فەلەکناسانی ناسا دەڵێن بەم دواییە هەسارەیەکی گەڕۆکی بچووکیان دۆزیوەتەوە کە 1.3% ئەگەری هەیە لە ساڵی 2032دا بە زەویدا بکێشێت.
ئەم هەسارە گەڕۆکە بچووکە کە پانییەکەی 100 مەتر دەبێت، لە ئێستادا 43 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەویەوە دوورە.
بەپێی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا، فەلەکناسانی ناسا ناوی ئەم هەسارە گەڕۆکە بچووکەیان ناوە 2024 YR4و دەڵێن ڕەنگە لە 22ی مانگی دوازدەی ساڵی 2032 106 هەزار و 200 کیلۆمەتر لە زەویەوە نزیک ببێتەوە و بە خولگەی زەویدا تێپەڕێت، بەڵام مەترسی ئەوەش هەیە بە زەویدا بکێشێت.
بەگوێرەی قسەی زانایان، ئەو ناوچانەی کە ئەگەری هەیە هەسارە پێیدا بکێشێت و بە ناوچەی"رێڕەوی مەترسیدار" ناو دەبرێن، لە ئێستادا ئەمەریکای باشوور، زەریای ئەتڵەسی و ئەفریقای دەگرێتەوە.
زانایانی فەلەکناسی دەڵێن ئەگەر ئەم هەسارە بچووکە بە زەویدا بکێشێت، ئەوا دەتوانێت تەقینەوەیەکی هاوشێوەی ڕووداوی تونگوسکای سیبیریا لە ساڵی1908 دووبارە بکاتەوە و زیانێکی گەورە بەو ناوچەیە بگەیەنێت کە بەری دەکەوێت.
لە کۆتایی مانگی شەشی ساڵی 1908، نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر، هەسارەیەکی بچووک لە ناوچەیەکی نزیک ڕووباری پۆدکامێنایا تونگوسکا لە ڕووسیا بەر زەوی کەوت کە وەک گەورەترین ڕووداوی بەرکەوتنی هەسارە بچوکەکان لە مێژوودا تۆمارکرا.
بە هۆی پیاکێشانی ئەو هەسارە بچووکە بەزەویدا 80 ملیۆن دار لە ناوچەیەکی سیبیریا کە ڕووبەری دوو هەزار و 150 کیلۆمەتر بوو، بە تەواوی لەناوچوون.
بەپێی پێگەی هەواڵی Space.com، هەسارە بچووکەکەی "YR4 2024" کە لەسەر ڕێڕەوی زەوییە، لەسەر پێوەرەکانی تۆرینۆ لە پلەی سێیەمدایە، کە شێوازێکە بۆ پۆلێنکردنی مەترسی پێکدادانی تەنەکان لە نزیک زەوی. ئەمەش بە واتای ئەگەری زۆری بەریەککەوتنە و پێویستی بە چاودێریکردنی وردترە هەیە.
لە ئێستادا زانایان هەوڵ دەدەن زانیاری زیاتر لەم بوارەدا کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن پێشبینی وردتر بکەن.
چاودێری نوێ تا مانگی دووی ساڵی 2025 و ئەگەری هەیە تا ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەو ئەستێرە بچووکە مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر زەوی دروست دەکات یان نا.
ئەم تەنە ئاسمانییە نزیکەی نیوەی پانی یاریگایەکی تۆپی پێیە، هەرچەندە حیساباتی ناسا دەریدەخات کە ئەم ئەستێرە بچووکە بە دووری نزیکەی 106 هەزار و 200 کیلۆمەتر بە زەویدا تێدەپەڕێت، بەڵام دەشڵێن ئەگەری هەیە ئەم تەنە بەر زەوی بکەوێت.
هەرچەندە هەسارەیەکی بچووک بە قەبارەی هەسارەی 2024 YR4 نابێتە هۆی ڕووداوێکی گەورەی لەناوچوونی بەکۆمەڵی زەوی وەک ئەوەی 66م ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا؛ ئەو هەسارە بچووکەی کە بووە هۆی لەناوچوونی دایناسۆرەکان 10 بۆ 15کم پانییەکەی بوو. بەڵام هەسارەیەکی لەم شێوەیەش کە پانییەکەی 100مەتر دەبێت و بە تێکڕا چەند هەزار ساڵ جارێک دروست دەبێت، هێشتا توانای ئەوەیان دەبێت کە زیانێکی کارەساتبار لەسەر ئاستی شارێک دروستبکەن.