ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی: بارزانی ئامادەی تەواوی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕاگەیاند

Your browser doesn’t support HTML5

کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندی دەم پارتی

ڕۆژی یەکشەممە 16ی مانگی دووی 2025، شاندی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی پەروین بوڵدان و سورەیا ئۆندەر گەیشتنە هەولێر و لە بارەی گەیاندنی پەیامی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.

لە دوای کۆبوونەکە بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوی کردەوە و ڕایگەیاند،" لە دیدارەکەدا شاندی میوان بیروبۆچوونی خۆیان لە مەڕ بارودۆخی سیاسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و وردەکاری و ئەنجامی دیدارەکانیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەڵان خستەڕوو."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە،" شاندی ئیمرالی ناوەڕۆکی پەیامی ئۆجەڵانیان بە سەرۆک بارزانی گەیاند و بارزانی لەو دیدارەدا وێرای بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد، جەختی لە بایەخی پرۆسەی ئاشتی وەک تاکە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری کردەوە و بە پێویستییشی زانی کە هەموو لایەک هەوڵی خۆیان لەوە چڕبکەنەوە کە پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام و ئامادەی تەواوی خۆیشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند."

دکتۆر ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سەردانی ئەم وەفدە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی دەربارەی مەلەفی کورد لە تورکیا وە تاکە ڕێگاش لەپێش هەموان پرۆسەی ئاشتیە."

وتیشی،" سەرۆک بازرانی ئامادەی خۆی نیشانداوە بۆ پشتیگری و هاریکاری پرۆسەی ئاشتی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بۆیە ئەو بەدڵنیایەوە ئەم مەلەفەی زۆر لای گرنگە و جەخت لەسەر پرۆسەکە دەکاتەوە کە بەشێوەی ئاشتی جێ بەجێبکرێت."

شاندەکەی دەم پارتی، دوێنی شەممە 15ی مانگی دووی 2025، گەیشتە شاری هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆبوونەوەیان دەبێت و چاوڕوان دەکرێت دوای گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان، شاندەکەی دەم پارتی کە دووجار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆبووەتەوە، بۆ جاری سێیەم لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کورستان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە.

بە خوێندنەوەی چاودێرانی سیاسی، پێویستە پرۆسەی ئاشتی سەرەتا لەنێوخۆیی کوردا جێ بەجێبکرێت و یەک دەنگ و یەک هەڵویست و یەک پەیامیان هەبێت ئەوکات دەتوانن پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سوریاش بەرپا بکەن.

مەریوان فەتاح، چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زۆر گرنگە جێ بەجێکردنی، چونکە زۆربەی ئەو ڕێژە زۆرە گەورەیەی گەلی کورد دەکەوێتە ئەو وڵاتەوە، دواتر تورکیا بۆ خۆیی وڵاتێکی زلهێزە لەناوچەکە و کاریگەری گەورەی خۆیی لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستاندا هەیە، لەئێستادا ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری گەورە دەڕوات بە پێی ئەوەی پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری لە جوگرافیای ناوچەکەش بکرێت ودواتر زلهێزەکان بتوانن ناوچەکە بە شێوەیەکی دیکە ڕێبکخەنەوە."

وتیشی،" لەئێستادا کورد باشترین هەلی ئەوەیە یەکگرتوو و یەکدەنگ و یەک پەیامی هەبێت، هەرچەند تاڕادەیەک بەرەو پێشچوونێک بەڕێوەیە لە سوریا ئەو قورسایەی کە لەسەر کوردانی سوریا هەیە تورکیایە، گەر بتوانن لەڕێگای ئەو ئاشتیەوە هەم کورد یەک بخرێت هەم بتوانرێت تاڕادەیەک پشوویەک بەر کوردانی سوریا بکەوێت بۆ ئەوەی بتوانن لە وڵاتی نوێی سوریا جێگای بکەنەوە."

