وێڕای وێنا کردنی ڕاپەڕین بە "دەستکەوت و سەرکەوتن و بەدیهاتنی خەونی ئازادی بۆ گەلی کورد" لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام بەڕای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی ڕاپەڕین ڕای گشتی "دابەشکردووە" لە نێوان "ڕازی" و "ناڕازی"دا. ئەوان دەڵێن،" ئامانجەکانی راپەڕین بەدی نەهاتوون."'
ئەمڕۆ 5ی مانگی سێ، 34 ساڵ بەسەر یەکەم هەنگاوی ڕاپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەسەر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا تێدەپەڕێت، کە لە میانی ناڕەزایی و تووڕەیی کوردەوە لە بەرامبەر ستەم و زوڵم و چەوساندنەوەیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستی پێکرد.
دکتۆر مەحموود عوسمان سیاسەتمەدار، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" خەڵک پێی وابوو ڕزگار دەبێت، کە ڕزگاریش بوو داواکانی جێبەجێ دەبێت، بەرپرسانیش بەڵێنی گەورەیان بە خەڵکدا، بەڵام ئەو بەڵینانە وەک پێویست جیبەجێ نەبوون، کە هەندێکی پەیوەندی بە بەغدادەوە هەیە، بەڵام بەشیکی زۆری پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە و خەڵکی لە کاربەدەستانی هەرێم ناڕازین."
وتیشی،" خەونە گەورەکانی ڕاپەڕین بەدی نەهاتوون وەک پێویست، چونکە بەعس گەڕایەوە هەرێم و ڕاپەڕین تەواو نەکرا، پاش ئەمە گفتووگۆش لە نێوان بەعس و سەرکردایەتی کورد دورست بوو من کە خۆشم ئەندامی گفتووگۆکە بووم، بەڵام نەگەشتە ئەنجام، بۆیە ئامانجەکانی بەدینەهاتن و داواکانی کورد جێبەجێ نەبوون، لە بنەڕەتدا ڕاپەڕین جێبەجێ نەبوو واتە سەر نەکەوت."
5ی سێ ی ساڵی 1991 هاووڵاتیانی ڕانیە یەکەم فیشەکی ناڕەزایەتیان دژی ڕژێمی بەعس لەو شارە تەقاند و دواتر پرشکی ناڕەزایی و سەرهەڵدانی چەکداری گەشتە شارەکانی تر و تا بە تەواوی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی بەعس پاک کرایەوە.
دوای تێپەڕبوونی 34 ساڵ بەسەر ئەم پرۆسەیە و هاتنە سەر گۆڕەپانی سیاسی دەسەڵاتی کوردی و چەسپاندنی سیستەمی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان کە بە دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ کورد لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام ئەم پرسە ڕای گشتی لە نێوان "ڕازی" و "ناڕازی" دا کردووە بە دوو بەشەوە.
هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی و بەرپرسانی باڵای حزبیەوە، وێڕای پیرۆزبایی ڕاپەڕین،" بە ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆری" و ئازادکردنی کورد لە ستەم و داگیرکاری" و دەستکەوت و سەرکەوتن" ناو دەبەن. بەڵام بەشیکی زۆر لە هاوڵاتیانی هەرێم ناڕازین لە ئەنجامەکانی ئەم ڕۆژە.
هاوکات شانبەشانی نارەزایەتی فراوانی هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە ئەنجامی راپەڕین، بەڵام بەشێکیش باس لە سەرکەوتنی کورد و بە دیهاتنی خەوتنی ئازادی بۆ کورد دەکەن و بە دەستکەوتی مەزن لە قەڵەمی دەدەن.
دکتۆر موئمین زەڵمی، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوو تێڕوانین دەخوێنیتەوە، یەکێکیان دڵخۆشن بە ڕاپەڕین و ڕێزی لێدەگرن، پێیان وایە هۆکارێک بووە بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی ئێستا هەیە، تێڕوانینێکیان لە بەرەی ناڕازی هەرێمدا دەخوێندرێتەوە و پێیان وایە دەبوو ڕاپەڕین نەکرایە."
وتیشی،" لە سەردەمی خۆیدا ڕاپەڕین هۆکاری سەرەکی ئازادی بووە، لە ڕوانگەی خوێندنەوەی ئازادیەوە دەستکەوتێکی گەورە بووە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕاپەڕینێکی تر هەیە ڕاپەڕینە لە پێنا و نان وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێم دەیبینین کێشەی قوت و نان هەیە، ئەمەش وایکردووە کۆمەڵگە دابەش بێت، ئەوانەی پێیان وایە ڕاپەڕین بۆ ئازادی بوو دەڵێن ئازادی
بەرجەستەیە، ئەوانەشی پێیان وایە بۆ قوت و نان بوو، لەبەر ئەو دۆخەی عێراق و هەرێم بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە، دەلێن بەدی نەهاتووە."
دکتۆر مەحموود عوسمان: خەون و ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدی نەهاتوون و لە بنەڕەتدا ڕاپەڕین سەرنەکەوت
