Accessibility links

قائیمقامی هەڵەبجە بۆ VOA:چاوەڕوانین بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە پێش 37مین ساڵیادی كیمیابارانی شارەکە وەک مژدەیەک لە بەغداوە ڕابگەیەنرێت


وەفدێک لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەدواداچوون بۆ تەواوكردنی هەنگاوە ئیدارەیەكانی هەڵەبجە وەک 19مین پارێزگای عێراق و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆژە یاساكە سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ سەرۆک كۆمار و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و فراكسیۆنە كوردیەكان كۆبوونەوە .

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 8ی مانگی 3ی 2025 وەفێكی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە كە پێكهاتبوون لە نوخشە ناسیح قائیمقامی هەڵەبجە و نوێنەرانی هەڵەبجە لە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیبارانی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری، سەردانی بەغدایان كردوو، بۆ ماوەی 2 ڕۆژ لە بەغدا ژمارەیەک دیدار و كۆبوونەوەیان پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە ئەنجامدا.

كارمەران مستەفا ئەندانی وەفدی دانوستانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" لەگەڵ سەرۆک كۆماری عێراق و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرجەم فراكسیۆنەكوردییەكان كۆبووینەوە و داوامان كرد، خوێندنەوەی كۆتایی بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە بكرێت، پێیان وتین لە دانیشتنی ئەم جارەی پەرلەمان پڕۆژەكە دەخرێتە بەرنامەی كارەوە."

كامەران مستەفا وتیشی،" كۆمەڵێک ئاڵەنگاری لەبەردەم پڕۆژە یاساكە هەن، كە چەند قەزای دیكە لە عێراق داوایان كردووە، بكرێنە پارێزگا، ئێمە داوامان كرد كە تێكەڵ بە كەیسی پارێزگای هەڵەبجە نەكرێن،"

پڕۆژەیاسای بە پارێزگاناساندنی هەڵەبجە لە 5ی مانگی 5ی 2023 ی خوێندنەوەی یەكەمی لە پەرلەمانی عێراق بۆكراو دواتر خوێندنەوەی دووەمی بەسەركەوتووی كۆتایی هات، لە 18ی مانگی 9 ی 2023 دوای دانانی بڕگەی دەنگدانی كۆتایی لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگاناساندنی هەڵەبجە وەك 19مین پارێزگای عێراق، بڕگەكە لادراو و لە دوای ئەو بەروارەوە نەتوانراوە بخرێتەوە بەرنامەی كارەوە .

پڕۆژە یاسای بە پارێزگا ناساندنی هەڵەبجە كە لە چوار مادە پێكهاتووە و بە ناونیشانی "هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراق" بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ ژمارە23131 لە كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 11 لە 13ی مانگی 3ی 2023 پەسەندكرا و بە نووسراوی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 12497 لە 14ی مانگی 3 ی 2023 كرا، دوای دوو خوێندنەوە بۆپڕۆژە یاساكە خوێندنەوە كۆتایی بۆ نەكرا.

ماوی سێ هەفتەیە بەهۆی ناكۆكی لایەنە شیعیەكان لەسەر پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە حەشدی شەعبی، پەرلەمان نەیتوانیووە رێژەی یاسایی كۆبكاتەوە بۆ ئەنجام دانی دانیشتنی پەرلەمان، چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و پڕۆژەیاسای هەڵەبجەش بخرێتە بەرنامەی كارەوە.

ئاریان تاوەگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند. " پڕۆژەیاسای هەڵەبجە هەنگاوی باشی بڕیووە و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە، كەمینەیەک لە لایەنی شیعی و سونیەكان دژایەتی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە دەكەن، كە بە گوێرەی خوێندنەوەكانی ئێمە كەمینەن و زۆرینەی فراكسیۆنەكان هاوسۆزن لەگەڵ هەڵەبجە، چاوەڕوان دەكەین كە لە كۆبوونەوەی داهاتوو پڕۆژە یاساكە بخرێتەوە بەرنامەی كار."

