وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی دووشەممە لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی عەرەبستانی سعودیەی کرد.
ڕوبیۆ بڕیارە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا کۆببێتەوە، ئەمەش لە نێوەندی ناڕەزایی سعودیە و وڵاتانی عەرەبیدا بەرامبەر پێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکان بۆ دەرەوەی کەرتی غەززە.
سەرۆک ترامپ پێشنیاری کردووە ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی کەرتی غەززە بکات و فەلەستینییەکانیش لە کەرتەکە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ.
ئەو جۆرە پلانەش ڕەنگە ببێتە هۆی لە ناوبردنی هیواکانی سەرۆک ترامپ بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیل، بەرپرسانی سعودیە وتوویانە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ڕوونادات ئەگەر ڕێگەیەک نەبێت بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی.
ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا بە تەواوەتی پشتیوانی لە ئامانجەکانی ئیسڕائیل کرد لە جەنگەکەدا لە غەززە، ڕوبیۆ وتی حەماس " دەبێت لە ناوببرێت و " ناکرێت حەماس وەکو هێزێکی سەربازیی یاخود حکومی بەردەوام بێت."
لە کاتێکدا کە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە ماوەی دوو هەفتەدا بەسەردەچێت، ڕوبیۆ ڕۆژی یەکشەممە بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوی وت " هەتاوەکو ئەو کاتەی کە حەماس وەکو هێزێک بێت کە بتوانێت حکومڕانی بکات یاخود وەکو هێزێک بێت کە هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی بکات، ئاشتی مەحاڵ دەبێت. دەبێت لە ناوببرێت."