ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێران هەڕەشەی دووبارە هێرشکردنەوە سەر حزبە کوردیەکانی کردووە، ئەمەش لەگەڵ ئەوەدا کە ئەوان پەیوەستن بە ڕێککەوتنی ئەمنی و هیچ بیانوویەکیان نەداوە بەدەستەوە تا هێرش بکرێتە سەریان. دەشڵێت،" ئەگەر ئێمەش نەبین ئێران بیانوویەک دەدۆزێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان."
ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ڕێگەی میدیاکانی ئێرانەوە بیستوومانە کە ئێران هەڕەشە دەکات، وە لە ڕێگەی بەغدادەوە پەیامی ناردووە بۆ هەرێم و هەڕەشە لە حزبە کوردیەکان دەکات کە گوایە هێرش دەکاتە سەرمان."
وتیشی،" لە ڕاستیدا ئێمە هیچ شتێک لە خۆماندا شک نابەین کە لەو چوارچێوەی ئەمنی لاماندابێت ئەوەی بۆمان ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەرێمیش ئاشکرایە زیاتر بیانووگرتنی ئێرانە ئێمە پێشتریش بە دەیان جار دووبارەمان کردۆتەوە ئێران بە شوێن بیانوەوەیە، ئێران هەر جارە شتێک دەدۆزێتەوە کە بیانوو بە هەرێم بگرێت، ئەگەر ئێمەش لە هەرێم نەمێنین ئەوا بیانوویەکی تر دەدۆزێتەوە کە شەر بە هەرێم بفرۆشرێت و نیەتی شوومی خۆی لە ناوچەکە جێبەجێبکات."
دوێنی 21ی مانگی دووی 2025 ماڵپەڕی شەفەق نیوزی عێراقی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە کە تاران هەڕەشەی لە هەولێر و بەغداد کردووە، بە وەشاندنی گورزی سەربازی لە دژی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەوەی حزبە کوردیەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان نمایشی سەربازی ئەنجام دەدەن، بۆ ئەمەش ئێران هەڕەشەكانی گەیاندووەتە هەولێرو بەغداد.
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە لە سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمەوە ئەوەی زانیوە کە ئێران پێی وایە،" ڕێککەوتنی ئەمنی لە نێوان ئێران و عێراق بەمەبەستی پاراستنی ئەمنیەتی ئەو وڵاتانە و سنورە هاوبەشەکانیانی نێوانیان وەک پێویست جێبەجێنەکراوە"، بۆیە لە ئەگەری هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئەو حزبانە بەغداد و هەرێمی ئاگادارکردۆتەوە.
هاوکات بەرپرسانی ئەمنی هەرێمیش کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی ئێراندا کردووە، بە فەرمی ئاگاداریان کردوونەتەوە لە ئەگەری هێرشەکانی ئێران بۆ سەریان و گەیاندنی هەڕەشەکانی ئێران پێیان.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئێران بە چڕی هێرشی کردە سەر حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و چەندین کەسیش بەهۆی هێرشەکانیانەوە بوونە قوربانی.
بەڵام لە کۆتایی مانگی سێی 2023دا عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتنامەیەکی ئەمنییان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنوردارکردنی جموجۆڵی حزبەکانی کوردستانی ئێران.
ئێران ڕۆژی 19ی نۆی 2023ی وەکو دوا وادە بۆ چەککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دانابوو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زرگوێز و کۆیە و ناوچەکانی تر "چەککران"، تا لە ڕۆژی 6ی مانگی نۆی 2024 هێزەکانی کۆمەڵە لە ژێر چاودێری دەزگا ئەمنیەکانی سنوری سەوز گوازرانەوە بۆ کەمپی سورداش.
ئەگەرچی هێزە کوردیەکان چەند جارێک ڕایانگەیاندووە کە دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرن و تەنها "خەباتی سیاسی" خۆیان بەردەوامی پێدەدەن، بەڵام هەڕەشەکانی ئێران لەدوای بەستنی 17هەمین کۆنگرەی دیموکراتەوە دێت کە بە کۆنگرەی "یەکگرتنەوە" ناسرابوو لە ڕۆژی 4ی مانگی دوو، هەر لە هەمان ڕۆژیش بە پێی میدیا کوردیەکان درۆنێک لە نزیک بارەگاکانی ئەو حزبە کەوتە خوارەوە. هاوکات لە ڕۆژی 17ی مانگی دووش کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە میدیاکانی خۆی دیمەنی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەی بە نمایشی ژمارەیەک لە بەرپرسان و پێشمەرگەکانی خۆی کردەوە.
بەڵام ئەمجەد حسێن پەناهی دەڵێت،" دوای تێکشکانی بەرەی مقاوەمە و هێزە میلیشیاکانی نزیک ئێران، ئێران دەیەوێت بە هەڕەشەکردن بەرپەرچی ئەوە بداتەوە، هەمیشە ئێمە دەکەنە بیانوو بۆ دروستکردنی فشار لەسەر عێراق ئێمە لە ڕێککەوتنەکەوە بە شایەدی هەموو لایەک چالاکی سەربازیمان نەبووە."
وتیشی،" لە ڕابردودا ئێران زۆر هەوڵی دا لە هەیمەنە و ئیعتیباری مەعنەوی ئێمە بدات و بیشکێنێت، بەڵام دەرکەوت ئیعتباری ئێمە بە چۆڵکردنی بارەگایەک ناشکێت، لە مانگرتنی سەرانسەری ئەم کۆتایانەی ئێراندا لەسەر داوای ئەحزابە کوردیەکان لەسەر نارەزایی بەرامبەر حوکمی ئیعدام بۆ چالاکانی سیاسی بۆی دەرکەوت، ئەم حزبانە خاوەن ڕیشەن، وە ڕیشەکەیان لە ناو خەڵکی ڕۆژهەكاتی کوردستانە، بارەگامان لەم شار بێت یان ئەو شار ئەو دۆڵ یان ئەو دۆڵ لە ئیعتیباری ئێمە کەم ناکاتەوە."
ئەمجەد حسێن پەناهی: ئێران هەڕەشەی هێرشمان لێدەکات، بەڵام هەڕەشەکانی ئێڕان تەنها بیانوون
