ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق ئەنجامی دەبێت، "چونکە سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستورە و بڕیاری ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بڕیاری دادگای فیدراڵییە.
سروە محەمەد رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دادگای فیدراڵی خۆی بڕیاری ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی داوە و سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار لەسەر ئەو بنەمایە بووە."
دەشڵێت، "سەرباری بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کەچی هەمیشە بە بیانووی کێشەی تەکنیکی و یاسایی مووچە دوادەخرێت."
ڕۆژی یەکشەممە، 9 ی مانگی دووی 2025، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاشکرایکرد، سەرۆککۆمار لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایی یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی تۆمارکردووە.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کرد، بەڵام ئامادەنەبوو وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
هاتنە سەر هێڵی لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەکاتێکدایە، یەکێک لەو ڕەخنانەی بەردەوام لەلایەن شەقامی هەرێمی کوردستانەوە دەگیرێت، بێ دەنگی بەرپرسانی کوردە لەبەغدا لە مەڕ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاند، "توشی سەرسوڕمان بووین بە بڕیارەکەی سەرۆک کۆمار بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، چونکە ئێمە مووچەمان خەرج کردووەو هیچ لای ئێمە نەماوە."
پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کور دو بەرکەوتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئەو حزبە هەڵوێستی فەرمییان لەبارەی سکاڵاکەی سەرۆککۆمار نەخستووەتەڕوو.
وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەتیکردەوە قسە لەبارەی سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق بکات.
سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و خۆ ئامادەکردنین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق."
سکاڵاکەی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکتری بە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش وایکردووە کێشەی بەردەوام بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست ببێت.
عەبدوڵا عەلیاوایی، ڕاوێژکاری پێشووی لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، لەبارەی سکاڵاکەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوو ساڵە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نادرێت و سەرۆککۆمار قسەی نەکردووە، کەچی ئێستا قسە دەکات کە لە کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی نزیک دەبینەوە."
دەشڵێت، "سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی هەیە داوا لە پەرلەمان بکات بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆکوەزیران، نازانم بۆچی بە سکاڵاوە خۆی سەرقاڵکردەووە."
بڕیارە لە مانگی دەی ساڵی 2025، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت. لە ئێستاوە حزب و لایەنە عێراقی و کوردییەکان سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن.