لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە لەلایەن بەرپرسانی نوێی سوریاوە پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییە کوشندەکانی ئەمدواییانە لە وڵاتەکەدا، ڕۆژی سێشەممە 11ی مانگی سێ ڕایگەیاند وڵاتەکە سوورە لەسەر "ڕێگریکردن لە تۆڵەکردنەوەی نایاسایی."
یاسر ئەلفەرحانی وتەبێژی لێژنەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشق وتی "سوریای نوێ سوورە لەسەر پیرۆز ڕاگرتنی دادپەروەریی و سەروەریی یاسا، پاراستنی مافەکان و ئازادییەکانی دانیشتوانەکەی، ڕێگریکردن لە تۆڵەکردنەوەی نایاسایی و گرەنتیدان لەسەر ئەوەی کە پارێزبەندی نەبێت."
فەرحان وتی کۆمیتەکە کاردەکات بۆ کۆکردنەوە و پێداچوونەوە بە بەڵگەکانی پەیوەست بە توندوتیژییەکان لە کەناری سوریا، لە ناوجەرگەی شوێنی کەمینە عەلەوییەکان کە بەشار ئەسەدی دوورخراوە ئەندامێکە لەو کۆمەڵگە کەمینەیە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی لە ڕۆژی پێنجشەممەوە هێزەکانی ئاسایش و گروپەکانی لایەنگری لانیکەم 1,093 کەسییان کوشتووە.
ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە رایگەیاند "کوشتارییەکانی " بە بەڵگە تۆمار کردووە کە " وادیارە لەسەر بنەمای خێڵایەتی بوون."
وتی "لە چەند حاڵەتێکی زۆر بێزارکەردا، سەرانسەری خێزانەکان، بە ژن و منداڵ و تاکەکانی دیکەشەوە، کوژراون، بە تایبەتیش ئەو شار و گوندانە کراونەتە ئامانج کە زۆرینەی دانیشتوانەکانییان عەلەوی بوون."
فەرحان وتیشی لێژنەکە گوێبیستی " شایەتحاڵان " دەبێت و شێوازێکی پەیوەندیکردن بۆ خەڵکەکە دروست دەکات تاوەکو بتوانن قسە لەگەڵ لێکۆڵەرەوەکاندا بکەن، هەروەها بەڵگە ڤیدیۆییەکانیش لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.
فەرحان وتی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەدرێت بە سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی دادوەری.
ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکایەتی سوریا پێکهێنانی لێژنەیەکی ڕاگەیاند بۆ " لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان دژی هاووڵاتیانی سڤیل و ناسینەوەی ئەوانەی بەرپرس بوون لەو پێشێلکارییانە."
وتی ئەوانەی کە بەرپرس بوون ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەریی دەکرێن.
توندوتیژییەکان ڕۆژی پێنجشەممە دەستییان پێکرد دوای ئەوەی هەوڵدرا گومانلێکراوێکی داواکراو دەستگیربکرێت، بە هێرشێکی لایەنگرانی ئەسەد بۆ سەر هێزەکانی ئاسایش و بەوەش دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو.
کوشتنەکان کە بە زۆری کەمینە عەلەوییەکانی ئەسەدییان کردە ئامانج، لەلایەن ڕوانگە و سەرکردە ناوخۆییەکانی کریستییانەکان و بەرپرسانی ئیسڕائیل و ئەمەریکاوە بە " کۆمەڵکوژی " ناوبراوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی حکومەتی سوریا: دیمەشق سوورە لەسەر ڕێگریکردن لە "تۆڵەکردنەوەی نایاسایی"
