سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند:" هێزەکانی عێراق بە پشتیوانی هێزەکانی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش لە دەوروبەری ڕاوەتی عێراق و پێنج چەکداری داعشییان کوشتووە.
سەرکردایەتییەکە گوتی دوای هێرشە ئاسمانییەکە هێزەکان چوونەتە سەر شوێنەکە و لاشەی چەکدارانی داعش و چەندین جۆری چەک و نارنجۆل و تەقەمەنی خۆکوژی و تەقەمەنییان دۆزیوەتەوە.
گوتیشی ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە تایبەتەکانی عێراق بەشێکە لە هەڵمەتە بەردەوامەکەی شکستهێنان بە داعش و تێکدان و لە ناوبردنی تواناکانییان و تێکدانی تۆڕی هێرشەکانییان، هەروەها دڵنیابوونەوە لە شکستی بەردەوامی داعش. هاوپەیمانێتی دژ بە داعش پشتیوانی لە هێزە تایبەتەکانی عێراق کردووە لە ڕێی دابینکردنی پشتیوانی تەکنیکی و هەواڵگرییەوە.
سەرکردایەتییەکە گوتی داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش، لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانماندا بەردەوام دەبین لە لە ناوبردنی ئەم تیرۆریستانە.