Accessibility links

دوو سەرچاوەی سەربازی: ژمارەی چەکداری کورد لە نێو داعش زیادیکردووە


سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە پارێزگای کەرکوک جم و جۆڵیان هەیە ژمارەیەکیان کوردن و لەگەڵ چەکدارە عەرەبەکان لە چوارچێوەی مەفرەزەی گەڕۆکدا ڕێکخراونەتەوە.

سەرچاوە باڵا سەربازییەکەی پارێزگای کەرکوک کە لە بەر هەستیاری پێگەکەی نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناسنامەی 27 چەکداری داعش لە باشوری کەرکوک و 23 چەکدارتر لە ناوچەی زەرگەی سنوری قەزای خورماتوو، هەروەها 6 چەکداریش لەناوچەی غەڕەو پەڵکانە لای دەزگا ئەمنییەکان ڕوونن."

جەختکردنەوەی سەرچاوە سەربازییەکە لە ناسنامەو شوێنی چەکدارانی داعش لەکاتێکدایە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق وهەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنەکانیان لەناوچەی غەڕەو پەڵکانەی سنوری قەزای خورماتوو چڕکردووەتەوە.

سەرچاوەکە دەڵێت،"لە کۆی ئەو 56 چەکدارەی ناسنامەیان لای دەزگا ئەمنییەکانە، گومان دەکرێت 11 چەکداریان کورد بن."

لای خۆیەوە، وەهاب ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی زنانەی سنوری قەزای خورماتوو، بوونی چەکداری کوردی لە نێو داعش پشتڕاستکردەوەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"چەکدارە کوردەکانی نێو داعش کوردی ئێران و کوردی هەرێمی کوردستانیشیان تێدایە."

ناوچەی وادی شای لە باشوری کەرکوک، ناوچەی زەرگەی سنوری قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین، ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی باکوری رۆژهەڵاتی خورماتوو، هەروەها سنوری زنجیرە چیای حەمرین و گوندە دوورە دەستەکان لە ئێستادا ئەو ناوچانەن بە پێگەی داعش دادەنرێن.

بۆ پاراستنی چەکدارەکانی لە هێرشی فڕۆکەو ئۆپەراسۆنی سەربازی لە دژیان، داعش لە ئێستادا چەکدارەکانی بۆ سەر مەفرەزەی گەڕۆکی بچووک بچووک دابەشکردووەو جم و جۆڵی چەکدارەکانیشی سنوردار کردووە زیاتر لە ڕێگەی ماتۆڕسکیلەوە ئەنجامی دەدەن.

بەرپرسێکی سەربازی کورد لە پارێزگای سەڵاحەدین کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تێبینی زیادبوونی چەکداری کوردمان لە ویلایەتی کەرکوکی داعش کردووە، بەشێک لەو چەکدارانە کوردی ئێرانن."

بەرپرسەکە دەڵێت،"یەکێک لە چەکدارە کوردە ئێرانییەکانی ویلایەتی کەرکوکی داعش بە ابوجابانی کوردی ناسراوە، ئەم چەکدارە شارەزای بواری دانانی بۆمبەو خۆشی قاچێکی بڕاوەو قاچی دەستکردنی بۆ دروستکراوە."

ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی سنوری قەزای خورماتوو بەیەکێک لە پێگەکانی داعش لە عێراق دادەنرێت، ئەم ناوچەیە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالەو سەڵاحەدین پێکەوە گرێ دەدات و لەلایەن داعشەوە کراوە بە شوێنی حەوانەوەو مەشقکردن و گواستنەوەی چەکدار لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر.

ڕۆژی 19 ی مانگی دووی 2025، کاتێک ژمارەیەک شوانکارەی کورد سەرقاڵی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان بوون لە سنوری غەڕەو پەڵکانە، ژمارەیەک چەکداری داعش هەوڵی دەستگیرکردنی شوانکارەکانیان دا، بەڵام ڕووبەڕوویان بوونەوەو شەڕ دروستبوو.

لە ئێستادا هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی چەکدارانی داعش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە ئەنجام دەدەن.هەرچەندە تا ئێستا توشی ڕووبەڕوو بوونەوە نەبوون لەگەڵ چەکدارانی ئەو ڕێکخراوەدا، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو حەشارگەی چەکدارەکانیان تێکداوە.

وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە دەڵێت،"ماوەیەک داعش جم و جۆڵی زۆری هەبوو لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکان سنورداکردنی جوڵەی داعشە."

سەرباری ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هەرێم، فڕۆکە عێراقییەکان ناو بەناو چەکدارانی داعش بۆردومان دەکەن، کاتێک جم و جۆڵیان دەبێت و دەیانەوێت پلانی هێرش بۆ سەر خاڵە سەربازییەکان جێبەجێ بکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:59 0:00

XS
SM
MD
LG