانگانە 150 هەزار دۆلار لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن، لە کاتێکدا ئەو حزبانە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، بۆیە ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم بوونی نییە.

تۆمەتبارکردنی ئەو حزبانە لە لایەن محەمەدی حاجی مەحموودەوە یەکەم جار نییە، بەڵکو پێشتریش لە ساڵی 2023 لە دیمانەیەکی میدیاییدا ئاماژەی بەوەدا کە خۆیی و هەریەک لە عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، قادر عەزیز کە ئەوکات سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو، بڕی یەک ملیۆن دۆلاریان لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سەربازی باڵای ئێران وەرگرتووە.

لەدوای لێدوانەکەی کاکە حەمە لە تەلەفزیۆنی سەحەر، دکتۆر سەلاحەدین بابەکر وتەبێژی یەکگرتوو بە میدیاکانی ڕاگەیاند،" کاکە حەمە تۆمەتێکی خستووەتە پاڵمان، تۆمەت بەخشینەوە و ناوزڕاندن پیشەی کەسانی شکستخواردووە و زۆریشمان بیستووە و بە شیاوی وەڵاممان نەزانیوە، بەڵام پێمان ناخۆشە ئەو بەرێزە بچێتە ئەو ئاستە، بەهەر حاڵ لەوەڵامدا دەڵێین، ئەوە تۆمەتە و تەشهیرە و مافی خۆمانە ڕەدی بدەینەوە و رێکاری یاساییش بگرینە بەر بۆ گێرانەوەی مافی خۆمان."

لە بەرامبەر قسەکانی هەردوو حزبی یەکگرتوو و کۆمەڵدا جارێکی تر حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان وەڵامی دوو حزبەکەی دایەوە، دکتۆر فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەردوو حزب بناغەیەکی پتەویان نییە، بۆیە بە هەرلێدوانێکی جەنابی کاکە حەمە عەرشیان دەلەرزێت. ئەوان لەگەڵ دەنگدەران و هاوڵاتیانی هەرێم ڕاستگۆ نین، ئەگەر نا ئەو بابەتانەی جەنابی کاکە حەمە قسەی لەسەر دەکا دەیانتوانی خۆیان بۆ هاوڵاتیان و دەنگدەرانی خۆیانی باسبکەن، ئەوان پێیەکیان لەحکومەتە و ژمارەیەکی زۆر پۆستی حکومییان هەیە لە قائیم قان و بەڕێوەبەری گشتی، کەچی وەکو ئۆپۆزسیۆن خۆیان ناوی دەنێن. ئەگەر نا زۆر شتی تر هەیە ئێمە بیڵێن لە ڕاستیدا هێشتا دەممان گرتۆتەوە، ."

وتیشی،" سەیرە هەردوو حزب لەلایان ئاساییە لە هەر کون و قوژبنێکی دونیاو لە لایەن هەر کەسێکەوە بێت پارە وەرگرن، بەڵام ئەگەر بوترێ لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە پارە وەردەگرن ئەوان سەغڵەت و تەنگە تاوبوون، ئەوان نەک تەنیا یەک ملیۆن دۆلاری خاجی قاسم کە نوێنەرەکەی کۆمەڵی ئیسلامی وەریگرت بۆ لیستی چاکسازی، جەنابی مام جەلالی ڕەحمەتیش چوارسەد هەزار دۆلاری پێدان لەبەرامبەر ڕازیکردنی جەنابی کاکە حەمە بۆ کشانەوە لەکاندیدی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. ئەگەر پارەکە نارەوایە بۆچی وەرگیراوە ئەگەر رەواشە بۆ دەیشارنەوە."

وتەبێژەکەی سۆسیالست لە وەڵامی تۆمارکردنی داوای یاسایی لەلایەن یەکگرتووەوە دەڵێت،" ئەگەر بڕیارە یەکگرتوو داوای یاسایی لەسەر ئێمە تۆمار بکات پێویستە بەر لەوە خۆیان بخرێنە بەردەم داگا، چونکە خۆیان لە هۆکارە سەرەکیەکانی دروستکردنی دووئیدارەیی بوون، لە کاتی خۆیدا پارتی لە دەرگای هەموو حزبەکانیدا هیچ حزبێک نەیویست ببێت بە بەشێک لە دروستبوونی دووئیدارەیی، بەڵام یەگرتوو لەگەڵیاندا حکومەتی پێکهێنا ئێستاش نزیکەی 800 بۆ هەزار پاسەوانی تایبەت و بارەگاکانیان پارە لەحکومەت وەرئەگرن کە نزیکی ملیارێک دینارە."