ئەو چاودێرە سیاسیە باسی لەوەشکرد ،گەر وڵاتی تورکیا بگاتە ئەو ئاستەی کە بتوانێت ئاشتی بەرپا بکات یان بە پێچەوانەوە، کارێکی هەرە گرنگە و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە چەندەها جار کورد ئەو هەلانەی بۆ هاتووەتە و بەهۆی یەکنەگرتنیەوە

نەیتوانیوە هەلەکان بقۆزیتەوە، دەشڵێت،" لەئێستا ئەوەی دەیبنین لە عێراق یەکدەنگ نەبوونی کورد چەندەها کێشەی بۆ هەرێم دروستکردووە، بۆیە پێویستە پرۆسەی ئاشتی سەرەتا بیری لێبکرێتەوە لەناوخۆیی کورد بۆ هەر چوار پارچەکە بەرقەرار بکرێت، ئەوکات دەتوانرێت زۆر هەلی دیکە بەدەست بهێنێت."

بڕیارە شاندەکەی دەم پارتی سبەی دووشەممە 17ی مانگی دووی 2025 سەردانی پارێزگای سلێمانی بکەن و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و پەیامی ئۆجەڵان بە ئەوانیش بگەیەنن.

دوای نزیكەی 40 ساڵ لە پێكدادان و ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان، لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو جارێكی دیكە، پرسی گفتۆگۆكانی ئاشتی لە دوای پێشنیارێكی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بۆ ئۆجەلان ڕابەری زیندانیكراوی پەكەكە هاتە ئاراوە.

لە ساڵی 1993 وە بۆ ساڵی 2015 چەند هەنگاوێك بۆ پرۆسەی ئاشتی نراون، قۆناغی یەکەم لە ساڵی 1993 لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا نرا، قۆناغی دووەم لە ساڵی 1996 لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا نرا، قۆناغى سێیەمى هەوڵى چارەسەرى کێشەى کورد لە (2013) وە تا (2015) لەسەردەمى ئاک پارتى دەستیپێکرد، بەڵام هەنگاوەكان ئاشتییان بەدوای خۆیاندا نەهێنا هەرچەندە چەند ساڵێك چەكەكان بێدەنگ كران.

قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی لە توركیا

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە كۆبوونەوەی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا لە 26ی مانگی 11 ی 2024 وتی، "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت." دواتر وەفدی دەم پارتی لە 28ی مانگی 12 ی 2024 لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی كۆبوونەوە و پەیامێكیان بڵاوكردەوە .

قۆناغی دوای سەردانەكەی ئۆجەلان و پەیامەكەی

ڕۆژى 28ی مانگی 12 ی 2024 وەفدێكی دەم پارتی كە پێكهاتبوون لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر، سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکەیان لە زیندانى ئیمراڵى کرد و پاش کۆبوونەوەکە پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە کە " ئۆجەلان جەختی لە "برایەتی نیوان کورد و تورک" کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "بەهێزکردنی برایەتیی تورک - کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان. بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن، و بونیادنەرانە هەنگاو بنێن و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن."

ئۆجەلان لە 15ی مانگی 2 ی ساڵی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی میت لە کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا. دوای دادگاییکردنی، ڕۆژی 29ی 6 ی ساڵی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەمانی سزای لە سێدارەدان لە تورکیا، حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی قورسکراو.

هەرچەندە زانیارییە نافەرمییەكان ئاماژە بە دیدارێكی دیكەی ئیمراڵی دەدەن لەسەر پرۆسەی ئاشتی، بەڵام تا ئێستا ئەم زانیارییانە پشتڕاست نەكراونەتەوە.

شاندی دەم پارتی بڕیاریداوە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی کوردستان كۆببێتەوە و دواتر بە ڕەسمی پەیامێک بڵاوبکاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا دەوڵەت باخچەلی دەڵێت،" بەشێک لە دیدارەكە لە میدیادا بڵاوكراوەتەوە و هیوای برایەتی كورد و تورك و دیموكراسی زیاد كردووە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال