لە چاکسازی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر دوو دایک و حەوت منداڵی چینی، 3 ساڵە فەرمانی ئازادکردنیان هەیە و هەتا ئێستا هێڵڕاونەتەوە

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق دەرکەوتووە لە چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر، دوو دایکی چینی کە خاوەنی حەوت منداڵن سەرباری ئەوەی بڕیاری ئازادکردنیان لەلایەن دادگاوە بۆ دەرکراوە، کەچی سێ ساڵە لە چاکسازی هێڵڕاونەتەوە و ئازاد نەکراون، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمیش ئاماژە بەوە دەکات لەبەرئەوەی هیچ شوێنێکیان نیە بۆی بچن وەک لایەنی "مرۆڤایەتی" لە چاکسازی هێڵراونەتەوە و نایانەوێت فشاری چوونە دەرەوەیان لێبکەن.

شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ئەنجامی چاودێریمان بۆ سەر چاکسازیەکانی کوردستان و گرتوخانەکانی عێراق دەرکەوتووە، لە چاکسازی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر دوو ژنی چینی کە خاوەنی نۆ منداڵن و یەکێکیان پێنج منداڵی هەیە و ئەوی تر چوار منداڵ بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان هەبێت لە زینداندان و ئازاد نەکراون."

وتیشی،" بڕیاری دادگای تەمیزیان هەیە دەبێت ئەمانە ئازاد بکرێن و کوردستان و عێراق بەجێبهڵن، بەڵام لەبەر ئەوەی شوێنێک نیە کە ئەمانە وەربگرێتەوە حکومەتی هەرێم ناچارە لە چاکسازی بیانهێڵێتەوە و ئەوە نزیکەی سێ ساڵە چارەنوسیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە."

بەگوێرەی بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ساڵی 2016 لە شەڕێکی دەست و یەخەی چەکدارانی داعش لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە دەوربەری موسڵ، دوو چەکداری چینی دەستیگردەکرێن دواتر هەردوو چەکدارەکە دان بەوەدا دەنێن کە بەخێزانی هاتوونەتە عێراق و دوو خێزان و حەوت منداڵیان لەگەڵە و سەرجەمیان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستیگردەکرێن.

دوای ساڵێک دادگای هەولێر سزای لە سێدارەدان بۆ هەردوو چەکدارەکە دەردەکات و خێزانەکانی هەردووکیشیان یەکێکیان بەساڵێک سزا دەدات و ئەوی تریان بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەردەکات.

ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە ئەو دوو خێزانەمان ئازادکردووە، بەڵام خۆیان ناڕۆن و لە چاکسازی ماونەتەوە، هەوڵێکی زۆرمانداوە بۆ ئەوەی وڵاتی خۆیان وەریان بگرێت، بەڵام ژیانیان پارێزراو بێت هەتائێستا هەوڵەکان ئەنجامی نەبووە."

وتیشی،" منداڵەکان گەورەبوونە و هەموویان زۆر شەرمنن، ژنەکان منداڵەکانیشیان فێری قورئان خوێندن کردووە و لە ژوورەوە هەر قورئان دەخوێنن، ئەوان لەڕاستیدا ئێستا بوونەتە مایەی بارگرانی بۆ ئێمە و شوێنیان لێمان گرتووە، بەڵام وەکو لایەنە مرۆڤایەتیەکە هێشتووماننتەوە و نامانەوێت فشاری چوونە دەرەوەیان لێبکەین، چونکە کە هاتنە دەرەوە دەبێت کوردستان و عێراق جێ بهڵێن و هیچ شوێنێکیش وەریان ناگرێت."

تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لە عێراق ناڕازییە حکومەتی کوردستان ئەو دوو خێزانەی کە لە چاکسازیدان ڕادەستی حکومەتی چینی بکاتەوە، بەگوتەی ڕێکخراوەکە یاسای چین ڕێگە بەهەڵهاتووەکانی نادات و لە ئەگەری گەڕانەوەیان لە سێدارەدان بۆ هەردوو ژنەکە دەردەکات.

شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان لەعێراق ڕاشیگەیاند،" بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی نابێت بەڕێکەوتن ئەو دوو ژن و منداڵانە ڕادەستی وڵاتی خۆیان بکرێنەوە و وڵاتی سێیەمیش نیە لە خۆیان بگرێت، ناچار لەچاکسازی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر بهێڵرێنەوە و بە پێی بڕیاری دادگاش بێت هەر کە ئازادکران دەبێت بچنە دەرەوەی کوردستان و عێراق."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە کونسوڵخانەی چین کرد لە هەولێر لە ئەگەری ڕادەستکردنی ئەم دوو خێزانە چینیە، ئایا حکومەتی چین چ مامەڵەیەکیان لەگەڵدا دەکات، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

دوو ژن چینیەکە کە خێزانی چەکداری داعشن ناویان لەلای دەنگی ئەمەریکا پارێزراو و یەکێکیان دوو منداڵی هەشت ساڵان و نۆ ساڵانی لەگەڵدایە و دادگا بۆ ماوەی ساڵێک سزای بەسەریداوە و ئەوی تریان پێنج منداڵی هەیە و هەر پێنجیان لەگەڵە و تەمەنیان لە نێوان حەوت بۆ 12 ساڵاندایە و تەنها ڕاگیراوبووە و سزای بەسەردا نەدراوە و دادگا بڕیاری ئازادکردنی داوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ کەسوکارێک هەر ئەودووئافرەتە چینیەکە بەناچاری منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیاندا هێشتووەتەوە لە چاکسازی ژنان و منداڵان، بۆیە ئێستا چارەنوسیان لە تونێلێکی تاریکدایە لەنێوان پەتی سێدرارە یاخود مانەوە لە نێو چوار دیواری چاکسازیەکی کوردستان، یاخود وەرگرتنەوەیان لەلایەن وڵاتی سێهەمەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال