Accessibility links

تورکیا دەڵێت جگە لە پەکەکە، هێزەکانی رۆژئاواش دەبێت لەچەک داماڵرێن و هەڵبوەشێنرێنەوە


وەزارەتی بەرگری تورکیا رۆژی پێنجشەممە6ی مانگی سێ ڕایگەیاند "پەکەکە و هەموو گروپەکانی سەر بە پەکەکە دەبێت کۆتایی بە هەموو چالاکییەکانیان بهێنن و هەڵوەشێنەوە و دەستبەجێ وبە بێ مەرج چەکەکانیان دابنێن".

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە کاتێکدایە کە عەبدوڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەر و سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە هەفتەیەک لەمەوبەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد و پەکەکەش ڕۆژی شەممە بانگەوازەکەی قبوڵکرد و ئاگربەستی ڕاگەیاند.

هەر لەو ڕۆژەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشداریدا لەوەی ئەگەر بەڵێنەکان جێبەجێ نەکرێن، هێزەکانی تورکیا بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکە.

گوتیشی "ئەگەر ئەو بەڵێنانەی دراون جێبەجێ نەکرێن و هەوڵی دواخستن یان فریودان بدرێت، ئەوا بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانمان تاوەکو دوا تیرۆریست لەناو دەبەین".

تورکیا جگە لە چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی، هەروەها داوا دەکات گروپەکانی سەر بە "هێزەکانی سوریای دیموکرات" کە بنکەیان لە ڕۆژئاوا هەیە،هەڵبوەشێنرێنەوە.

ئەنکەرە بەڕوونی ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت هەموو چەکدارانی پەکەکە لە هەر شوێنێک بن لەچەک داماڵرێن و دەڵێت بەتایبەتی ئەوانەی لە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێن و وەک بەشێک لە پەکەکە ناویان دەبات، دەبێت چەک دانێن.

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بەشێکی زۆریان لە کوردەکان پێکهاتووە - سەرکردایەتی ئەو شەڕە دەکەن کە لە ساڵی 2019 دژی توندڕەوانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا دەستیپێکردووە و لە ئێستاشدا لەلایەن بەشێکی زۆری ڕۆژئاواوە بوونیان بە چارەنووسساز سەیر دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی جیهادییەکان.

هەفتەی ڕابردوو مەزلوم عەبدی، سەرۆکی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشوازی لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان کرد بۆ ئەوەی پەکەکە چەکەکانی دابنێت، بەڵام ڕایگەیاند و وتی "ئەوە پەیوەندی بە هێزەکانی ئێمەوە نییە" لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام تورکیا لەگەڵ ئەوەدا نییە و دەڵێت دەبێت ئەوانیش چەک دابنێن.

عۆمەر جەلیک، وتەبێژی پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتداری ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند "ڕێبازی بنەڕەتی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە عێراق و سوریا لەچەک داماڵرێن و هەڵبوەشێنرێنەوە، جا بە پەکەکە یان یەپەگە یان سوریای دیموکرات ناویان ببەن."

سەرچاوە/فرانس٢٤

XS
SM
MD
LG