Accessibility links

بەرپرسێک: لە هەرێمی کوردستان هەر بە هەڕەمەکی پاسەوان دابەشکراوە، فەرمانبەر، مەلا و مامۆستاش هەن کە پاسەوانیان لایە


ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێدانی پاسەوان بە خەڵک لە هەرێمی کوردستان بە هەڕەمەکی ئەنجامدراوەو گەر مەسەلەکە بە یاسا ڕێکبخرێتەوە، دەبێت ژمارەی ئەو پاسەوانانەی لای خەڵکن زۆر کەم بکرێتەوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێدانی پاسەوان بە هەڕەمەکی ئەنجامدراوە، خەڵکی مەدەنی و فەرمانبەر هەن کە پاسەوانیان لایە، مەلا هەیە پاسەوانی پێدراوە، ئەفسەرو مامۆستای زانکۆ هەن پاسەوانیان هەیە."

ئەو بەرپرسە مەدەنی و سەربازییانەی کە پێویستیان بە پاسەوانەو ژمارەی پاسەوانەکانیان بە پێی یاساو ڕێنمایی دیاریکراوە، بەڵام جێبەجێ نەکردنی یاساو ڕێنماییەکان دەرفەتی بۆ خەڵکێکی زۆر ڕەخساندووە، تا لە دەرەوەی یاسا پاسەوانیان پێبدرێت.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، کە لە ساڵی 2021 دەرچووەو واژۆی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی بەسەرەوەیە، ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و مەدەنییانە دیاریکراون کە دەبێت پاسەوانیان هەبێت لەگەڵ دیاریکردنی ژمارەی پاسەوانەکانیان.

لە نوسراوەکەدا کە وێنەیەکی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، وەزیرو پلەی وەزیر لەکاتی ئەرکدا 10 پاسەوان ودوای خانەنیشین بوون یەک پاسەوانیان دەبێت، بریکاری وەزیریش 5 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون پاسەوانێکی بۆ دانراوە.

پەرلەمانتار دوو پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون پاسەوانێکی بۆ ماوەی ساڵێک دەبێت، پارێزگار 8 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون بۆ ماوەی ساڵێک 1 پاسەوانی دەبێت، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا 2 پاسەوان و دوای خانەنیشین بوون تا ماوەی ساڵێک پاسەوانێکی دەبێت.

لە نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمدا کە گشتاندنی بۆ کراوە، سەرجەم پلەدارە سەربازی و مەدەنییەکانی تێدا ئاماژەپێکراوە، کە لە کاتی ئەرکدا چەند پاسەوان و دوای خانەنیشین بوونیش چەند پاسەوانیان پێدەدرێت، دەبێت دوای ساڵێک پاسەوان لە زۆربەیان وەربگیرێتەوە.

پێچەوانەی ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێم، پێدانی پاسەوان لە هەرێمی کوردستان تێکەڵکراوە بە واسیتەو دۆستایەتی، بەجۆرێک خەڵکانێکی زۆر لە ڕێگەی پەیوەندی کەسییەوە پاسەوانیان وەرگرتووە.

عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکەیەکی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ هەیەو ئەمە تاڕادەیەک دیوە فەرمییەکەیە، بەڵام بەرپرس هەیە لیوای هەیە، بەرپرس هەیە فەوجی هەیە، بەرپرسی حزبی هەیە 60 پاسەوانی هەبووەو کۆچی دوایی کردووە، دواتر پاسەوانەکانی وەکو میرات لای نەوەکانی ماونەتەوە."

دەشڵێت،"دوو ساڵ لەمەوبەر دیراسەیەکی وردی ئەو هەموو پاسەوانەمان کرد کە لای حزب و بەرپرس و بارەگا حزبییەکانن، ڕەنگە ژمارەیان بگاتە 50 هەزار پاسەوان."

هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان یەکەی پاسەوانی هەیە بۆ دابینکردنی پاسەوان بۆ بارەگا حزبی و حکومییەکان، بەرپرسانی حزبی و حکومی، بەڵام بەهەزاران پێشمەرگەو پۆلیسی خۆجێی، پۆلیسی زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن و هێزە جۆراوجۆرەکانی تر دراون بە خەڵکانی جیاوازو وەکو پاسەوان لایانن.

لەکاتێکدا ئەو کەسانەی پاسەوانیان بۆ دابین دەکرێت دەبێت گومانی هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان بکرێت، بەڵام بەشێک لەوانەی پاسەوانیان لایە پاسەوانەکانیان بۆ خزمەتکردنی باخ و میوان و ماڵەکانیان بەکاردەهێنن.

دەنگی ئەمەریکا ناوی ژمارەیەک دەوڵەمەندو پارەداریشی دەستکەوتووە، کە وەکو پاسەوان لای بەرپرسان ناویان هەیە، بەڵام لەسەر بنەمای نزیکایەتی و دۆستایەتی دەوام ناکەن و مانگانەش موچەکانیان وەردەگیرێت.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ناوەندی بڕیاردایە، دانی بەوەدانا جۆرێک لە پشێوی هەیە لە پێدانی پاسەوان بە خەڵکانی سەر بە چین و توێژە جیاوازەکان.

سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم کە لەبەر هەستیاری پێگەکەی نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کاتێک دەست بۆ پاسەوانی بەرپرس یان کەسایەتییەک دەبرێت تا لێی وەربگیرێتەوە، سەدان گرفت دروست دەکات."

گرفتی کەمی میلاکی هێزە خۆجێییەکان و پێدانی هەزاران پاسەوان بە خەڵکانی سەر بە چین و توێژە جیاوازەکان لەسەر بنەمای پەیوەندی کەسی لەکاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان فشارەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان و بە نیزامی کردنیان بەردەوامە.

سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت،"میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت 138 هەزار کەس بێت، بەڵام ژمارەکە ئێستا زیاترە."

سەرچاوەکە دەڵێت،"دەبێت ڕێگەی خانەنیشینکردنی ناچاری بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ژمارەکە بۆ 138 هەزار کەمبکرێتەوە، ئەو پلەدارانە خانەنیشین بکرێن کە پایەیان نییە، یاخود ڕێگەی خانەنیشینکردنی پێشمەرگە بە تەمەنەکان بگیرێتە بەر."

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، لە تازەترین نوسراودا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکی پۆلیس و هێزێکی سەربازی کراوە، داوای دابینکردنی 6 پاسەوان بۆ کادیرێکی حزبی کراوە، کادیرەکە تازە سەنگەری لە نێو حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر گۆڕیووەو پاسەوانەکانی پێدراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:38 0:00

XS
SM
MD
LG