ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای ڕایدەگەیەنێت بۆردومان و هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان وایکردووە زیاتر لە 600گوندی سنوری مەترسی چۆڵبوونیان بکەوێتە سەر، بەو پێیە تەواوی دانیشتوانی ئەو ناوچە سنوریانە ژیانیان لەمەترسیدایە و چاودێرانی سیاسیش دەڵێن نابێت مەترسیەکان پشتگوێ بخرێن و پێویستە حکومەتی هەرێم هەڵوێستی هەبێت.
کامەران عوسمان، بەرپرسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەهۆی لەشکر کێشی و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان لە 1991 ەوە تا وەکو ئێستا 183 گوند لە هەرێمی کوردستاندا بە تەواوی چۆڵبوون و 602 گوندی دیکەش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، تەنانەت نەش توانراوە 400 گوند لە دوایی ڕاپەرین و هەروەها لە دوای دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوەدان بکرێنەوە بەهۆی هەبوونی شەڕ و ململانێ لەسەر سنورەکانی هەرێمدا."
وتیشی،" ئەو گوندانەی بەهۆی ئەو لەشکرکێشیانەی تورکیا چۆڵبوون یاخود مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە یاخود ئاوەدانەکراونەتەوە بەهۆی لەشکرکێشیەکانی تورکیاوە، بەزۆری دەکەونە سەر سنورەکانی پارێزگای دهۆک و سنورەکانی پارێزگای هەولێر کە لەگەڵ تورکیادا سنورن و چەند گوندێکی کەم دەکەونە سنوری پارێزگای سلێمانی کە بەهۆی لەشکرکێشیەکانی تورکیاوە مەترسیان لەسەرە."
چاودێرانی سیاسیش بەگرنگی دەزانن لەم ئان و ساتی مەترسیەکاندا حکومەتی هەرێم فشار دروست بکاتە سەر حکومەتی عێراقی تا خاکەکەی لە مەترسی زیاتری لەشکرکێشیەکانی تورکیا بپارێزێت.
هیوا سەید سەلیم، چاودێری سیاسی لەبارەی مەترسیەکان بۆ سەر خاکی هەرێم و پارێزراو نەبوونی ژیانی گوندنشیان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ساڵ بەساڵ دەبینین ئەو جوگرافیای دەکەوێتە سنوری ئۆپەراسیۆن فراوانتر بووە و لە ڕابردوودا گەر تەماشا بکەین بە قوڵای 15 کیلۆمەتر و 20 کیلۆمەتر تورکیا هاتبووە ناو خاکی هەرێمەوە ئەویش گەڕانەوبوو بۆ ئەو ڕێکەوتنەی سەردەمی بەعس کە لە نێوان تورکیا و عێراق کرابوون، کەچی لە ئێستادا تورکیا بە قوڵای 30 کیلۆمەتر و 40 کیلۆمەتر داخڵ کوردستان بوون."
وتیشی،" بە دڵنیایەوە گەر ڕێگای پێنەگیرێت زیاتر دێت خۆ ئەوان نایشارنەوە تموحیان زۆر لەوە زیاترە، لەلایەکی دیکەش بێدەنگبوونی حکومەتی عێراق لە ئاست ئەم مەترسیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەبینێت کە حکومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێکی نیە و بێدەنگە لە ئاست مەترسیەکان بۆیە ئەویش وەکو پێویست هەنگاوی نەناوە بۆ پاراستنی سنورەکان، بەدڵنیایشەوە ئەم مەترسیانە زیاتر و زیاتریش دەبن گەر بەربەستیان بۆ نەکرێت."
دەنگی ئەمەریکا لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر مەترسیەکان پەیوەندی بە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بێ وەڵامە.
بەگوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای لە ساڵی 1991 ەوە تاکو ئێستا 353 هاووڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کورستان بەهۆی لەشکرکێشی و ئۆپەراسینەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە 367 هاووڵاتی دیکەی مەدەنیش برینداربوون، هەروەها لە ساڵی 2023 تورکیا 1548 جار سنورەکانی بۆردومانکردووە و تەنها لە نۆ مانگی ساڵی 2024یشدا زیاتر لە 1600 جار بۆردومانی ناوچە سنوریەکانی کردووە.
کامەران عوسمان بەرپرسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەر جارە و لە گوندەکان قوربانی کەوتبێتەوە، ترس و دڵە ڕاوکێ لە نێو گوندنشیان بڵاوبووەتەوە و گوندەکان چۆڵکراون."
وتیشی،" بۆ نموونە لەم ساڵدا دوو هاووڵاتی مەدەنی کە خەڵکی نپاخن لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ بە ئامانج گیران لە دوای ئەو ڕووداوەوە هاوڵاتیانی گوندەکانی ناحیەی دینارتە و بناری چیای گارە لە قەزای ئاکرێ بەتەواوی گوندەکانیان چۆڵکرد و لەو شوێنانە نەماون."
بیانووی تورکیا بۆ هێرشەکانی بوونی گەریلاکانی پەکەکە و پاراستنی سنوری وڵاتەکەیەتی، ڕۆژی 29ی مانگی 10ی 2023 ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی وتارێکیدا لە دامەزراوەکانی پیشەسازی فڕۆکەوانی تورکیا لە ئەنکەرە، ڕایگەیاند، تورکیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی "هەموو هەڕەشەکان لەسەر وڵات، چ لە ناوخۆ یاخود دەرەوە". هەروەها بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکان دژی پەکەکە لە عێراق و سوریا."
Your browser doesn’t support HTML5
دیار جەمال