لە کاتێکدا چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە گوایە سبەی هەریەک لە بانکە مەرکەزییەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بە مەبەستی "تەوتین" یان بەنیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی "سنوری سەوز" لقی فەرمیان لە شاری سلێمانی دەکەنەوە، بەڵام پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ناوەندێکی نێو دەوڵەتی" دەکرێتەوە بۆ کاری بازرگانی و دارایی، بەبێ ئەوەی کردنەوەی لقی ئەو بانکانە پشتڕاست بکاتەوە.
دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو بانکەی دەکرێتەوە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانییە. ئەم شوێنە یەکەم جارە بەم شێوازە و بەم ناوەرۆک و پسپۆڕییە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە."
وتیشی، "هەموو بانکەکان و بۆرسەکان وە هەموو بوارەکانی وەبەرهێنان و دارایی و بازرگانی دەتوانن بەش و لق لەم بانکە بکەنەوە، بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە بۆ کردنەوەی لق بە پێی یاساکانی فیدڕاڵ و هەرێم دیاری کراون."
ئەمڕۆ بەشێک لە "مامۆستایانی ناڕازی" کە لە ڕابردوودا چەند جارێک سەردانی بەغدایان کردووە و داوایان کردووە مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە بدرێت، ڕایانگەیاند، پێشوازی دەکەن لە کردنەوەی لقی ئەو دوو بانکە مەرکەزییەکە وەک هەنگاوێک بۆ "تەوتینی" مووچەکانیان لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە.
پرسی "تەوتین" یان بەنیشتیمانیکردن کە داواکاری بەشێک لە مووچەخۆرانی سنوری یەکێتیە، بەهۆی بەردەوامی دواکەوتنی مووچەوە لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە هەرێم سەری هەڵداوە.
پرسەکە بۆتە بەشێک لە ململانێی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی، بەو پێیەی یەکێتی لە بانگەشەی ساڵی ڕابردووی هەڵبژاردنی هەرێـمدا وەک پشتگیر و پاڵپشتیکاری ئەم پرسە جەختی دەکردەوە. هەرچی پارتییە دژایەتی خۆی بۆ ئەم بابەتە ڕاگەیاندووە و هەوڵی سەرخستنی پرۆژەی "هەژماری من" دەدات کە لەلایەن کابینەی مەسرور بارزانییەوە پێشکەشکراوە.
هەرچەندە هەتا ئێستا ڕوون نییە "هەژماری من" دەچێتە خانەی تەوتینەوە، بەڵام کڕۆکی ناکۆکییەکە لەسەر ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەکو ساڵانی ڕابردوو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابەشبکرێت یان ڕاستەوخۆ بچێتە سەر بەغدا.
نەیارانی ڕادەستکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەڵێن هەوڵەکە بۆ لاوازکردن و سڕکردنی حکومەتی هەرێم و قەوارەی هەرێمی کوردستانە. بەڵامی لایەنگرانی پرسەکە دەڵێن پرۆسەی دواکەوتنی مووچە چەندین ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی ئازاردانی بێئەندازەی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەمڕۆ پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا ڕەزامەندی بە کردنەوەی لقی بانکی هەریەک لە ڕافیدەین و ڕەشید نەدراوە .
دکتۆرە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە میدیا کوردیەکانی ڕایگەیاند، "كردنهوهی ئهم ناوهنده بازرگانییه پهیوهندی به كردنهوهی لقی بانكی رافیدهین و رهشید نییه، چونكه گهڕانهوه یان كردنهوهی لقی ئهم دوو بانكه پهیوهندی ههیه به رهزامهندی ههردوو حكومهتی هەرێم و فیدراڵ كه له ئێستادا وێڕای ههوڵهكانمان، بهداخهوه رهزامهندی نهدراوه لهسهر دووباره كردنهوهی لقی ئهم دوو بانكه له شاری سلێمانی."
دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 بڕیاری دا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان "تەوتین" بكرێت، بەڵام پرۆسەکە هەتا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
دوێنێ 18ی مانگی دووی 2025 دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی سەرۆککۆمار بڕیاریدا تەوتینى مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت بەو شێوەیەی کە فەرمانبەران دەیانەوێت و "بتوانن بانکەکانیان هەڵبژێرن." دادگاکە هەروەها داوای کرد حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەکە هەماهەنگی بکەن.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات ڕۆژی 9ی مانگی دووی 2025، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاشکرایکرد، سەرۆککۆمار لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایی یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی تۆمارکردووە و داوادەکات حکومەتی عێراق پابەند بکرێت بە ناردنی مووچەی مانگانە لە کاتی خۆیدا.