Accessibility links

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی: لە وەبەهێناندا هەرێم گەشتووەتە ئاستی هەناردەکردن بۆ دەرەوە


سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشە سازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ئاستی وەبەرهێنان لە چەند بەرهەمێکی پیشەسازی و کشتوکاڵی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشچووە، بە جۆرێک جگە لەوەی پێداویستی ناوخۆ پڕ کراوەتەوە هەناردەی دەرەوەش دەکرێن.

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بارزگانی و پیشەسازی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کارگەکانی بیناسازی و کانزاکان و خۆراک ڕوویان لە زیاد بوون کردووە، جۆرێک توانیوێتی لەسەدا پەنجا بۆ شەستی پێویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە، لە چیمەنتۆ پێویستی ناوخۆ تەواو بووە، لە شیش و ئاسندا نزیکەی لەسەدا شەست بۆ حەفتا پر بۆتەوە لە خشت و چەند بابەتێکی تریشدا."

وتیشی،" هەندێ بابەت هەناردە دەکەین وەک قیر و مشتەقاتی نەوت کە دەنێردرێتە هندستان و تورکیا و ئەفغانستان، هاوکات لە پەلەوەر و بەرهەمەکانیشی پێداویستی ناوخۆ پڕ بۆتەوە لە هەرێمەوە بۆ شارەکانی عێراق هەناردە دەکرێن."

وێرای قسەکانی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بەڵام هەرێم تا ئێستا پشتتی بە وڵاتانی دەرەکی بەستووە بۆ دابین کردنی بەشێک لە پێداویستیەکانی بە تایبەت وڵاتی تورکیا و ئێران.

بەهۆی فشارەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، دۆخی دارایی و ئابوری ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە خراپبوونە، لەدوای کابینەی نوێی ئەمەریکاش بە سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپ بەهای تمەنیئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەهاکەی لەدەستداوە، لە بەردەوامی لەدەستدانی بەهای تمەن وا چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروست بکات، بەو پێیەی هەرێم پشتی بەستووە بە ئێران بۆ دابین کردنی بەشێک لە پێداویستیەکانی.

بەڵام نەوزاد غەفوور دەڵێت،" تا ئێستا کاریگەریەکی وای نەبووە کە شایەنی باس بێت، بەهۆی ئەو فشارەی لەسەر ئێرانە بەردەوام نرخ ڕووی لە زیاد بوونە لەو وڵاتە وە زۆربەی مامەڵەکان لە ناوخۆی ئێرانیشدا هەر بە دۆلارە."

وێرای داڕووخانی ژێر خانی ئابووری عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام و وەستانی وەبەرهێنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشە سازیدا، کە وڵاتەکەی تا ئاستێکی بەرچاو بۆ چەندین ساڵ گەڕاندەوە دواوە، بەڵام سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێت، ئەم پێشکەوتنە تەنیا هەرێمیشی نەگرتۆتەوە، بەڵکو عێراقیش لە بواری پیشە سازی و کارگەی هەمەجۆردا تا ئاستێکی باش بەرەوپێشچووە.

نەوزاد غەفور دەڵێت،" عێراقیش لە بواری پیشە سازی هەنگاوی گەورەی ناوە، بەڵام لە بواری کشتوكاڵدا تا ئێستا هەرێم پێشکەوتوو ترە بە تایبەت لە بەرهەمی پەلەوەردا پێشەکەوتوین و زیاترمان هەیە لە پێداویستی ناوخۆ بۆیە بۆ عێراق دابین دەکرێت."

دەشڵێت،" دەبێت حکومەت گومرگ لەسەر پێداویستی دەرەکی زیاد بکات، بۆ ئەوەی خاوەنکاران گرنگی بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی بدەن، پرۆژەکانیان سەرکەوتن بە دەستبهێنن، بە تایبەت کە لەم دوایانەدا کارگەی زۆر باش لە هەرێم بونیاد نراون."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:26 0:00

XS
SM
MD
LG