دوای ئەوەی کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ڕێگرییان لێکرا بچن بۆ هەولێر، هەردی سەڵاح پارلەمانتاری یەکێتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند پێویستە لەم خولەی پەرلەمان یاسای خۆپیشاندانی هەرێمی کوردستان هەمواربکرێتەوە. بەڵام پەرلەمانتار مونا قەهوەچی دەڵێت یاساکە "تێر و تەسەلە و پێویستی بەهەموارکردنەوە نیە."
دوێنی یەکشەممە، 9ی مانگی دووی 2025، سەدان کەس لە مووچەخۆرانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن و ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت لەپێش بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆپیشاندان بکەن بۆ داواکاری پێدانی مووچەکانیان. بەڵام ئاسایشی بازگەی دێگەڵە ڕێگری لێکردن و خۆپیشاندانەکە بە گرژی و ئاڵۆزی کۆتایی هات و لە ئەنجامدا ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر برینداربوون.
هەردی سەڵاح، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هیوادارم ئێمە بتوانین لە قۆناغی داهاتوودا بەهەموو شێوەیەک ئەو یاسایانە ڕێکبخەین کە پەیوەستن بە خۆپیشاندانەوە، ئەو لایەنە کەمتەرخەمانەش بەڕاستی سزا بدەین کە ڕێگر دەبن لە دەربڕینی ڕای ئازاد و ناڕەزایی خەڵک."
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی وتی، "ئەگەر پەرلەمان لە دۆخی کارایی و ئاسایی خۆیدا بوایە دەکرا لە پەرلەمانەوە یاسای خۆپیشاندانمان بهێنایەوە بەر باس و گفتوگۆی لەبارەوە بکەین بۆ ئەوەی هەمواری بکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین چی کەموکوڕییەکی تێدایە یاخود چی کۆت و بەندێکی تێدایە کە ڕێگرە لە دەربڕینی ڕای ناڕازی خەڵک و بەو شێوەیە دەستکاری بکەینەوە بگونجێت و پانتایی ئازادی ڕادەبڕین باشتر بکەین."
بەڵام مونا قەهوچی، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی چاکسازی تورکمان، گۆڕانکاری لە یاساکەدا ڕەتدەکاتەوە.
مونا قەهوەچی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یاسای خۆپیشاندان تێر و تەسەلە و پێویستی بەهەموارکردنەوە نییە و زۆریش فراوانی و دەستکراوەیی جێهێشتووە بۆ خۆپیشاندەران. خۆ مووچە زەوتنەکراوە لەهەرێمی کوردستان مووچە زەوتکراوە لەلای حکومەتی ناوەندییەوە، دەبێت ئەم خۆپیشاندەرانە ڕوو لە بەغدا بکەن کەوا بۆچی دەستور جێبەجێ ناکەن."
وتیشی، "ئەگەر مادەکانی دەستور هەمووی جێبەجێبکرێت، دڵنیابن هیچ کێشەیەک ڕوو لە هەریمی کوردستان ناکات. کە دوێنی ئەو خۆپیشاندانە بەهێزی مەدەنی دەیانویست بێنە ناو هەولێر، ئەوە نییە ڕێگرییان لێکرابێت بێنە هەولێر بەڵکو بۆ ئەوە بوو زیاتر کێشە و ئاژاوە دروست نەبێت."
خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010 ڕێکخراوە. بە گوێرەی یاساکە، خۆپیشاندان لەلایەن کۆمەڵەیەکی ڕێکخراو یان نیمچەڕێکخراوی خەڵک مافێکی دەستوورییە و ڕێگە دەدرێت بەپێی یاسا و بەشێوەیەکی ئاشتییانە لە شوێنە گشتییەکاندا ئەنجامبدرێت.
بەڵام یاساکە خۆپیشاندەران پەیوەستدەکات بە وەرگرتنی مۆڵەت لە وەزیری ناوخۆ یان سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان. هەروەها لە مادەی سێیەمی یاساکەدا هاتووە، وەزیر یان یەکەی کارگێڕی بۆی هەیە پێدانی مۆڵەت ڕەتبکاتەوە "ئەگەر بۆی ساغ بووەوە کە زیان بە سیستەم و ئاکاری گشتی دەگەیەنێت."
