ئەندامێکی لیژنەی شەهیدان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێدەچێت پاڵنەری ئاینی لە پشت هەوڵی سڕینەوەی ناوی ئەنفالەوە بێت لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە، بەڵام دادگا سکاڵاکەی ڕەتکردەوە.
شوان محەمەد، ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تاوانی ئەنفال لە ژێر ناوی سورەتێکی قورئانی پیرۆزدا ئەنجامدراوە، لەژێر ئەم ناوەدا میللەتێک جینۆساید کراوە، بۆیە تاوانەکە لە ئەدەبیاتی خەڵکی کوردستان دا بە ئەنفال ناسراوە."
ئەمڕۆ سێشەممە، 11 ی مانگی 2 ی 2025، دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای هاوڵاتییەکی بە ناوی خالد مستەفا حسێن ڕەتکردەوە، لە سکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێمی کردبوو.
پاساوی سکاڵاکار بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو وەزارەتەی حکومەتی هەرێم ئەوەبوو، گوایە دەبێت ئەو دامەزراوانە دەستەی سەربەخۆ بن نەک وەزارەت.
شوان محەمەد دەڵێت،"ڕەنگە بیرۆکەی ئاینی لە پشت سکاڵاکەوە بێت بۆ سڕینەوەی ناوی ئەنفال، بەڵام ئەمە غەدرێکی گەورەیە، چونکە جگە لە وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکان دەیان مۆنۆمێنت و سەنتەری توێژینەوەمان بە ناوی ئەنفال هەیە، چۆن دەتوانرێت ئەم ناوانە بسڕدرێتەوە."
هەرچەندە ناوی سکاڵاکار بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ئاشکرابووە، بەڵام ناسنامەی سکاڵاکار لای چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال هێشتا ڕوون نییە.
ئەحمەد مەجید، چالاکوانی بواری ئەنفال، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پاشماوەی بەعسییەکان و ئەو تاوانبارانەی بەشداربوون لە تاوانی ئەنفال، بەناوهێنانی ئەنفال نیگەران دەبن، چونکە پرۆسەکە پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژی و تاوانێکی گەورەیە."
دەشڵێت،"هەندێک لایەنی ئیسلامی دەیانەوێت وشەی ئەنفال لە جینۆسایدی کورد جیابکرێتەوە، گوایە سەدام دەسەڵاتدارێکی عەلمانی بووەو ئەم وشەیەی بۆ ناشیرینکردنی ئیسلام بەکارهێناوە."
لە کۆتایی مانگی یەکی 2025، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال یاداشتێکیان ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری عێراق کرد، داوای ڕەتکردنەوەی سکاڵای هاوڵاتییەکەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکان کرد.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناکرێت هەر بڕیارێک لە هەرێمی کوردستان درابێت هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەمە کارێکی قورسە."
تۆمارکردنی سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لەکاتێکدایە، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان لە عێراق بە جینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفالە.