وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەبارەت بە هەوڵەکانی واشنتن بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و بەرپەرچدانەوەی بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی ئەو حکومەتە و نەهێشتنی هەڕەشە و مەترسیەکانی گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە گفتوگۆی کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە ڕۆژی دووشەممە 10ی مانگی سێ، سکات بەسێنت،وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لەو بارەوە لەگەڵ محەمەد بن عەبدوڵا ئەلجەدعان وەزیری دارایی سعودیە قسەی کردووە و جەختی لە گرنگی هاوکاری هاوبەش لە بەرامبەر ئاستەنگ و دەرفەتە نوێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا کردووەتەوە.
دوو هەفتە لەمەوبەر پیت هێگسەت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ شازادە خالید بن سەلمان هاوتا سعودییەکەی کۆبووەوە و تاوتوێی پشتیوانییەکانی ئەمەریکایان بۆ عەرەبستان کرد لە بەرامبەر ئەگەری هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بریکارەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکان ئەو وڵاتە.
لەم دواییانەدا، گیدئۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند یەکێک لە دەرئەنجامەکانی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، دروستبوونی "کێبڕکێی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەبێت، لەنێویاندا لەنێوان میسر، سعودیە و تورکیا.
سعودیە ڕۆڵێکی کارای لە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بینیوە، بەتایبەتی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە میوانداریکردنی لوتکەی ئەمەریکا و ڕووسیا و هەروەها کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا.
ئەمەریکا و سعودیە لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامەی ناوکی و ڕۆڵی تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکەدا گفتوگۆ دەکەن