چالاکوانان و ڕەخنەگرانی ئەم یاسایە دەڵێن دەرفەتی بە دەستەڵاتداران داوە بەگوێرەی بەرژەوەندی سیاسی بڕیار لەسەر پێدانی مۆڵەتەکانی خۆپیشاندان بدرێت.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەی دوێنێی مامۆستایان کە هێزە ئەمنییەکان لە بازگەی دێگەڵە گازی فرمێسک ڕێژ و ئاو و گولەی پلاستیکییان بۆ بڵاوەپێکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران بەکارهێنا، بەرپرسانی شاری هەولێر دەڵێن خۆپیشاندانەکە مۆڵەتی نەبووە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکە لە ڕاگەیەنداوێکدا وتی، "داواکارییە ڕەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە خشتەی کارە لە پێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەو پێناوەشدا بە بەردەوامی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوە... سەرباری ڕێزگرتن لە مافی خۆپیشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش هەرێمی کوردستان ڕێگرییان لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان بێت ڕێگەی پێنادرێت."
ماوەی زیاتر لە 14 ڕۆژە لە شاری سلێمانی نزیکەی 13 مامۆستا و فەرمانبەر لەنێو خێوەتێکدا دەمێننەوە و مانیان لە خواردن گرتووە وەک هەڵوێستێک بەرامبەر بەردەوامی دواکەوتنی مووچەکانیان.
مانگرتنەکە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 ساڵە کێشەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی هەیە و جگە لە لێبڕین، مووچەخۆران چەندین مانگ مووچەیان وەرنەگرتووە و چارەنووسی پارەکانیان نادیارە.
مونا قەهوەچی ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی سەرۆکی حکومەتی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند "داواکاری بۆ مووچە لەلای حکومەتی هەرێم نییە و مووچەخۆران دەتوانن ڕووی داواکاریەکانیان ئاراستەی حکومەت و دادگای فیدراڵی عێراق بکەن."
مونا قەهوەچی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوێنی ئەوەی کە ڕوویدا بە شێوازێک لێکدانەوەی بۆ نەکرێت کە هەرێمی کوردستان بووەتە دوو بەش، بەشی ئەوەی کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە و هەولێرە و ڕێگری لە خۆپیشاندان دەکرێت و بنەمای دیموکراسیەت تێدا پێشێل دەکرێت و ڕێز لە دەنگی ئازادی ناگیرێت...ئێمە یاسای خۆپیشاندەرانمان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و بەشێک لەو پەرلەمانتارانەی کە لەگەڵ خۆپیشاندەران بوون خۆیان دەنگیان بەیاسای خۆپیشاندان داوە کە دەبێت پێشوەختە مۆڵەت وەربگیرێت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەمەش بۆ سەلامەتی خۆپیشاندەرانە بۆ ئەوەی ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکە نەچێتە بوارێکی دیکەوە کە هێزە ئەمنیەکان نەتوانن کۆنترۆڵی بکەن. خۆی هەموو کەس مافی ناڕەزایی هەیە، بەڵام دەشبێت مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت."
بەڵام پەرلەمانتاری یەکێتی هەردی سەڵاح پێی وایە هەڵوێستەکەی دوێنێی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر بە مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ "ترستاندنی خەڵک" بووە.
هەردی سەڵاح ڕایگەیاند، "خەڵکی کوردستان مافی هەیە بە هەر شێوەیەک دەیەوێت و لە چوار چێوەی یاسادا بتوانێت دەنگی ناڕەزایی خۆی بگەیەنێت بە لایەنی دەسەڵات، بێگومان یەکێتی هەم ئایدۆلۆژیای هەم خیتابی سیاسیەکەی و هەم بە پراکتیکی ئەو جوگرافیای کە یەکێتی تێدا باڵا دەستە بووە بەکردار پیشانی داوە باوەڕی بەدەربڕینی دەنگی ناڕەزایی و ئازادی خەڵک هەبووە."
وتیشی، "ئەو لایەنەی کە خەڵک دەترسێنێت لە خەڵک دەترسێت، بۆ لە خەڵک دەترسێت لەبەر ئەوەی دەزانێت چی کردوە بەرامبەریان. بۆیە ڕۆژێک دێت ئەو خەڵکە تۆڵەیان لێدەکاتەوە و دەرئەنجام ئەوەی کە خەڵکیان ترساندووە ترسنۆکن."