ئاریان تاوەگۆزی وتیشی،" هەندێک ناوچەی وەک تەلعەفەر و سامەڕاو فەلوجە ناویان دەهێنرێت كە بكرێنە پارێزگا، بەڵام ئەو شوێنانە هیچ هەوڵێكی جدیان بۆ نەدراوە و تەنها وەك ناو باس دەكرێن، ئێمە دژی هیچ ناوچەكی دیكەنین كە بكرێتە پارێزگا و نامانەوێت هەڵەبجەش تێكەڵ بە شوێنەكانی تربكرێت."

هەڵەبجە لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا، لە ساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەکو پارێزگا ناسێنرا و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرکرا، لە 13ی 3ی 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری پارێزگاکردنی بۆ دەرچوو، وە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 13ی 3 ی 2023، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی بڕیاری تەواوکردنی هەنگاوە ئیداریەکانی وەک 19هەمین پارێزگای عێراق بۆ درا بەڵام تا ئێستا هەنگاوەكە كۆتایی نەهاتووە.

بەرزان عوسمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " لە ساڵی 1999 پەرلەمانی كوردستان بڕیاری داوە هەڵەبجە بكرێتە پارێزگا و بە گوێرەی دەستوری عێراق، هەموو ئەو بڕیارانەی پێش ساڵی 2003 لە هەرێمی كوردستان دراون یاساین، داوامان لە سەرۆک كۆماری عێراق و سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنە كوردیەكان،پێش كۆتایی هاتنی تەمەنی پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاساكەی هەڵەبجە خوێندنەوەی كۆتایی بۆبكرێت و پشتیوانی خۆیان بۆ دووپات كردینەوە."

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک كۆماری عێراق،لە پرێس كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، هیچ ئاستەنگێكی هونەری و یاسایی لەبەدەردەم پڕۆژە یاسای بە پارێزگا ناساندنی هەڵەبجە نیە .

هاوڕێ تۆفیق بەرپرسی ڕاگەیاندنی نوسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق لە پرس كۆنفراسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەكەی پەسەند كردووە و دوو خوێنەوەی لە پەرلەمانی عێراق بۆكراوە، سەرۆك كۆماری عێراق پشتیوانی خۆی بۆ ئەم پرۆژەیە دووپاتكردەوە و ڕایگەیاند وەفاداریە بۆ خوێنی شەهیدەكان هەڵەبجە بكرێتە پارێزگا."

هاوڕێ تۆفیق وتیشی،" ئێمە پڕۆژەیاساكەمان لایە و هیچ بەربەستێكی یاسایی و كارگێڕی و هونەری تێدانیە و تەنیا پێویستی بە كۆكردنەوەی دەنگە هەتا خوێندنەوەی كۆتایی بۆ بكرێـت."

نوخشە ناسیح قائیمقانی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبووینەوە، ئێستا هەموو بنەمایەكی پارێزگامان هەیە و بەشێک لە بەڕێوبەرایەتیە فیدڕاڵیەكانیش لە هەڵەبجەكراونەتەوە، چاوەڕوان دەكەین كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەنگدانی كۆتایی لەسەر پڕۆژە یاساكە بدرێت."

نوخشە ناسیح گوتیشی،" لە ساڵی 2022 وەفدێكی وەزارەتی پلاندانی عێراق سەردانی هەڵەبجەیان كردوو و نەخشەی كارگێڕی پارێزگای هەڵەبجە نێراوە بۆ پەرلەمانی عێراق و پێدەچێت پێش 16ی 3ی 2025 دەنگدانی كۆتایی لەسەر پڕۆژە یاساكە بدرێت."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەسەر كۆبوونەوەكەی لەگەڵ وەفدەكەی هەڵەبجە دەڵێت،" سەرۆکی پەرلەمان داواکارییەکی نووسراوی لە وەفدەكەی هەڵەبجە وەرگرتووە، كە داوایانكردووە، هەڵەبجە لە قەزاوە بكرێتە پارێزگا و لە ڕێگەی پەرلەمانەوە یاسایەكی بۆ دەربكرێت."

مەشهەدانی دەشڵێت،" پشتیوانیی خۆی بۆ داخوازیەكانی هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکان دەربڕی، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت و یەکێتیی عێراق بەهێز بکات".

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:20 0:00

XS
SM
MD
LG