مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەڕاندنەوەی لانیکەم 40 ئویغوری موسڵمان لەلایەن تایلەندەوە بۆ چین سەرکۆنە دەکات.
واشنتن دەڵێت ئەندامانی ئەم گروپە کەمینە موسڵمانە 10 ملیۆن کەسییە لە ناوچەی شینجیانگ لە ڕۆژئاوای چین ڕووبەڕووی "جینۆساید" بوونەتەوە.
ئەم هەنگاوەی تایلەند کە هاوپەیمانی ئەمەریکایە سەرەڕای پێداگریی شارەزایانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوویداوە کە داوایان لە حکومەتی تایلەند کردبوو ئویغورەکان کە ماوەی دە ساڵە لەلایەن تایلەندەوە دەستبەسەرکراون، نەگەڕێنێتەوە بۆ چین و هۆشداریشیان دابوو کە ئەگەر بگەڕێندرێنەوە، ئەوا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و "زیانێکی قەرەبوو نەکراوە" دەبنەوە.
گروپەکانی مافی مرۆڤ و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی پەکین بە پێشێلکاری بەربڵاوی مافی ئویغورەکان تۆمەتبار دەکەن.
ڕوبیۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی "ئێمە بە توندترین شێوە سەرکۆنەی گەڕانەوەی زۆرەملێی لانیکەم 40 ئویغور لە تایلەندەوە بۆ چین دەکەین. لە چین مافی دادوەرییان لێ زەوت دەکرێت و ڕووبەڕووی هەراسانکردن و کاری زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان دەبنەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد تایلەند مەترسی "پێشێلکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی" لەسەرە بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجەدان و ڕێککەوتننامە جیهانییەکانی دیکە.
ڕوبیۆ داوای لە بەرپرسانی تایلەند کرد بەردەوام چاودێری ئەوە بکەن کە دەسەڵاتدارانی چین مافی مرۆڤی ئویغورەکان پێشێل ناکەن.
وتیشی "داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە ئویغورەکان پەنایان بۆ بردوون بە زۆر نەیانگەڕێننەوە بۆ چین."
مارکۆ ڕوبیۆ ئەو کاتەی وەک سیناتۆر ئەرکەکەی بەڕێوە دەبرد، بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەکانی ئویغورەکان بووە. ئەو دووپاتی کردەوە کە مامەڵەی پەکین لەگەڵ ئەو گرووپە گەیشتوەتە ئاستی "جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی".
لە ژانویەی 2021، یەکەم بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ کارەکانی چینی لە دژی کەمینەی موسڵمانی ئویغور لە شینجیانگ بە "جینۆساید" و "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" پۆلێن کرد.
هەروەها بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن پۆلێنکردنی "جینۆساید"ی پاراست و ئەمەش پەکینی توڕە کرد. لەو کاتەوە ئەو پرسە بووەتە گرژییەکی نوێ لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ئەمەریکا و چیندا.
ڕوبیۆ هەنگاوی تایلەند بۆ گەڕاندنەوەی موسڵمانانی ئویغور بۆ چین سەرکۆنە دەکات
