سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، عێراق نەیتوانیوە پابەند بێت بەو بڕیارانەی کە خۆی دەریدەکات و دەشڵێت،" ئەو یاسایەی کە دەرچووە لە پەرلەمانی عێراق بۆ گەڕانەوەی زەویە داگیرکراوەکانی کورد و تورکمان دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام پرسیارەکە لێرەیە ئایە حکومەتی عێراقی و لایەنی جێبەجێکاری تایبەتمەند تا چەند پێیوە پابەند دەبێت ئەوەیان نازانین."
فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" خۆی لە ڕاستیدا ئەوەی کە لەسەر گەڕان و ماوەکانی پێشوو لە تۆپزا و لە حەفتەغار و لە دەروبەری مەخموور و خانەقین و جەلەولا و لە کۆی ناوچە کوردستانیەکان تا ئەگاتە زومار، هەمووی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین، ئەم وڵاتە ناتوانێت وڵاتێکی دەستوری بێت."
وتیشی،" عێراق ناتوانێت وڵاتێک بێت پابەند بێت بەو بڕیارانەی کە خۆیی دەریدەکات و ڕێز لەو یاسا و ڕێسا و زانیاریانە بگرێت کە بەشێکە لە ستراکچەری بنیاتنانەوەی گرفتەکان، گرفتەکان گرفتی عەقڵیەتە و ڕوئیایە، بۆیە بێگومان ئەو یاسایەی کە لە پەرلەمان دەرچووە یاسایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی داگیرکراوی کورد و تورکمان، دەتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات، بەڵام پرسیارەکە لێرە ئەوەیە حکومەتی عێراقی و لایەنی جێبەجێکاری تایبەتمەند تا چەند پابەندی جێ بەجێکردنی یاسا و دەستور و ئەو بنەما سەرەکیان دەبن کە دەوڵەتی نوێی عێراق لەسەری پێکهاتووە."
دوێنی دووشەممە 17ی مانگی دووی 2025، لە سنووری شەغانە و سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکوک جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام سوپای عێراق ڕێگری لێکردن و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش باس لەوەدەکات ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانە ئەرکی پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆیە نەک سوپای عێراقی.
کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" زیاتر لە 50 واژوومان کۆکردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی نائاسای و وەزیری بەرگری عێراق بانگێشت بکەینە پەرلەمان، چونکە ئەو کێشەی کە لەسەرکگەڕان ڕوویدا و سوپا دەستی تێخست پەیوەندی بە سوپاوە نیە و دەبێت مەلەفی ئەمنی بدرێت بە پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ و سوپا بچێت ناوچە سنوریەکان بپارێزێت."
وتیشی،" ئەمڕۆ وەزیری بەرگری عێراق پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانەوە کردووە و تکای کردووە سوپا لەو ناوچانە بکشێتەوە و ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانە بدرێتە هێزەکانی ناوخۆ، بەو پێیەی سوپای عێراق سکاڵای زۆری لەسەرە."
ڕێگریکردن لە جووتیارانی کورد لە سنوری کەرکوک، تەواوی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی هێنایە سەرخەت و هەمووان بە یەک دەنگی پەیامی ناڕەزای و چارەسەری بنەڕەتی کێشەکەیان گەیاندووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوەشکرد کە ئەمە چەندەهەمین جارە ئەم حاڵەتانە ڕوودەدەن و حاڵەتی یەکەم نیە و پێی وایە پێم وایە دەرچەی گواستنەوەی عێراق لە وڵاتێکی پڕ لە کێشە و گرفتەوە بۆ وڵاتێک کە بنەماکانی ژیان تێدا سەرچاوەی داهاتووی بێت پابەند بوونێتی بە یاسا و دەستورەوە، دەشڵێت،" ئێمە مادەی 140 مان هەیە مادەکە مادەیەکی دەستوریە پێویست بوو تاوەکو ئێستا ئەو مادەیە جێ بەجێ بکرێت و پرسیارەکە ئەوەیە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق چەندی بەئاراستەی جێ بەجێکردنی ئەو مادەیە کراوە بێگومان ئەم قسانەی من تایبەت نیە بە کابینەی سودانی کە سەرۆکایەتی دەکات قسەی من لەسەر کۆی پرۆسەی دەوڵەتداریە لە عێراق."
وتیشی،" ڕەنگە لەسەردەمی بەڕێز سودانی ئێمە هەندێک بەرە و پێشچوونمان هەبووبێت لەگەڵ حکومەتی عێراقدا واتا کە دەستورێک هەیە پێویستە ئەم دەستورە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێمە بێت کە یاسایەکمان هەیە لە پەرلەمان، یان هەندێک بڕیارمان هەبێت لە ئەنجومەنی وەزیران دەبێ ئەمانە جێ بەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو نەتەوەیەکی سەرەکی کە دەورمان لە بیناکردنەوەی ئەم دەوڵەتەدا هەبووە، بۆ ئەوەی شعورمان بکەین کێشەکانمان لەڕێگای یاسا و دەستورەوە جێ بەجێ بکرێت."
ڕۆژی 21ی مانگی یەکی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و سێ پرۆژە یاسای هەستیاری پەسەندکرد، یەکێک لە پرۆژە یاساکان( پرۆژە یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەکانیان) بوو و بەپێی ئەو یاسایە کە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان پاڵپشتیان دەکرد، بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەعس هەڵدەوەشێنەوە لەبارەی داگیرکردنی زەوییە داگیرکراوەکانی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکوک و گەڕانەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان.
کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو کێشەی کە ڕوویدا هەموومانی بریندار کرد، بەڵام لایەنە باشەکەی پەیامی گەیاند، ئەم کێشەیە ئێمە سێ ساڵە داوا دەکەین لە سەرۆک وەزیران چارەسەری بکات ئەم دەست و ئەو دەستی پێکرا و لیژنە پێکهات، دەریخست قەبارەی ئەم کێشەیە گەورە دەبێت و دەبێ چارەسەر بکرێت."
وتیشی،" دەریخست ئەگەر ئەم وێنەی دوێنی بڵاو نەبوایەتەوە کە دەرکەوت جوتیارێکی کورد جەمەدانیەکەی ملی ڕادەکێشن و بیهێننە خوارەوە لە تراکتۆرەکەی ڕەنگە بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران و سیاسیەکانی عێراق بڕوایان بەئێمە نەدەکرد کە دەمانوت سوپا بێ لایەن نیە و سوپا دەوری خراپە، ئەم کێشە نەبوایە بۆیەکەمجار 30 بۆ 40 پەرلەمانتاری کورد هی هەموو حزبەکان کە هاتووینەتە سەرگەڕان و یەکەمجارە بەو شێوەیە یەک دەنگ بین."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کێشەکە پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتیە و گەر چارەسەر نەکرێت سەر دەکێشێت بۆ کێشەی گەورەتر و دەشڵێت،" ئەمڕۆ بەڕێز خالید شوانی وەزیری دادی عێراق پەیامی یەکێتی و حکومەت دەگەیەنێتە سەرۆک وەزیران، کۆمەڵێک پێشنیاز دەخرێتە ڕوو بۆ چارەسەر ئەم کیشانە، یەکێک لەوانە مەلەفی ئەمنی لە سوپا وەربگیرێتەوە."
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپۆرتی دیار جەمال