ژنێکی ئێزدی کە پێشتر لە لایەن داعشەوە کرابوو بە کۆیلەی سێکسی و دواتر بۆ غەززە فڕێندرابوو، ڕۆژی سێشەممە گەیشتە ئەڵمانیا.
فەوزیە ئەمین سەیدۆ، کە ئێستا تەمەنی 21 ساڵە، لە مانگی دەی ساڵی 2014، تەنها مانگێک پێش ئەوەی یادی 11 ساڵەی لەدایکبوونی بکاتەوە، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە شەنگال ڕفێندرا.
10 ساڵی دواتری ژیانی فەوزییە پڕبوون لە نەهامەتی و ئازار؛ ئەو ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی، کۆیلایەتی و هاوسەرگیری زۆرەملێ لەگەڵ چەکدارێکی داعشی فەلەستینی لە سوریا بووەوە. دواتر داعش بۆ تورکیا ڕفاندی و لەوێوە بۆ غەززەی ڕەوانەکرد بە ئامانجی ئەوەی فەوزییە و دوو منداڵەکانی لەگەڵ خێزانی چەکدارە داعشە فەڵەستینییەکە بژین.
دەنگی ئەمەریکا پێشتر بە وردی هەواڵی ڕزگارکردنی بڵاوکردەوە کە لە 1ی دەی 2024 لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە غەززە ڕزگارکرا. ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاری نێوان چالاکوانانی مافی مرۆڤ و هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل، ئوردن، عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەنجامدرا.
فەوزیە نزیکەی کاتژمێر 5ی ئێوارە بە کاتی ئەڵمانیا گەیشتە فڕۆکەخانەی هانۆڤەر و لەوێ لەلایەن پارێزەرەکەی و کۆمەڵێک کەسوکاری و چالاکوانانی مافی مرۆڤەوە پێشوازی لێکرا.
غەریبە هاگمان، پارێزەرەکەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "فەوزییە بە سەلامەتی گەیشتووەتە ئەڵمانیا و زۆر ئاسودەیە بە گەیشتنی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکەم شت کە فەوزیە لە کاتی دابەزینی لە فڕۆکە وتی ئەوە بوو، 'تکایە دڵنیاببنەوە کە ئەندامانی خێزانەکەشم دەتوانن بێنە ئێرە و لێرە لەگەڵم بژین."
کونسوڵخانەی ئەڵمانیا له بەغدا له 10ی ئەم مانگە لەسەر بنەمای هاوکاری مرۆیی ڤیزای دا بە فەوزییە. دایکی و داپیرە و پێنج خوشک و براکەی هێشتا لە شنگالن.
غەریبە هاگمان، پارێزەرەکەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "خێزانەکەی جگە لە دوو خوشکەکەی، دەیانویست بە هەمان شێوە بێن بۆ ئەڵمانیا، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا بە ڕوونی ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەوان تەنها ڕازی دەبن بە وەرگرتنی فەوزیە."
دەشڵێت، "هیچ پابەندبوونێکی یاسایی بۆ وەرگرتنی فەوزییە نییە، بەڵکو کردەیەکی مرۆڤایەتییە. هەر بۆیە من سوپاسگوزار بووم کە لانیکەم بە وەرگرتنی فەوزییە ڕازی بوون."
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، ئەڵمانیا سێیەم وڵاتە بۆ میوانداریی زۆرترین پەنابەر لە سەر ئاستی جیهاندا و گەورەترین وڵاتی یەکێتی ئەوروپایە لەم پرسەدا. ئاژانسەکە دەڵێت نزیکەی 2 ملیۆن و نیو پەنابەر لە هەموو جیهانەوە چوون بۆ ئەڵمانیا، لەنێویاندا زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری ئۆکرانیا و سەدان هەزار پەنابەری سوریا.
لە دوای جینۆسایدی ساڵی 2014 لە لایەن داعشەوە دژ بە ئێزدییەکان، ژمارەی پەنابەرانی ئێزدی لە ئەڵمانیا بۆ زیاتر لە 200 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
بەڵام لەناو کۆمەڵگەی ئەڵمانیا مشتومڕی بەردەوام هەیە سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، بەمەش زۆرێک لە پەنابەرانی ئزدی ترسی دەکردنیان لە وڵاتەکە هەی.
مەترسییەکە ئەوەیە بەشێک لە سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا دەڵێن کە شکستی داعش لە ساڵی 2017 بووەتە هۆی کۆتایی هێنان بە بەئامانجگرتنی کەمینەکانی عێراق لەنێوانیان ئزدییەکان. بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ئەم بانگەشەیە ڕەتدەکەنەوە.
دوێنێ دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا سنورداشکردنەوەی 47 عێراقییان ڕاگەیاند کە داواکاری مافی پەنابەرییان ڕەتکرابووەوە.
لە نێوان زیاتر لە 300 هەزار پەنابەر و کۆچبەری عێراقی کە لە ئەڵمانیا دەژین، ڕێکخراوەکانی پەنابەران مەزەندە دەکەن کە تەنیا لە ساڵی 2024 نزیکەی 700 عێراقی سنورداشکراونەتەوە.
لە ئێستادا نزیکەی 10 هەزار پەنابەری تری عێراقی مەترسی دەرکردیان لەسەرە.
پارێزەر غەریبە هاگمان کە هاوکات ئێزیدییە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، ئەو هەڵوێستەی ئەڵمانیا کاریگەرییەکی دەروونیی لەسەر زۆرێک لە پەناخوازانی ئێزدی دروستکردووە.
