کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕۆژی شەممە وتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە لە مانگی ڕابردووەوە نزیکەی ,000200 پەنابەر لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە بۆ سوریا.
ئەم لێشاوە دوای ئەوە دێت کە نزیکەی 300,000 پەنابەر لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لە لوبنان گەڕانەوە، لەو کاتەدا کە لە ژێر بۆردومانەکانی شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵادا بوون.
زۆرێکی دیکە لە پەنابەرە سوریاییەکان کە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا هەڵاتوون ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە بەمزووانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
بەڵام کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران فیلیپۆ گراندی لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ دیمەشق ئاگاداریدا لەسەر ئەوەی زۆرێک لەوانەی کە گەڕاونەتەوە ڕەنگە لە وڵاتەکە نەمێننەوە ئەگەر گوزەرانی وڵاتەکە باشتر نەبێت.
گراندی وتی " بۆ ئەوەی ئەم گەڕانەوەیە بەردەوام بێت و ژیان باشتر بێت بۆ هەموو سوریاییەکان، دەبێت ئابووری بگەڕێتەوە، دەبێت خزمەتگوزارییەکان بگەڕێنەوە، دەبێت گرەنتی ئاسایش بدرێت و نیشتەجێکردنیش دەبێت بابەتی پڕۆگرامێکی زۆر گرنگی ئاوەدانکردنەوە بێت."
گراندی داوای لابردنی سزاکانی ڕۆژئاوای کرد لەسەر سوریا، کە زۆربەی ئەو سزایانە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان کردبووە ئامانج، بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەوە لە 8 ی مانگی دوانزەدا، تاوەکو ئێستا ئەو سزایانە ماونەتەوە و لانەبراون.
گراندی وتی " سزاکان بەربەستێکی گرنگن لەبەردەم گەڕانەوەی پەنابەراندا."
دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 4.7 ملیۆن پەنابەری سوریایی لە وڵاتانی دراوسێ تۆمار کردووە، زۆرترین ژمارە لە تورکیایە بە جۆرێک نزیکەی 2.9 ملیۆن پەنابەری سوریایی وەرگرتووە، دواتر لوبنان دێت بە وەرگرتنی زیاتر لە 755,000 پەنابەر.
گراندی وتی لەگەڵ گەڕانەوەی پەنابەراندا، نزیکەی 600,000 لە کۆی ئەو 7 ملیۆن کەسەی کە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بوون، گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان.
بەرپرسانی کوردیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئازادکردنی هەندێک لە سوریاییە دەستبەسەرکراوەکان لە کامپی هۆلی قەرەباڵغدا کە ئەندامانی خێزانەکانی داعشییان تێدا گیراوە، ڕێگە بە هەندێک لە سوریاییە دەستبەسەرکراوەکان دەدەن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
لە کاتێکدا کە نیگەرانی هەن لەسەر ئەوەی کە هەندێک لەمانە هێشتا فیکری توندڕەویی داعشییان هەیە، گراندی وتی " ئەگەر ئەو سوریاییانەی کە دەمێکەیە ئاوارە بوون لە باکووری ڕۆژهەڵات و دەرفەتێکییان هەبێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکەدا، ئەوا ئەمە پێشوازی لێدەکرێت."
سەرچاوە/ AP
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای یارمەتی زیاتر بۆ سوریا دەکات لە کاتێکدا پەنابەران بە کۆمەڵ دەگەڕێنەوە
