Accessibility links

ئەستێرەناسان بەهێزترین با لەسەر هەسارەیەکی نامۆ دەستنیشان دەکەن


لە بەرگە هەوای سەرەوەی زەویدا، باندێکی هەوا بە خێرایی 442 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا هەڵدەکات، بەڵام ئەمە بەهێزترین بای سیستمی خۆری
ئێمە نییە. خێرایی با لەسەر نیپتۆن دەگاتە 2000 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. ئێستا ئەستێرەناسان دەڵێن ئەم بایانە بە بەراورد بە بای جێت ستریم کە لەسەر هەسارەیەکی نامۆ کە پێی دەوترێت 'WASP-127b'، هەڵدەکات، تەنها شنەبایەکن.

ئەستێرەناسان بایەکییان بە خێرایی 33000 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بینیوە لەسەر ئەم هەسارە گازییە گەورەیە کە دەکەوێتە گەلەستێرەی ڕێگای شیریمان و نزیکەی 520 ساڵی ڕووناکی لە زەوییەوە دوورە و بە دەوری ئەستێرەیەکی هاوشێوەی خۆری ئێمەدا دەخولێتەوە. ساڵی ڕووناکی دووریی گەشتی ڕووناکییە لە ساڵێکدا، 59. تریلیۆن کیلۆمەتر.

ئەو با بەهێزە دەنگبڕەی کە لە هەسارەی WASP-127b بیندراوە و بە جێت ستریم ناسراوە خێراترین بایە کە تاوەکو ئێستا لەسەر هەر هەسارەیەک بیندرابێت.

نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە ئەستێرەناس لیسا نۆرتمانی زانکۆی گۆتنگێن لە ئەڵمانیا دەڵێت " بایەکی زۆر بەهێز لەسەر ئەم هەسارەیە دۆزراوەتەوە. خێرایی باکە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرزە."

زیاتر لە 5,800 هەسارە لە دەرەوەی سیستمی خۆریمان دۆزراونەتەوە و پێیان دەوترێت هەسارە دەرەکییەکان. WASP-127b جۆرێکە پێی دەوترێت " جوپیتەری گەرم "، هەسارەیەکی زەبەلاحی گازییە کە زۆر لە نزیک ئەستێرەکەیەوە دەخولێتەوە. تیرەی WASP-127b لە سەدا 30 گەورەترە لە جوپیتەر، جوپیتەر گەورەترین هەسارەیە لە سیستمی خۆری ئێمەدا. بەڵام بارستەکەی تەنها نزیکەی لە سەدا 16 ی جوپیتەرە، ئەمەش وادەکات WASP-127b یەکێک بێت لەو هەسارانەی کە کەمترین چڕییان هەبێت.

هاونوسەری توێژینەوەکە دەیڤد کۆنتی زانکۆی لودویگ ماکسیمیلیانی میونخ لە ئەڵمانیا وتی " WASP-127b هەسارەیەکی زەبەلاحی گازییە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە لە ژێر چینەکانی بەرگەهەواکەیەوە هیچ ڕووکەشێکی ڕەق و بەردیی نیە. لە بری ئەوە گاز هەیە."

نزیکەی چوار ڕۆژ جارێک بە دەوری ئەستێرەکەیدا دەسوڕێتەوە، بە نزیکەی لە سەدا 50 ی مەودای نێوان زەوی و خۆر دەسوڕێتەوە. وەک مانگەکەمان بۆ زەوی، لایەکی WASP-127b هەمیشە ڕووی لە ئەستێرەکەی دەبێت. لایەکەی دیکە کە شەوە تێیدا هەمیشە ڕووی لە دیوە دوورەکەیەتی. پلەی گەرمی بەرگە هەواکەی نزیکەی 1127 پلەی سەدییە و ناوچە جەمسەرییەکانی کەمتر گەرمترن.

هەسارە دەرەکییەکە هاوشێوەی جوپیتەر بە زۆریی لە هایدرۆجین و هیلیۆم پێکهاتووە، بەڵام بەرگە هەواکەی شوێنەواری ماددە ئاڵۆزەکانی وەکو مۆنۆکسایدی کاربۆن و ئاویشی پێوە دیارە.

کۆنت دەڵێت " وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە چی دەبێتە هۆی ئەم بایە بەهێزانە، قورسە، چونکە چەندین هۆکار هەن کاریگەریی لەسەر شێوازی باکان دەکەن لە بەرگە هەوای هەسارە دەرەکییەکاندا."

وتیشی " سەرچاوەی سەرەکی وزە بۆ ئەم بایانە تیشکدانەوەیە لە ئەستێرەی خانەخوێیەوە "، بەڵام هۆکارەکانی تریش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە شێوەی شێوازەکانی بادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG