کەسایەتییەکی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕەنگە ئەیاد عەلاوی لە ژێر کاریگەری تەمەن دا باسی لە کردنەوەی لقی حزبی بەعس لە کوردستان کردبێت، ئەگینا ئەو بە نزیک لە سەرکردایەتی سیاسی کورد ناسراوە.
عەبدولسەلام بەرواری، کەسایەتی دیاری پارتی و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کەسێک مەمنونی سەرکردایەتی سیاسی کورد بێت، دەبێت ئەو کەسە عەلاوی بێت، چونکە لە زۆر هەڵوێست دا کورد پشتگیری کردووە."
دەشڵێت،"هۆکارێک نابینم بۆ ئەوەی عەلاوی پلانی هەبێت لەدژی کورد، ئەو جیاوازە لە هەندێک لایەنی تر."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەیاد عەلاوی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرکردەی دیار لە بەرەی سونەکانی عێراق، جەختی لەسەر کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کوردو ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەلاوی قسەکانی لەبارەی کردنەوەی لقی حزبی بەعس ڕەتکردەوە، بۆیە نابێت قسەکانی بە هەند وەربگیرێت. بەعس بارەگاو ڕێکخستنی نەماوە، بەڵام سونەکان کە فشاریان لەسەرە ڕوو لە هەولێرو سلێمانی دەکەن و ڕەنگە بەعسیشیان تێدا بێت."
هەروەها وتیشی،"هەر بەعسییەک تاوانبار بێت بدرێتە دادگا، بەڵام بەعسی هەیە تاوانی ئەنجام نەداوەو مەسەلەکەی جیاوازە.کورد لەمەدا ڕای باشە، بەڵام شیعەکان ڕایان خراپەو ئەو هەموو خەڵکەیان کردووەتە نەیاری خۆیان."
بارەگای بارزانی لە بارەی قسەکانی ئەیاد عەلاوی بۆ کردنەوەی لقی حزبی بەعس لە کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"دەرگای کوردستان کراوەیە بۆ هەموو هاوڵاتییەکی عێراق کە بە ئازادی بژی، بەڵام ئەوەی ئەیاد عەلاوی باسیکردووە دوورە لە ڕاستییەوە."
دوێنێ شەممە، 15 ی مانگی دووی 2025، نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەیاد عەلاوی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"تەفسیری ناڕێک بۆ قسەکانی ئەیاد عەلاوی کراوەو قسەکانی بڕدراوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری هەڵە تێگەیشتن."
جیاواز لە قسەکانی ئەیاد عەلاوی، ناو بەناو وێنەی خانەوادەی بەرپرسانی پێشووی بەعس لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکرێتەوە، گوایە ئەوان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەژین، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە لایەنە شیعەکان زۆرجار ئەم گومانە دەوروژێنن.
عەبدولسەلام بەرواری دەڵێت،"تۆمەتبارکردنی هەولێر لەلایەن هەندێک لایەنی شیعە هۆکارەکەی دەسەڵات و ئامادە نەبوونیانە بۆ جێبەجێکردنی فیدراڵییەت و دابەشکردنی دەسەڵات، بەڵام هیچ هۆکارێک نابینم بۆ قسەکانی عەلاوی، دەبێت قسەکانی وەکو حەقیقەت وەرنەگرین."