Accessibility links

دەرمانێكی قاچاخ بە ستیكەری ساختەی وەزارەتی تەندروستی بڵاودەبێتەوە


دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی نرخ و كەم كردنەوەی دەرمانی قاچاخ و زانینی ناسنامەی دەرمان هەڵمەتێكی هۆشیاری ستیكەری بۆ دەرمان ڕاگەیاند، بەڵام بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێكی كوالیتی كۆنتڕۆڵی وەزارەتی تەندروستی ستیكەری دەرمانیک تەزویركراوە و ئەمەش كاردانەوەی لێكەوتەوە.

د. ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " لەسەرەتای پێدانی تەندەری ستیكەر بە كۆمپانیاکان تێبینیمان هەبووە، بەڵام هەنگاوی باش نراوە بۆ كەمكردنەوەی دەرمانی قاچاخ و ناتوانین لەم ماوەی ساڵێكدا كۆنتڕۆڵی هەموو دەرمانە قاچاخەکان بكەین."

بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی،" بێ ویژدانیە ئەگەر نەڵین، هەنگاوی باش نراوە، ئێمە لیژنەی كوالیتی كۆنتڕۆڵ ولیژنەی بەدواداچوون و قائیمقامیەتیەكان هەیە، دڵنیاتان دەكەین كە رێژەی دەرمانی قاچاخ كەمی كردووە، ئەوەی رووی داوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت ."

ڕۆژی 6ی مانگی 3 ی 2025 ، بەڕێوبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆل ئاگاداریەكی لەسەر جۆرە دەرمانێك بەناوی CONCOR 5 MG بڵاوكردەوە كە ستیكەرەكەی ساختەكراوە و دواتر ڕونكردنەوەكەیان سڕیەوە .

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتبوو،" ئاگاداری گشت پزیشکان و کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان و هاووڵاتیان دەکەینەوە لە بوونی دەرمانێکی ساختە بەم زانیاریانەی خوارەوە.
Product name: Concor 5mg

Batch number: E210748

MNF Date: 12/2024

EXP Date: 12/2028

لە ڕاگەیەنراوەكە دا ئەوەش خرابوویە ڕوو، " ماددەی ئاماژە پێکراو سەرلەبەری ساختەیە بۆیە خۆتان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی، و هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە لە بوونی ئەم دەرمانە لە ماڵەوە یان هەر دەرمانخانەیەک بە زووترین کات تیمەکانمان ئاگادار بکەنەوە لە سەرتاسەری کوردستان لە رێگەی ژمارەی هێلی گەرمی ٠٧٥٠٨٥٩٢٢٢٢ و ٠٧٧٠٨٥٩٢٢٢٢"

دەرمانی CONCOR 5 MG بەكاردێت بۆ نەخۆشی پەستانی خوێن و سستی دەمارەكانی دڵ و ناڕێكی لێدانی دڵ و سنگەكوژێ.

لە پەڕەی فەرمی بەرێوبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵ هاتووە، "ستیکەری تایبەتی KMCA/ وەزارەتی تەندروستی موگناتیسێکی تایبەتی تێدایە و ناتوانرێت ساختە بکرێت. بە ئاراستەکردنی ئامرازی تایبەتی دژە ساختە ڕەنگی موگناتیسەکە دەگۆڕدرێت بۆ سەوز."

تۆماركردنی كۆمپانیاكانی دەرمان لە كوالیتی كۆنتڕۆڵ جێگەی تێبینی بە شێک لە بەڕێوبەرە گشتیەكانە و دەڵێن،پێویستەكۆمپانیاكانی دەرمال تێكەڵ بەحزب نەكرێن .

د. ئازاد مستەفا قادر بەرێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" پێویستە ئەو كۆمپانیایەی كە ستیكەر بۆ دەرمانەكان بەرهەم دەهێنێت، حزبی نەبێت و هەندێک كۆمپانیا نەهێنێتە خوارەوە و هەندێكیان پێشبخرێن، پێویستە كار لەسەر كوالیتی بەرز لەدەرمان بكرێت، تا دەرمانی قاچاخ بە ڕوونی دیاری بكرێت و نەهێڵرێت."

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە وتیشی،" لە رێگەی لیژنەكانی تەندروستنیەوە بە بەردەوامی چاودێری نۆڕینگەكان دەكەین و هەردەرمانێک كوالیتی خراپبێت دەستی بەسەردا دەگرین."

بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی چاودێرانی سێكتەری تەندروستی، ئەو دەرمانەی كە بەقاچاخ دەهێنرێن لە كۆگاكاندا، " ستیكەر" یان پێ دەدرێت و بەهۆی هەمەجۆریانەوە باش و خراپیان جیا ناكرێتەوە.

ئاراس حەمە سەعید چاودێری تەندرستی و خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە نەخۆشیەكانی گورچیلە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" هەڵمەتی ستیكەر نەیتوانیووە دەرمانی قاچاخ و نرخ كۆنتڕۆبكات بە چەندین ڕێگای جیاواز ئەو دەرمانە قاچاخانەی دەهێنرێن لە نۆڕینگەكان ساغ دەكرێنەوە، بۆ یەك جۆر نەخۆشی چەندین چارەسەر هەن بەڵام كاتێك بەكاریان دەهێنیت، كاریگەری ئەوتۆیان نیە."

ئاراس حەمە سەعید وتیشی،" ئەو دەرمانانەی كە دەهێنرێن ، بڕێک پارەیان لێ وەردەگرن و ستیكەریان پێ دەدەن، زۆرجار نۆڕێنگەكان لە خوار نرخی كوالیتی كۆنتڕۆل دەیفرۆشن، ئێمە چەند جار هاوارمان كردووە كە خەریكە ستیكەر لە كۆگانی دەرمان هەیە، پێویستە ڕێكاری زانستی ورد بگیرێتەبەر."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:56 0:00
XS
SM
MD
LG