ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هیچ گەرەنتیەک نییە بۆ دابینکردنی ئەو 16 دۆلارەی کە بۆ تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتی کوردستان تەرخانکراوە کە لەکات و ساتی خۆیدا بگاتە دەستی کۆمپانیاکان و وەک پرسی موچەی لێنەکرێت، دەشڵێت،" گەر بەربەستە تەکنیکیەکان بەم نزیکانە کۆتایی پێبێت و گەرەنتی تەواو بدرێت ئەوە پێدەچێت لە مانگی سێی ئەمساڵدا دەست بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بکرێت."
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو زانیاریانەی کە ئێمە هەمانە ئەوەیە نەوتی کوردستان دەبێ هەناردە بکرێت لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نامە نێردراوە بۆ حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی بەزووترین کات هەنگاوەکان دەست پێبکات بۆ هەناردەکردنی نەوت و لە ڕووی یاساییەوە تەواومانکردووە، تەنها ئەوە ماوە بڵاوبکرێتەوە لە ڕۆژنامەی وەقایع."
وتیشی،" کە بڵاوکرایەوە ئەوکات یەکسەر یاساکە دەبێت جێ بەجێبکرێت لەو حاڵەتەدا چاوەڕوانی لایەنە تەکنیکیەکانین، چونکە هەر یاسەک پێویستی بە ڕێنمایییە و پێویستی بە ئیجرائاتە تاوەکو ئەو نەوتە هەناردە بکرێت."
ڕۆژی 2ی مانگی دووی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی بەهەموارکردنەوەی مادەی 12بڕگەی( ج) دا بەوەش ڕێگا دەدات نەوتی هەرێمی کوردستان بە تێچووی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دەربهێنرێت و لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت.
پێشینوەرۆی ئەمڕۆ شەممە 22ی مانگی دووی 2025، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەغدا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکدا زۆر تەوەر گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە،" گرنگترین پرس و بابەتەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و گرنگیی بەردەوامیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و بەرنامەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی لەئەنجومەنی نوێنەران، بەجۆرێک خزمەتی بەرژوەندی نیشتمانی بکات و ئابووری وڵات بەهێزتر و پێداویستەکانی دابین بکات."
لە دوا بەشی ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە،" هەردولا داکۆکیان لەسەر پێویستی خێراکردنی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە کرد کە بەخێرای تەواوی عێراق دەگەرێتەوە."
هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ ڕەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هەندێک بەبەرست لەپێش هەناردەکردنی نەوتی کوردستانە لەوانە ئەو 16 دۆلارەی کە تەرخانکراوە بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێم گەرەنتیە و پێویستە گەرەنتی هەبێت و ڕوون و ئاشکرا بێ و بە شێوازێک بێت وەکو موچەی لێنەیەت جارێک بینێرن و دوو مانگ نەینێرن.
دەشڵێت،" ئەو بڕە پارەیە مافی کۆمپانیاکانە و دەبێت بەزبوتی بگاتە دەستیان و دڵنیایی بدرێت، هەرچەند دڵنیایی دراوە، بەڵام ئێمە زۆر یاسامان هەیە جێ بەجێناکرێت لە عێراق."
بە گوێرەی یاسای هەموارکراوی بودجەی عێراق بێت، لیژنەیەکی شارەزایی نێودەوڵەتی لەماوەی شەست ڕۆژدا سەردانی تەواوی کێڵگە نەوتیەکانی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی خەمڵاندن بۆ نرخی دەرهێنانی نەوت
بکات، ئەگەر لە حاڵەتێکدا خەمڵاندنەکە ڕێکنەکەوت لەگەڵ ئەو نرخەی کە ئێستا دیاریکراوە ئەو کات دەبێت عێراق بەهەمان شێوە لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراقەوە لیژنەیەکی تر بنێرێتە هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کیشەیە، بەڵام بەخوێندنەوەی ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێناچێت گۆڕانکاری لە تێچووی دەرهێنانی نەوت ڕووبدات.
ئەمڕۆ شەممە 22ی مانگی دووی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتی دەکاتەوە کە تەواوبوونی ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە، بەپێی ئەو میکانیزمانەی لە یاسای بودجە و هەموارکردنەوەیدا هاتووە، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو سەقفی بەرهەمهێنانەی کە بۆ عێراق لە ئۆپێک دانراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە کە وەزارەتی نەوت داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات ئەو بڕە بەرهەمەی لە کارپێکردنی کێڵگەکان بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردن لەڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا و بەندەری جەیهان بەپێی گرێبەستی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیا پاڵێوراوەکان پێوە پابەند بن.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند،" ڕەوشەکەی ئێمە زۆر حەساسە ڕاستە هەیە دەڵێت 16 دۆلار بەڵام گەرەنتیەکە چیە و چۆنە، بۆنمونە موچە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە کەمانگانە بینێرن، بەڵام ناینێرن، 16 دۆلارەکەش بەهەمان شێوە کێ ناڵێت دوای چەند مانگێک لە دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، دواتر ناڵێن وەڵا 16 دۆلار نیە یان کورتهێنانمان هەیە لەوکاتەدا چی دەکرێت."
رۆژی 25ی سێی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس کەیسێکی لە دژی تورکیا و بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاکردەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوکاتەوە تائێستا کەوتووەتە قەیرانێکی قوڵی داراییەوە و دەیان جار شاندی هەرێم و بەغدا کۆبوونەتەوە، تا دەرئەنجام هەمواری یاسای بودجەی لێکەوتەوە.
سەباح سوبحی: هیچ گەرەنتیەک نییە بۆ دابینکردنی پارەی دەرهێنانی نەوتی کوردستان
