دەستگیرکردن و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانێکی هاووڵاتیەکی شاری هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ناڕەزای لێکەوتەوە و عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت،" ئەوەی کراوە تۆمەتە و یاسا شکێنیەکی زۆر زۆر ڕوونە." یاساناسانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن یاسا ڕێگە نادات تۆمەتبار بهێنرێتە سەر شاشەکان و ئابرویان ببرێت لەکاتێکدا کەیسەکەی یەکلانەکرابێتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە 11ی مانگی دووی 2025، پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستان دانپێدانانی هاووڵاتیەکی دانیشتووی هەولێریان بڵاوکردەوە کە عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە هاوڕێ و برای خۆیی دەزانێت. پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند،"دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو لە هەندێک لە پلاتفۆرمە نەیارە دژبەرەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چەواشەکاری و هاندانی خەڵک و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆ و زانیاری ناڕاست بڵاوکرانەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر دوای بە دوا داچوونێکی ورد و لێکۆڵینەوە گەیشتینە دەرئەنجام و هەندێ لەو کەسانەی هانی ئەم هەڵمەتە ناڕەوا و نابەجێیەیان دەدا دەستنیشانمانکردن و لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە یەکێک لەو کەسانە بەناوی (ئادەم عوسمان سلێمان) دەستگیر بکەین کە لە ڕۆژی یەکشەممە 9ی دووی 2025، شۆفیری بۆ عەلی حەمە سالح پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان کردووە و لەو کاتەی پەرلەمانتاری ناوبراو سەرقاڵی وێنە و ڤیدیۆ گرتنی چەند شوێنێک بوو کە لەو پلاتفۆرمە ئاماژە پێکراون بڵاوبوونەتەوە."
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دوای بڵاوبوونەوەی دانپێدانانەکە ڕایگەیاند،" دوێنی دووشەممە کاتژمیر7:30 خولەکی شەو هاوڕێیەکی من ناوی (ئادەم عوسمان) بانگرا بۆ ئاسایش و وتی ئەچم بۆ ئاسایشی هەولێر دوای ئەوە مۆبایلی کوژایەوە دواتر زانیمان کە دەستگیریان کردووە."
وتیشی،" ئەو ڕۆژەی کە بڕیار بوو مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕەزی دەیانەوێت بێنن بۆ هەولێر بۆ داواکردنی موچە بۆ پیش بارەگای یوئێن، ئەم هاوڕیەم کە ناوی ئادەمە پەیوەندی پێوە کردم و وتی حەز ناکەم بەتەنیا بیت و سەیارەکەی خۆشم تەواو نەبوو و هات بە دوامدا بەڵێ ئێمە ڕۆشتینە بەردەم یو ئین و چووینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران من خۆم ڤیدیۆم کردووە و بڵاومکردووەتەوە، جا سایتی کوردی یا عەرەبی یا ئینگلیزی وەریدەگرێت لە فیس بوکی خۆم بڵاومکردووەتەوە هاتوون ئەویان دەستیگرکردووە."
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد ئێستا پێان وایە دانپێدانانێکی زۆر گەورەیان دەستکەوتووە کە عەلی وێنەی سەر جادەی کردووە و دەشڵێت،" بۆچی قەدەغەیە وێنەگرتنی سەر جادە و هێزێکی ئەمنی زۆری سەربازی و مەدەنی هاتبوون بەڵی من وێنەم گرت، دواتر ئێمە ڕۆشتینە دیگەڵە کاک ئادەم لەگەڵ مندا بووە یانی هاوکاری من بووە نە خۆپیشاندەر بووە نە شتێکی تر، ئێستا دەستگیریان کردووە دەیانەوێت کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕەوا بدەنە پاڵی ئەمە یاسا شکێنیەکی زۆر زۆر ڕوونە."
بە گوتەی شارەزایانی یاسای ئەوەی هێزە ئەمنیەکانی کوردستان لێرە و لەوێ دانپێدانان بڵاودەکەنەوە تەواو پێچەوانەی یاسایە و زۆرینەی دادوەرەکانیش لێی بێ ئاگان، بۆیە داوا دەکەن چیدیکە دانپێدانان بڵاونەکرێتەوە کە هێشتا کەیسەکە دەرئەنجامی کۆتایی وەرنەگرتبێت.
بوار کۆسار پارێزەری ڕاوێژکار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو دانپێدانانەی لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، پێچەوانەی یاسایە و یاسا ڕێگەی پێنادات، تەنها لە حاڵەتێک دانپێدانان ئاسایە بڵاوبکرێنەوە کە پەیوەست بێت بە تاوانێکی گەورە و شڵەژانی دەروونی بۆ کۆمەڵگا دروست کردبێت."
وتیشی،" لەیاسادا کۆمەڵێک مەرجمان هەیە بێتە دی، ئایە ئەم دانپێدانانە ڕاستین ولە ژێر هیچ فشارێک پێیان نەکراوە، دواتر لەسەر خواستی خۆیان و دادوەر دانپێدانەکانیان بڵاوکراوەتەوە؟ بەدڵنیایەوە نەخێر زۆرینەی دادوەرەکان ئاگایان لێ نیە، بۆیە ئەم جۆرە دانپێدانانەی بڵاودەکرێنەوە تەنها بۆ مەرامی سیاسی بەکاردەهێنرێن."
دەستیگرکردنی ئادەم عوسمان دوای ئەوە دێت، ڕۆژی 9ی مانگی دووی 2025، ژمارەیەکی زۆر لە موچە خۆرانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن و ویستیان لەپێش بینای بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆپیشاندان بکەن و داوای پێدانی موچەکانیان بکەن، ئادەم عوسمانیش یەکیک بووە لە ئامادەبوان لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتار بووە، بەڵام لەلایەن ئاسایشی زاڵگەی دێگەڵەوە ڕێگری لە خۆپیشاندەران کرا و ڕێگە نەدرا داخڵی هەولێر بن و بەگرژ و ئاڵۆزی کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات و لە ئەنجامدا ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر بەهۆی گازی فرمێسک ڕێژ و لێدانەوە برینداربوون.
پۆلیسی هەولێر دانپێدانانی هاووڵاتیەکی بڵاوکردەوە و یاساناسانیش دەڵێن پێچەوانەی یاسایە
