Accessibility links

شانشینی مێ: چۆن گیانلەبەری پند 20 ملیۆن ساڵە بەبێ جووتبوون وەچە دەخاتەوە


دروستکردنی شانشینێک لە ڕەگەزی مێ و وەچەخستنەوە بەبێ جووتبوون لەگەڵ نێردا بابەتێکی ئەفسانەیی نییە، بەڵکو ڕێگایەکە گیانلەبەری پند ماوەی زیاتر لە 20 ملیۆن ساڵە گرتوویەتیە بەر و زانایان دەیانەوێت لێی تێبگەن.

کۆمەڵێک پەیمانگای زانستی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی زانکۆی کۆڵن لە ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیەکیان ئەنجامداوە لەسەر جۆرێک لە پند (oribatid mites) کە بەوە جیادەکرێتەوە ئەندامە مێیەکانی بەبێ سێکس وەچە دەخەنەوە.

پندەکان نزیکن لە گیانداری جاڵجاڵۆکە و چەندین جۆریان هەیە کە لە سەرانسەری جیهان بڵاوبوونەتەوە. ئەوان مشەخۆری دەرەکین کە لەسەر پێست و لاشەی ئاژەڵ و باڵندە و مرۆڤەکان دەژین.

لێکۆڵینەوە نیودەوڵەتییەکە تەکنەلۆجیای ڕیزبەندی جینۆمی بەکارهێناوە بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری هەبوونی فرەچەشنی جینەکان لە نێو کۆمەڵە کرۆمۆسۆمەکانی پنددا.

بۆیاندەرکەوتووە هۆکاری سەرکەوتنی وەچەخستنەوەی بەبێ جووتبوون لە پند دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کۆپی جووت کرۆمۆسۆمەکانی گیاندارەکە سەربەخۆ گەشەدەکەن لە پرۆسەیەکدا کە بە "مەسڵسن ئیفێکت" ناسراوە.

ژمارەی نێر لە گیانداری پند زۆر دەگمەنە و لە نەبوون نزیکە، بەو پییەی مێیەکان لە هێلکەی نەپیتێنراو وەچە دەخەنەوە و زانایان دەڵێن نێر هیچ ڕۆڵێکی لە مانەوە و زیادبوونی جیناتی گیاندارەکە نییە.

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت وەچەی پند لە کاتی لەدایکبووندا هەموو یان بەشێک لە خەسڵەتەکانی دایکی وەردەگرێت و دەبێتە کۆپییەک لە دایکەکە. ئەوەی جێگای سەرنجە، کۆمەڵەی جوت کرۆمۆسۆمەکانی وەچەکە سەربەخۆ پەرەدەسێنن، بەمەش یارمەتی فرەچەشنی جینەکان دەدەن بەبێ لەدەستدانی زانیارییە بنەڕەتییەکان.

لێکۆڵینەوەکە دەڵیت ئەم گۆڕانکاری و پەرەسەندنە سەربەخۆیەی جوت کرۆمۆسۆمەکان یارمەتی گیاندارەکە دەدات لەگەڵ گۆڕانکاری ژینگەکەی خۆی بگونجێنێت و بەردەوام بمێنێتەوە.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە لە جۆرناڵی پێشکەوتنەکانی زانست بڵاوکراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG