Accessibility links

شارەزایان: فشارەکانی ترامپ لەسەر عێراق بۆ ڕاگرتنی کڕینی غازی ئێران دەشێت لە بەرژەوەندی هەرێم بێت


خۆر ئاوابوون لە پشت هێڵەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق لە شاری بەسرەی عێراق، 29ی حەوتی 2021
خۆر ئاوابوون لە پشت هێڵەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق لە شاری بەسرەی عێراق، 29ی حەوتی 2021

شارەزایانی بواری وزە ڕایان وایە فشارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لەسەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و کڕینی غاز لە ئێران هەردووکی یەک پاکێجە و لێدانە لە بەرژەوەندیەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، هەروەها دەشڵێن، فشارەکەی ئەمەریکا کێشەی گەورە بۆ عێراق دروست دەکات، بەڵام هەرێم لێی زەرەرمەند نابێت و پێدەچێت لە بەرژەوەندیشیدا بێت.

محەمەد حسێن توێژەر و ئابوریناس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئیدارەی ترامپ فشار لە بەغداد دەکات هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە و بۆ ئەوەی چی تر بە تەنکەر نەفرۆشرێت، چونکە باوەڕیان وایە نەوتی هەرێم بە تەنکەر دەفرۆشرێت بە ئێران و ئێران سوود مەندی یەکەمە لێی، لە بەندەری جەیهانەوە نافرۆشرێت، بۆیە بە گەرمی دەیانەوێت کۆتایی بەم تەنکەر فرۆشتنە بهێن، بە عێراقیەکانیشی وتووە بۆتان نییە غاز لە ئێران بکڕن، چونکە پێچەوانەی ئەو سزایانەیە کە ئیدارەی ئەمەریکا خستویەتیە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران."

ئەو ئابوریناسە پێشی وایە،" بۆیە هەردوو خاڵەکە، فشارەکانی ئیدارەی ترامپە بۆ کۆتایی هاتنی بەرژەوەندیەکانی ئێران لە عێراق لە چوارچێوەی ئابلۆقەی ئابوریدایە."

ڕۆژی 21ی مانگی دوو، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە هەشت سەرچاوەی ئاگاداری بابەتەکە بڵاویکردۆتەوە، کە بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و ئەگەر ئەوە نەکات، ڕووبەڕووی سزاکان دەبێتەوە.

هاوکات ڕۆژی شەممە 8ی مانگی سێ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیارێکی ئەمەریکای بۆ لێخۆشبوون لە عێراق لەسەر کڕینی کارەبای ئێران هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی " زۆرترین فشاری " سەرۆک ترامپدا دێت دژی ئێران.

بە ڕای شارەزایان فشارەکانی ئیدارەی ترامپ لەسەر عێراق بۆ ڕێگری کردن لە کڕینی غاز لە ئێران، کێشەی گەورەی کارەبا بۆ عێراق لە هاوینی داهاتوودا دروست دەکات و پێناچێت عێراق جێگرەوەی خێراشی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری نەوت و غاز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" عێراق سوودمەند دەبوو لەو غازە سروشتیەی ئێران کە لێی کڕیبوو، بۆیە کێشەی گەورەی کارەبای بۆ دروست دەبێت، بە تایبەت لەم هاوینەدا، چارەسەری نەکات، ئەزمەی گەورەی کارەبا ڕوو لە عێراق دەکات، چونکە هەموومان دەزانین هاوینی عێراق گەرمە و خواستی لەسەر کارەبا زیاد دەبێت."

ئاماژەشی بەوەدا،" عێراق لە هاویندا ڕۆژانە 50 ملیۆن پێ سێجا غازی هاوردە دەکرد، وە لە زستاناندا دادەبەزی بۆ نزیکەی 25 ملیۆن پێ سێجا، ئەم غازەی کە لە ئێران دەکڕا بەکار دەهێندرا بۆ بەرهەمهێنانی 2500 مێگاوات کارەبا، بەڵام کێشەکە پەیوەندی بە هەرێمەوە نابێت، چونکە سیستەمی کارەبای جیاوازە، سەرچاوەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی هەرێم کۆرۆمۆرە، کە ڕۆژانە 500 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنێت، ئەو غازەش بەکار دەهێنیت بۆ بەرهەمهێننی کارەبا."

ڕۆژی 9ی مانگی سێ، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زمانی سێ سەرچاوەی باڵاوە بڵاوی کردەوە، عێراق هیچ جێگرەوەیەکی دەستبەجێی نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کارەباییەی لە ئێرانەوە هاوردەی کردووە.

هاوکات بەرپرسێکی باڵای کارەبای عێراق بە ئاژانسەکەی وتووە، حکومەت دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی بڕیارەکەی ئەمەریکا لەسەر کارەبای عێراق.

بەڵام محمەد حسێن دەڵێت، پێدەچێت عێراق ناچار بێت پەنا بۆ کڕینی غازی هەرێم ببات لە داهاتوودا و ڕایگەیاند،" هەرێمی کوردستان غازی هەبێت بیفرۆشێتە عێراق، بڕیارە غازی کۆرۆمر بە بۆری بفرۆشنە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای تازە خورماتوو، کەسەر بە عێراقە، هاوکات ئەگەر ئەم غاز فرۆشتنە ڕاستەوخۆ ڕونەدات، لە ڕێگەی دانا غازەوە دەیفرۆشنە قەیوان گروپ و کار گروپ، تا بتوانن کارەبا بۆ عێراق بەرهەم بهێنن."

ئەو دەشڵێت،" لەم ڕووەوە ئەم فشارانەی ئیدارەی ئەمەریکا عێراق ناچار دەکات، ئاوڕێک لە غاز و کارەبای هەرێم بداتەوە و لێی بکڕن، هەرچەندە کێشەی عێراق چارەسەر ناکات، بەڵام هەریکاری نەوت و غاز و فرۆشتن لە نێوان هەرێم و عێراق زیاد دەکات و شەراکەتی هاوبەشیان بەهێزتر دەکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:45 0:00



XS
SM
MD
LG