لە کاتێکدا هەتا ئێستا ژمارەیەکی وردی ئەو ئێزدیانەی لە ئەڵمانیا دەرکراون دیارنییە، بەڵام غەریبە هاگمان مەزەندەی دەکات لانیکەم پێنج کەسیان ڕەوانەی عێراق و هەرێمی کوردستان کرابنەوە.
غەریبە هاگمان ئاماژەی دا، ئێزیدییەکان کە کۆچدەکەن بۆ ئەڵمانیا دەیانەوێت ژیانێکی نوێ بنیات بنێن، هەرچەندە هەندێکیان بە زەحمەت فێری زمانێکی نوێ دەبن بەهۆی زەبرە دەرونییەی بەریانکەوتووە."
هەروەها وتی، "بەداخەوە زۆربەی ئێزدییەکان وەک فەوزیە بەختیان نییە کە پشتیوانییان لێبکرێت، بەڵکو بڕیار دەدەن بەشێوەیەکی نایاسایی بێنە ئەڵمانیا، بۆیە لەوێ ڕووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە دەبنەوە و ساڵانێکە دەستبەسەرن".
لە مانگی یەکی ساڵی 2023 پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندێستاگ) بڕیاری دا تاوانەکانی دەوڵەتانی ئیسلامی (داعش) دژی ئێزیدییەکان بە جینۆساید بناسێنێت. لەو کاتەوە ویلایەتە فیدراڵیەکانی باکووری ڕاین- وێستفالیا و شلێسویگ-هۆڵشتاین یاسای تایبەتیان بۆ پاراستنی پەناخوازانی ئێزیدی لە دیپۆرتکردنەوە دەرکردووە.
غەریبە هاگمان ئاماژەی بەوەدا ڕزگاربووانی ئێزدی، بەتایبەتی ئەوانەی کە قوربانی دەستدرێژی سێکسین، بە مانەوەیان لە ئەڵمانیا دەرفەتی چاکبوونەوەیان بۆ دەڕەخسێنێت لەو زەبرە جەستەیی و دەروونیەی دووچاری بوون. دەڵێت ئەو دەرفەتە بۆیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “توانیومانە ڕۆژی پێنجشەممە، واتا تەنها دوو ڕۆژ دوای هاتنی فەوزییە بۆ ئەڵمانیا، دانیشتنێکی چارەسەری دەروونی بۆ ڕێکبخەین بۆ ئەوەی بتوانێت دووبارە دەست بە ژیانێکی سەربەست بکاتەوە."
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، بەردەوام دەڵێن ڕزگاربووانی ئێزدی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پشتیوانی دەروونی پێویستیان بۆ دەستەبەر ناکرێت.
چالاکوانان لە ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵانی مەسیحی و ئێزیدی عێراق (CYCI) کە بنکەکەی لە کەنەدایە، هاوکاری فەوزییە سەیدۆیان کردووە لە گواستنەوەی بۆ ئەڵمانیا.
ئەندامانی ڕێکخراوەکە بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، فەوزییە دوای ڕزگارکردنی لە غەززە و گێڕانەوەی بۆ عێراق، دووچاری پشتگوێخستن لەلاین حکومەتەوە بووەتەوە و لەلایەن چەکدارە شیعەکانەوە بەئامانجگیراوە.
داود ججو، ئەندامێکی ڕێکخراوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو کچە بەردەوام دەیگوت لە دۆزەخێکەوە هێنراومەتە نێو دۆزەخێکی تر".
چالاکوانان دەڵێن فەوزییە سەیدۆ و بنەماڵەکەی سێ هەفتە دوای گەڕانەوەی بۆ شنگال ڕووبەڕووی هەڕەشەی هێزە عێراقییەکان بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی دەرکەوتنی لە بابەتێکی هەواڵی نێودەوڵەتی کە تیایدا فەوزییە ستایشی ڕۆڵی حکومەتی ئیسرائیلی کردووە بۆ ڕزگارکردنی لەدەستی چەکدارانی حەماس لە غەززە .
هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی عێراقی کە ئەرکی کارکردنیان لەسەر دۆسیەی ئەو ژنە ئێزیدییە پێسپێردراوە، ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم بابەتە بدەن.
ستیڤ مامان، دامەزرێنەری ڕێکخراوی CYCI بە دەنگی ئەمەریکای گوت،، فەوزییە سەیدۆ چەند جارێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بانگهێشت کراوە چونکە " بە هەڵە پێیان وابوو زایۆنییە و سیخوڕێکی ڕاهێنراوی ئیسرائیلە".
ستیڤ مامان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "فەوزییە بە هیچ شێوەیەک چارەسەری دەروونی لە شنگال وەرنەگرتووە. حکومەت هیچ هەوڵ و ئاماژەیەکی بۆ یارمەتیدانی فەوزییە نەداوە. پێدەچێت ئێزدییەکان لە وڵاتی خۆیاندا هاوڵاتی پلە دوو بن."
داعش لە مانگی هەشتی ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شنگال و ناوچە ئێزدییەکانی تر. داعش لە هێرشەکەدا نزیکەی 10 هەزار ئێزدی کوشت و زیاتر لە شەش هەزار ژن و منداڵی کردە کۆیلە.
بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، نزیکەی سێ هەزار و 500 ئێزدی ڕزگارکراون بەڵام دوو هەزار و 600 کەسیان هێشتا بێسەروشوێنن.