زیاتر لە چوار مانگ دوای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی دوور لە ڕاگەیاندنەکان سەرقاڵی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتن و دەڵێن درێژەکێشانی گفتوگۆکان بۆ دروستکردنی حکومەتێکی کارایە کە ببێتە جێگەی متمانەی هاوڵاتیان.
لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا، بەرپرسانی باڵای هەردوو لا داوای ئارامگرتنیان لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێن کابینەی داهاتوو دەبێت ڕوونتر ئامانجە هاوبەشەکان و ئامرازەکانی جێبەجێکردن دیاریبکات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە هەولێر ڕایگەیاند، "هەتا ئێستا ئێمە ئیشمان لەسەر دیدگایەکی هاوبەش بۆ حکومڕانی کردووە؛ ئەوەی باسمان نەکردووە پۆستە، ئەوەی باسمان نەکردووە پۆستە، جارێکی تر بیڵێمەوە، ئەوەی باسمان نەکردووە پۆستە. باسمان لە ئامرازی بەڕێوەبردن کردووە."
وتەکانی قوباد تاڵەبانی لە کاتی پانێڵێکی دیداری هەولێر بوو کە لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی ڕووداو ڕێکخرابوو.
تاڵەبانی دانی بەوەدا نا پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دوای هەڵبژاردن "تۆزێک بە ساردی" دەستی پێکرد، بەڵام ڕایگەیاند، "پرۆسەکە کۆبوونەوە لە دوای کۆبوونەوە گەرمتر بووە و بابەتەکانیش کە باس دەکرێن جدی تر بوونە...هەنگاوەکانیش ئەتوانم بە گەشبینییەوە بڵێم زۆر باش چوونەتە پێشەوە."
لێدوانەکەی قوباد تاڵەبانی هاوتەریبە لەگەڵ وتەکانی دوێنێی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، کە ئاماژەی دا گفتوگۆکانی ئەمجارەی هەردوو لا بۆ "بنچینەیەکی دروستی ئیداری و سیاسییە بۆ ئەوەی ئێمە چۆن حوکمرانی لە ناو کوردستاندا چارەسەر بکەین."
نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندەکەدا وتی، "یەکێتی و پارتی وەکو براوەی هەڵبژاردن ئەرکیان لەسەرە هەوڵێکی جدی بدەن حکومەتێکی کارا دروستبکەن؛ حکومەتێک دروستبکەن جێگەی متمانە و هیوا و ئومێدی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانی بێت."
وتیشی، "ئەم گفتوگۆیانە ئەگەر درێژەش بکێشن بەڵام لە ئەنجامدا شاهیدی ئەوە بین کە حکومەتێک دروستدەبێت لەسەر بنچینەیەک بێت کە جێگەی متمانە بێت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، پێموایە دەکرێ ئێمە بەرگەی ئەو دواکەوتنەش بگرین."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 20ی دەی 2024 بەڕێوەچوو. ڕێژەی بەشداریکردن تێیدا بریتی بوو لە نزیکەی 72٪.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، لە کۆی 100 کورسی پەرلەمان پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی،وە یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی بەدەستهێناوە. کورسییەکانی تریش بە سەر چەند حزب و پێکهاتەی جیاواز دابەشبوون.
بە گوێرەی نێچیرڤان بارزانی، پارتی و یەکێتی لە چەند مانگی ڕابردوو هەوڵیانداوە بەبێ یەکتر و لەگەڵ لایەنەکانی تر حکومەتی داهاتوو دروستبکەن "بەڵام ئەوە ناچێتە سەر."
دوێنێ وەفدێکی باڵای هەردوو حزب بۆ درێژەپێدان بە گفتوگۆکان لە پیرمام کۆبونەوە، بەڵام دوای کۆبوونەوەکە هیچ ڕاگەیێندراوێکیان لەسەر وردەکاری گفتوگۆکان بڵاونەکردەوە.
پێنج ڕۆژ لەمەوبەر، بەرواری 22ی دووی 2025، شاندی هەردوو لا دوای کۆبوونەوەیەکی "ئەرێنی" لە سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکی هاوبەشدا، ڕایانگەیاند، "سەرنج و تێبینی وەفدی دانوستانکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا."
هەروەها هەردوو وەفدی دانوستانکار بڕیاریاندا درێژە بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێم."
بە گوێرەی وتەکانی ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر، یەکێتی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ پارتی جەختدەکاتەوە لە "هاوبەشی ڕاستەقینە" لە حکومڕانی هەرێم.
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، "بۆ ئێمە هاوبەشی پێش هەموو شتێک بریتییە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی؛ واتا بەشداربوون لە بڕیارە گرنگەکان، لە بڕیارە ستراتیژییەکان، لە بەڕێوەبردن و پاراستنی دەوڵەت، واتا هاوبەش بین هاوبەشپێکراو نەبین."
تاڵەبانی ئاماژەی دا هەردوو حزبی دەستەڵاتداری هەرێم قۆباغی "پینەکردنی" پەیوەندییەکانیان تێپەڕاندووە بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ ئەو ژینگەیەی "کە حکومەت و حکومڕانی دەپارێزێت لە ناکۆکی سیاسی."
ڕاشیگەیاند، "یەکێتی و پارتی دوو حزبی جیاوازن، دوو مێژووی زۆر جیاوازیان هەیە، شێوازی بیرکردنەوە و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان و پەیکەری حزبەکانیان زۆر جیاوازە، لایەنگریان جیاوازە، وە دەنگدەری پارتی زۆر جیاوازە لە دەنگدەری یەکێتی. کە دوو حزبی جیاوازین دەبێت ئامرازێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ناکۆکییەکانماندا بژین، نەهێلین ئەگەر ناکۆکییەک هەبێت لەسەر بابەتێک ئیتر هەموو بابەتەکانی تر بوەستن."