پاکستان هۆشداریدا لەسەر ئەوەی هەزاران هاووڵاتی ئەفغانی کە چاوەڕێ دەکەن لە ئەمەریکا نیشتەجێ بکرێن ڕەوانەی ئەفغانستان دەکرێنەوە ئەگەر دۆسییەکانییان ڕەت بکرێتەوە یاخود لە کاتی خۆیدا بەرەوپێش نەچن.
وەزیری دەرەوەی پاکستان ئیسحاق دار لە ماوەی چاوپێککەوتنێکدا هۆشداریدا و وتی ئەمەریکا بەڵێنیداوە ئەو ئەفغانییانەی کە لە پاکستانن " لە مانگی نۆی ئەم ساڵدا " دەگوازرێنەوە.
دار بە کەناڵی تەلەفزیۆنی TRT ی تورکی وت " ئەگەر هەر پەنابەرێک کە بڕیار بووە لەلایەن وڵاتێکی ترەوە وەربگیرێت و دوای پڕۆسە یاساییەکە وەرنەگیرێت، بێ گوێدانە کاتەکە، ئەوا بۆ ئێمە پەنابەرێکی نایاسایی دەبێت لە پاکستان، لەوانەیە ناچار بین ئەو پەنابەرانە بنێرینەوە بۆ وڵاتی ڕەسەنی خۆیان کە ئەفغانستانە."
بەڵام وتیشی کە ئیسلامئاباد ئامادەیە ئەم کێشەیە لەگەڵ واشنتندا چارەسەر بکات، وتی حکومەتەکەی " شیکاری بۆ دۆخەکە دەکات و بەو پێیەش گفتوگۆی لەسەر دەکات."
مانگی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داواکانی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە ئەمەریکا و پلانەکانی گەشتکردنی ڕاگرت، تاوەکو کاتێکی دیاری نەکراو، ئەوەش لە پێناو دڵنیابوونەوە لەوەی کە هاتنی پەنابەران بۆ ناو ئەمەریکا لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکاندا بگونجێت.
ئەو بڕیارە بووە هۆی ئەوەی نزیکەی 45,000 ئەفغانی کە خۆیان ئامادە کردبوو لە ئەفغانستان دەربچن و لانیکەم 15,000 پەنابەری ئەفغانی دیکە لە پاکستان گیربخۆن، ئەمەش بەپێی ڕێکخراوی ئەفغان ئیڤاک کە یارمەتی ئەفغانییەکان دەدات لە گواستنەوەیان و نیشتەجێکردنییان لە ئەمەریکادا.
ئەم ئەفغانییانە بەشێکن لەو خێزانە ئەفغانییانەی کە دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لە ساڵی 2021 دا لە ئەفغانستان هەڵاتن، ئەوەش لە ترسی تۆڵەسەندنەوە لێیان چونکە پەیوەندییان بە هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆوە هەبووە لە ماوەی بوونی ئەو هێزانەدا لە ئەفغانستاندا.
لە کاتێکدا کە نزیکەی 80,000 کەس لەم ئەفغانییانە لە پاکستان گواستراونەتەوە، بەرپرسان لە ئیسلامئاباد دەڵێن نزیکەی 40,000 کەسی دیکە لە پاکستان ماونەتەوە و گیرییان خواردوووە و نزیکەی 15,000 کەسییان بڕیار بووە بگوازرێنەوە بۆ ئەمەریکا.
لە دوای دەستپێکردنی سەرکوتکردنی کۆچبەرە بیانییە نایاساییەکانەوە لە مانگی نۆی ساڵی 2023 ەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پاکستان بە شێوەیەکی زۆرەملێ زیاتر لە 825,000 کۆچبەری نایاسایی ئەفغانی ڕەوانەی ئەفغانستان کردووەتەوە.
حکومەتی پاکستان لەمدواییانەدا سەرکوتکارییەکەی توندتر کردووەتەوە، کۆچبەرە نایاسایی و یاساییە ئەفغانییەکانیش دەکاتە ئامانج.