Accessibility links

سودانی ڕایدەگەیەنێت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکەنەوە


سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە سێهەمین کۆڕبەندی هەولێر ڕایگەیاند، پاش تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجەی عێراق، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو بۆ بەندەری جیهان تەواو بکەین، دەشڵێت،" لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکەینەوە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن."

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی بەشداری لە کۆڕبەندی هەولێر ڕایگەیاند،" ئەم کابینەیەی ئێمە کاری زۆری بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی کردووە، بەتایبەتی بۆ ئەو کێشانەی بە کێشەی هەڵپەسێردراوی نێوان بەغدا و هەولێر ناودەبران. ئێمە ئەوەمان هەڵگێڕایەوە بۆ هەل و دەرفەتی هاریکاری و پێگەیشتن. توانیمان ئەو کێشانە لە چوارچێوە سیاسییەکانیان دەربهێنین و بیانخەینە چوارچێوەی یاساییەوە."

وتیشی،" پاش تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجەی عێراق، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو بۆ بەندەری جیهان تەواو بکەین، لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکەینەوە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بنیاتنانی ئابووریی عێراق و مافی هاونیشتیمانیی هەرێمی کوردستانیش مسۆگەر بکات، ئەوەش لە ڕێگەی گەرەنتیکردنی ئەوەی کە مافی خۆیان بەبێ هیچ کەموکوڕییەک لە مووچە و شایستە داراییەکانی دیکەیان وەرگرن."

سێهەمین کۆڕبەندی هەولێر، ئەمڕۆ چوار شەممە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و تێدا سەرکردەکانی عێراق و کوردستان تێدا بەشداربوون و باسیان لە تەواوی سێکتەرەکانی ئابوری و ئەمنی و پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دواین گۆڕانکاریەکان کرد.

ڕۆژی 2ی مانگی دووی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی بە هەموارکردنەوەی ماددەی 12بڕگەی( ج) دا بەوەش ڕێگا دەدات نەوتی هەرێمی کوردستان بە تێچووی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دەربهێنرێت و لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت.

هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ ڕەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

بە گوێرەی یاسای هەموارکراوی بودجەی عێراق بێت، لیژنەیەکی شارەزایی نێودەوڵەتی لەماوەی شەست ڕۆژدا سەردانی تەواوی کێڵگە نەوتیەکانی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی خەمڵاندن بۆ نرخی دەرهێنانی نەوت بکات، ئەگەر لە حاڵەتێکدا خەمڵاندنەکە ڕێکنەکەوت لەگەڵ ئەو نرخەی کە ئێستا دیاریکراوە ئەو کات دەبێت عێراق بەهەمان شێوە لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراقەوە لیژنەیەکی تر بنێرێتە هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کیشەیە، بەڵام بەخوێندنەوەی ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێناچێت گۆڕانکاری لە تێچووی دەرهێنانی نەوت ڕووبدات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی هەولێر، ڕایگەیاند،" ئێمە وەکو کاڵای بازرگانی سەیری نەوت دەکەین نەک سیاسی، ڕاگرتنی نەوت زیانێکی زۆری لە عێراق دا. ئێستا تورکیاش ئامادەیە و چاوەڕێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا نەوتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەندەری جیهان و دەرەوە بکرێت

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وتیشی،" ئەوەی سەرۆکوەزیران سوودانی پێی کراوە کەمتەرخەمی نەکردووە، پێموایە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەوپەڕی شەفافیەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا کردووە، ئێمە تەواوکەری یەکدین لە عێراق، ناکرێت هەموو پرسەکان لە مووچەدا چڕ بکرێنەوە. سەرۆکوەزیران، دادگەی

فیدراڵی، پەرلەمانی عێراق دەبێ بەپێی دەستوور مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن. چیدی نابێ ببێتە هەواڵی بەپەلە".

ڕۆژی سێشەممە 25ی مانگی دووی 2025، تامی بروس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت،" مارکۆ روبیۆ، وەزیری ئەمەریکا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و باسیان لە هاوبەشیی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کەمکردنەوەی کاریگەریی گرووپە میلیشیا تێکدەرەکانی سەر بە ئێرانیان لە عێراق و دۆخی سووریا کردووە."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاندووە،"وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەردووکیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی عێراق لە ڕووی وزەوە سەربەخۆ بێت و بەزوویی دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی تورکیا- عێراق."

رۆژی 25ی سێی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس کەیسێکی لە دژی تورکیا و بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاکردەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەوە هەتا ئێستا کەوتووەتە قەیرانێکی قوڵی داراییەوە و دەیان جار شاندی هەرێم و بەغدا کۆبوونەتەوە، هەتا دەرئەنجام هەمواری یاسای بودجەی لێکەوتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:55 0:00

XS
SM
MD
LG